دادگەی فیدراڵی سکاڵایەکی دژی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی ڕەتکردەوە

شەیری بکە لە:
دادگەی فیدراڵی سکاڵایەکی دژی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی ڕەتکردەوە

پارێزگای هەڵەبجە، وێنە: محەممەد شوانی - ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز


دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەو سکاڵایەی ڕەتکردەوە کە لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکەوە دژی دانیشتن و بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بەپارێزگابوونی ‌هەڵەبجە تۆمار کرابوو.


چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی 2025/4/14، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دا. دواتر لە 29ی هەمان مانگ، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق، واژۆی لەسەر یاساکە کرد و لە پێنجی ئایاریشدا یاساکە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و بە فەرمی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام پێنج پەرلەمانتار بەو پاساوەی کە دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر یاساکە نیسابی یاسایی تەواو نەکردووە، سکاڵایان لە دادگەی فیدراڵی تۆمار کرد و داوایان کرد دانیشتنەکە و دەنگدانەکە هەڵبوەشێنرێتەوە.


ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی دادگەکە، ڕۆژی 18ی ئەم مانگە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵای چەند پەرلەمانتارەکەی دژی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تاوتوێ کردووە و بڕیاری داوە سکاڵاکە ڕەت بکاتەوە.


لەلایەکی دیکەوە: دیوانی پارێزگای هەڵەبجە لە ڕاگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی لە هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان کرد و وتی: "خۆشبەختانە کۆتا بەربەستی بەردەم یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تێپەڕی و دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری لە بەرژەوەندیی پارێزگای هەڵەبجە دا و سکاڵا دژەکان ڕەتکرانەوە. سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ سەرجەم ئەو لایەنانەی کە هاوکار و پاڵپشت بوون لە پڕۆسەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا."


ئەوەی پێویستە بیزانیت: هەڵەبجە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی. مێژووی دروستبوونی شارەکە بۆ ساڵانی 1700 دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ساڵی 1889 بووەتە قەزا و لەڕووی کارگێڕییەوە یەکێکە لە کۆنترین قەزاکانی عێراق. ڕۆژی 1988/3/16 ڕژێمی بەعس شارەکەی کیمیاباران کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی شەهید بوون. ئێستا پارێزگای هەڵەبجە لە قەزای ناوەندیی هەڵەبجە، خورماڵ و ناحیەکانی سیروان، بەمۆ و بیارە پێکدێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ