نەتانیاهۆ: برسییەتی لە غەززە بوونی نییە

شەیری بکە لە:
نەتانیاهۆ: برسییەتی لە غەززە بوونی نییە

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ئاڤا نیوز

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایدەگەیێنێت کەوا برسییەتی لە غەززە بوونی نییە و "ئێمە سیاسەتی برسیکردنی فەڵەستینییەکانمان جێبەجێ نەکردووە"، ئەمە لە کاتێکدایە کە دەیان کەس لە غەززە بەهۆی برسییەتییەوە گیانی لەدەستداوە.

وێنە گەورەکە: نزیکەی سێ ساڵە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە و بەم دواییە سوپای ئیسرائیل ڕێگەی چوونە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆناو کەرتی غەززە قەدەغە کرد، بەوەش نزیکەی دوو ملیۆن کەس دووچاری کەمخۆراکیی و کەمی دەرمان بوونەوە، تا گەیشتە ئەو ئاستەی دەیان هاووڵاتی فەڵەستینی بەهۆی برسییەتی و بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستدا، هاوکات لە سەرەتای شەڕی نێوان هەردوولادا تاوەکو ئێستا نزیکەی 70 هەزار کەس لە غەززە کوژراون.

لێدوانی فەرمی: لە نوێترین پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا ڕایدەگەیێنێت، برسییەتی لە غەززە بوونی نییە و "ئێمە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی غەززەمان جێبەجێ نەکردووە، هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکانمان دژ بە حەماس بەردەوام دەبین، چونکە هیچی دیکە شوێنیان لە غەززە نابێتەوە".

لەلایەکی دیکەوە: هەر ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، "ئێمە ئاگربەستمان لە غەززە دەوێت، بەڵام حەماس نایەوێت بارمتەکان ئازاد بکات، بۆیە داوام لە نەتانیاهۆ کردووە ڕێگەی جیاواز بگرێتە بەر بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان"، هاوکات حەماسیش ڕایگەیاند، دانوستانی ئاگربەست لەژێر بۆردوومان بێ مانایە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: