ڕووداوەكەی لالەزار بازاڕی خانووبەرەی لە سلێمانی خاوكردووەتەوە

شەیری بکە لە:
ڕووداوەكەی لالەزار بازاڕی خانووبەرەی لە سلێمانی خاوكردووەتەوە

دیمەنی دوای ڕووداوەکەی لالەزار

ئاڤا نیوز


ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی بەهۆی هێرشی چەكداریی شەوی 22ـی ئاب بۆ سەر هۆتێل لالەزار، بازاڕی خانووبەرە و كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی خاوكردووەتەوە، شارەزایانی ئەو بوارەش بۆچوونیان وایە، بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەكە ماوەیەكی كەمی پێویستە.

وێنە گەورەكە: بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافی هۆتێل لالەزار لە ناوچەی سەرچنار، كە شوێنێكی قەرەباڵغی نیشتەجێبوونی شاری سلێمانییە و لەهەمان كاتدا شوێنێكی گەشتیارییە و، لە هێرشەكەی شەوی 22ـی ئاب كە چەندین چەكی قوورسی تێدا بەكارهێنرا، زەرەر و زیانێكی زۆر بە خانوو و باڵەخانە و ئۆتۆمبێلەكانی دەوروبەری ئەو شوێنە كەوت، كە دواتر بڕیاردرا لیژنەیەك بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان بكاتەوە.

لێدوانی فەرمی: ئاری عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی نێوەندگیری و ڕاوێژكاری خانووبەرەی سلێمانی كە هاوكات خاوەنی نووسینگەی عەقاراتیشە، تایبەت بە ئاڤا ڕایگەیاند، ڕووداوەكەی لالەزار كاریگەری لەسەر بازاڕی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی دروستكردووە و بازاڕ خاوبووەتەوە، بەڵام ئەگەر دۆخی ئەمنی سلێمانی بەرەو سەقامگیری بگەڕێتەوە، پێشبینی دەكەم لەكاتێكی كەمی داهاتوو، دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە.

ئاری عەلی، ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێوەیەكی گشتی دوای دروستبوونی گرژییەكانی 8ـی تەمموز و تا دەگاتە شەوی هێرشكردنەكە، بەرزایی لالەزار لە ناوچەی سەرچنار، وەك ناوچەیەكی ناسەقامگیر سەیر دەكرا و كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی لەو شوێنە، نائاسایی بوو، بەڵام شەوی هێرشكردنەكە بە تەواوی دۆخەكەی دژوارتر كرد.

ڕوونیشی كردەوە، ئەو پێشهاتە كاریگەری لەسەر وەبەرهێنان لە كەرتی نیشتەجێبوونیش دەكات بەو پێیەی وەبەرهێنەرانی خاوەن سەرمایەی گەورە ناتوانن لە دۆخی ناسەقامگیر، سەرمایەكانیان لە پرۆژەكان بخەنە گەڕ. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ