لە پەرلەمان واژۆ بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی کۆدەکرێتەوە

شەیری بکە لە:
لە پەرلەمان واژۆ بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی کۆدەکرێتەوە

دیمەنی چەکدارێکی حەشدی شەعبی. وێنە؛ AP

ئاڤا نیوز

پەرلەمانتارانی شیعە دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی واژۆ لەپێناو دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی و دەستەکە داوا لە پەرلەمانتاران دەکات بە جلی حەشدەوە بچنە پەرلەمان و دەنگبدەن.

چیرۆکی سەرەکی: سەرەڕای گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دژی تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی، لایەنە شیعەکان لە پەرلەمانی عێراق داوا دەکەن بە زووترین کات پەرلەمان دابنیشێت و پرۆژەیاساکە کە دووجار خوێندنەوەی بۆ کراوە، پەسەند بکرێت.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: عەلا حەیدەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: دەستمانکردووە بە کۆکردنەوەی واژۆ لە پێناو ئەنجامدانی دانیشتنێکی پەرلەمان بۆ دەنگدان لە پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی و داوا لە پەرلەمانتارەکانی دیکە دەکەین بەشدار بن لە واژۆکردنی لەسەر داواکارییەکە.

لەلایەکی دیکەوە: ئیبتیسام هیلالی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کردووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 واژۆ لە پەرلەمان کۆکراوەتەوە و داواکارییەکەش ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێت بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ دیاریکردنی وادەی دانیشتنی پەرلەمان و دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی.

لێدوانی فەرمی: سەگڤان سندی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: پرۆژەیاساکە نزیکەی 20 ڕۆژە لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی ناوخۆ و گوشارە دەرەکییەکان نەخراوەتە کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمان.

زانیاریی زیاتر: بە گوتەی سندی، گرووپە چەکدارەکانی وەکو؛ حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق، نوجەبا و کەتیبەکانی ئیمامی عەلی و بەشێکی دیکەش گوشارێکی زۆر دەکەن بۆ ئەوەی پرۆژەیاساکە پەسەند بکرێت.

شەیری بکە لە: