پڕۆژەیاسای حەشد بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرز دەکرێتەوە تاوەکوو دەنگی لەسەر بدرێت

شەیری بکە لە:
پڕۆژەیاسای حەشد بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرز دەکرێتەوە تاوەکوو دەنگی لەسەر بدرێت

باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق

ئاڤا نیوز


لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرز بکاتەوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەری لە دانیشتنەکانی داهاتوودا.

 

وێنە گەورەکە: سەرەڕای نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە دەرچوواندنی پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی، لایەنە شیعییەکان پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی ئەو یاسایە.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەی ئاسایش و بەرگری، بە سەرۆکایەتیی کەریم علێوی محەمەداوی، سەرۆکی لیژنەکە و بە ئامادەبوونی ئەندامان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجام دا و تیایدا میوانداریی فەریق یەکەمی ڕوکن تەحسین عەبد مەتەر، ئەمینداری گشتیی دەستەی حەشدی شەعبی و بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە دەستەکەدا کرد، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی.

 

لە هەمان کاتدا: لە کۆبوونەوەکە تاوتوێی بڕگە سەرەکییەکانی پڕۆژەیاساکە کرا، کە پێشتر لە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کرابوو.

 

چی ڕووی دا: لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، لیژنەکە بڕیاری دا بە "بەرزکردنەوەی پڕۆژەیاساکە بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگرەکانی، بە مەبەستی خستنە ناو کارنامەی دانیشتنەکانی داهاتوو بۆ دەنگدان لەسەری".

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەمریکا بە فەرمی ڕایگەیاندووە، دژی هەر هەوڵێکن بۆ دروستکردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ گرووپە تیرۆرستییەکان لە عێراق و ئەم هەنگاوەش بە زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق ناوزەند دەکەن.

 

لێدوانی فەرمی: پێشتر وتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاندبوو، "ئەمریکا بە تووندی دژایەتیی هەر یاسایەک دەکات کە یەک ناگرێتەوە لەگەڵ ئامانجەکانی هاوکارییە ئەمنییە دووقۆڵییەکان و هاوبەشێتیمان لەگەڵ عێراق و پێچەوانەی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق و سەروەریی ڕاستەقینەی عێراقە".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ