ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی سوپای عێراق ئاشکرا دەکرێت

شەیری بکە لە:
ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی سوپای عێراق ئاشکرا دەکرێت

دیمەنی یەکێک لە سیستمە ڕادارەکانی عێراق دوای لێدانی بە درۆن. وێنە؛ میدیا عێراقییەکان

ئاڤا نیوز

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی ئەو هێرشانە ئاشکرا کرد کە کرابوونە سەر بنکە سەربازییەکانی وڵات، بەپێی لێکۆڵینەوەکان، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە دەرەوەی عێراق دروستکراون، بەڵام لە ناوخۆی وڵاتەوە هەڵدراون، هاوکات ناسنامەی ئەو لایەنە تێوەگلاوە ئاشکرا کراوە.

چیرۆکی سەرەکی: لە ماوەی ڕابردوودا، چەندینجار بە درۆن هێرش کرایە سەر سیستمی ڕاداری بنکە ئاسمانییەکانی سوپای عێراق لە بەغدا و چەند شارێکی دیکە، لەسەر فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە لەمبارەیەوە پێکهێنرا، دوای هەوڵێکی چڕی هەواڵگری و تەکنیکی، گەیشتووەتە چەندین ئەنجامی یەکلاکەرەوە.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: لیوا سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: فڕۆکە بەکارهاتووەکان لە دەرەوەی عێراق دروستکراون، بەڵام شوێنی هەڵدانیان "بەوردی" لەناو خاکی عێراقدا دەستنیشان کراوە.

قووڵتر: بە وتەی ناوبراو لیژنەکە دووپاتیکردووەتەوە بەکارهێنانی هەمان جۆر فڕۆکە لە سەرجەم هێرشەکاندا، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی "یەک لایەن" لەپشت هەموو هێرشەکانەوەیە و ناسنامەی ئەو لایەنە و تێوەگلاوانی دیکە بۆ دەزگا ئەمنییەکان ئاشکرا بووە.

زانیاریی زیاتر: فەرماندەیی گشتی هۆشدارییەکی تووندی داوە و ڕایگەیاندووە کە "هیچ سازشێک لەگەڵ هەر هەڕەشەیەک ناکرێت" و سەرجەم تێوەگلاوان ڕەوانەی دادگا دەکرێن تا سزای یاسایی خۆیان وەربگرن، هەروەها ئەم هێرشانەی بە "پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی نیشتمانی" وەسف کردووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: