ئەردۆغان و ماکرۆن تاوتوێی وەستاندنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا دەکەن

شەیری بکە لە:
ئەردۆغان و ماکرۆن تاوتوێی وەستاندنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا دەکەن

ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا - ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

ئاڤا نیوز

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، پەیوەندیی نێوان تورکیا و فەرەنسا، پرسە ناوچەییەکان و ئاشتەوایی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا و پەرەسەندنەکانی غەززەیان تاوتوێ کرد.

وێنە گەورەکە: سێ ساڵە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بەردەوامە و ئێستا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە چڕتر کراونەتەوە، لەم چوارچێوەیەدا هەردوو سەرۆککۆماری تورکیا و فەرەنسا تاوتوێی پرسی ئاشتەوایی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا، ناوچەکەیان کرد.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیيەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تورکیا و فەرەنسا و زۆرێک لە پرسە هەرێمی و جیهانییەکان تاوتوێ کران، بەتایبەتی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان ڕووسیا و ئۆکراینا و دوایین پەرەسەندنەکانی غەززە.

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، ئەردۆغان وتوویەتی، تورکیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی ئۆکراینا و ڕووسیا بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و لە نزیکەوە چاودێری دیدارەکانی ئالاسکا و واشنتۆنی کردووە.

ئەردۆغان ئەمانەشی وتووە:

- تورکیا بۆ ئاگربەست لە غەززە هەوڵ دەدات، پێویستە بێباکی ئیسرائیل لە بارەی خێراکردنی پلانەکەی بۆ داگیرکردنی غەززە کۆتایی پێبهێنرێت.

- تورکیا ئامادەی میوانداریکردنی هەموو هەوڵێکە لە گفتوگۆکانی ئاشتیی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا و کار دەکات بۆ فەراهەمکردنی ئاگربەست لە غەززە کە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی تێدا ڕوودەدات.

- تورکیا گرنگی بە پەرەپێدانی هاریکاری لەگەڵ فەرەنسا دەدات، بەردەوام دەبن لە هەنگاونان بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان لە زۆر بواردا، بە تایبەتی لە پیشەسازی بەرگرییدا.

لەهەمان کاتدا: لە پەیوەندیيە تەلەفۆنییەکەدا هەردوو سەرکردە ڕێککەوتن لەسەر تاوتوێکردنی وردەکاریی ئەو بابەتانەی کە لە پەراوێزی لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکدا باسیان لێوەکرا.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ