ئەمریکا و عێراق تاوتوێی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی عێراق-ئێران دەکەن

شەیری بکە لە:
ئەمریکا و عێراق تاوتوێی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی عێراق-ئێران دەکەن

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق - ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا

ئاڤا نیوز

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، وردەکارییەکانی ئەو "یاداشتی لێکتێگەیشتنە ئەمنییە"یان تاوتوێ کرد کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران واژۆ کراوە.

چیرۆکی سەرەکی: شەممە 16-8-2025، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پێشوازیی لە ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کرد.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەعرەجی ئامانجی یاداشتنامەکەی بۆ دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکە ڕوونکردەوە کە بریتییە لە "کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی و دزەکردن."

- ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جەختی کردەوە: "عێراق لە سیاسەتەکانیدا لە بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکانییەوە کار دەکات و وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری مامەڵە دەکات."

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم ڕوونکردنەوەیەی ئەعرەجی لە کاتێکدایە کە پێشتر نووسینگەکەی جەختی کردبووەوە، ئەوەی واژۆ کراوە "یاداشتێکی لێکتێگەیشتن"ـە نەک "ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنی"ی فەرمی.

لە بەرامبەردا: ستیڤن فەیگن پشتیوانیی ئەمریکای بۆ سیاسەتە هاوسەنگەکانی حکومەتی عێراق لە پەیوەندییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیدا دووپاتکردەوە و ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی کرد لە دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکاندا. هاوکات ئاشکرای کرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت بۆ هاندانی وڵاتان تاکو هاووڵاتییانی خۆیان لە کەمپی هۆلی سووریا بکشێننەوە و ئەم دۆسیەیە بە تەواوی کۆتایی پێبهێنرێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ