شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچە و داهات سەردانی بەغدا دەکەنەوە

  • بزنس
  • 3 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچە و داهات سەردانی بەغدا دەکەنەوە

لۆگۆی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان

ئاڤا نیوز

وا بڕیارە ئەم هەفتەیە جارێکی شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتیی هەرێمی كوردستان تاوتوێ بكەن بۆ ئەوەی هەردوولا لەسەر ئەو دوو پرسە گرنگە لەسەر میكانیزمێك ڕێكبكەون، لەلایەكی دیكەوەش دەربارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش نامەیەک ئاراستە سیستانی دەکرێت.

چیرۆکی سەرەکی: هەفتەی ڕابردوو شاندی باڵای هەرێمی کوردستان دوای سێ ڕۆژ مانەوە و گفتوگۆی چڕ و پڕ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، سەبارەت بە داهاتی نانەوتی، هەناردەی نەوت و بەدیجیتاڵیکردنی مووچەی مووچەخۆران گەڕانەوە، هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.


زانیاریی تایبەت: سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئاڤای گوت، "ئەگەر زۆرە لەم هەفتەیە شاندەکە بچنەوە بەغدا، ئەو خاڵانەی ماون گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی لەسەر بنەمایەکی هاوبەش ڕێککەون، لە نێویشیاندا میکانیزمی گونجاو سەبارەت بە ناردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان و پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت".

لەلایەکی دیکەوە: هەفتەی ڕابردوو تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند كە بۆ خەرجكردنی مووچە پێویستی بە نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، پێنجشەممەی ڕابردوو سەرچاوەیەكی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاند كە نووسراوەكە بۆ تەیف سامی نێردراوە، بەمەش دەبێت لەم هەفتەیە وەزیری دارایی عێراق، بڕیار لە مووچەی مانگی شەش بدات.

کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق؛ بە ئاڤای گوت، "سەبارەت بە پرسی مووچە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نامەیەکم ئاراستەی نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق کردووە، داوامکردووە بێنەسەر هێڵ و پەیامی یەکلاکەرەوە بدەن بە سیاسیەکان، ئەم کێشەیە لەبنەڕەتەوە چارەسەر بکەن و مووچە و قووتی خەڵکی کوردستان نەکەنە کەرەستەی ململانێی سیاسی."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ