ڤیزت کوردستان؛ جیهان لە کوردستانە

ڤیزت کوردستان؛ جیهان لە کوردستانە

لەکاتێکدا ئەوان وایان داناوە کۆتایی بە کوردستانە جوانەکەمان بهێنن، بەڵام کوردستان و سەرۆکوەزیرانە بەهێزەکەى هەر ڕۆژە و بە پرۆژەیەک مەرحەباییان دەکات، بە سوپرایز دواى سوپرایز شۆکیان دەکات. 

لە چوارچێوەى پرۆژە یەک لەدواى یەکەکانى کابینەى نۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ یەک ڕۆژ دواى جەژنى قوربانى پیرۆز شایەتی کردنەوەى جوانترین پرۆژە نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە هەموو عێراق بووین.

کە مەگەر تەنیا لە وڵاتان و شارەکانى کەنداوى دەستەخوشکى کوردستان و هەولێر، ئەگەر نا لە هیچ کام لە وڵاتانى دەوروبەر بە عێراق خۆشییەوە پرۆژەى لەم جۆرە کاریگەر لە بوارى گەشتوگوزار و کلتوور و وەبەرهێن لەڕووى دارایی و ئابورییەوە بوونى نییە.

کوردستان لە ڕێگەى پرۆژەى ڤیزت کوردستانەوە هەموو جیهان بانگهێشتى وڵاتى کوردستان دەکات و دەڵێت، فەرموون بۆ کوردستان بە هەموو ڕەنگ و دەنگ و کولتوورە جیاوازەکانەوە.

وڵاتى کوردستان بەم پرۆژانە دەیسەلمێنێت وڵاتى کرانەوە و ڕێزگرتن لە مافەکانى مرۆڤ و بیر و ئایدیا و ستایلى ژیانى هەر تاکێکە.

وڵاتى فرەکولتووریى و میواندۆستییە و کۆمەڵگەى ڕێزگرتنە لە هەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان.

ئەم هەنگاوە بوێر و ئازایانەى کابینەى نۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەپاڵ کۆمەڵێک پرۆژەى گرنگى دیکەدا وەک پرۆژەى ڕووناکى و بە بانکیکردن و بەگرێبەستکردنى هەزاران دەرچووى زانکۆ و ڕێگەوبان و بەنداو و چەندینى دیکە و دەیان پرۆژەى ستراتیژى دیکەش کە لە ڕێگەدان، لەکاتێکدا کە بەغدا بودجە و مووچەشى بڕیوە، وەڵامێکى جەرگبڕە بۆ هەموو ئەو شۆڤێنیستانەى بە خەیاڵى خۆیان لە ڕێگەى فشارى مووچە و بودجە و دەستگرتن بەسەر قوتى خەڵکى کوردستان و سەپاندنى مەرج بەدواى مەرجدا دەیانەوێ کۆتایی بە قەوارەکەمان بهێنن.

هەموو ئەمانە وەڵامى کردارەکین کە ئەو هەوڵانە خەونى خەیاڵپڵاوى حەشیشەخۆر و تلیاکخۆرەکانە و هیچى لێ سەوز نابێت.

 سەرۆکوەزیرانى کوردستان لە وتارى کردنەوەى پرۆژەى "ڤیزت کوردستان"ـدا پەیامى کۆتایی بۆ سیاسییەکانى بەغدا نارد و ڕایگەیاند: هیوادارم بەرپرسانى بەغدا واز لەم سیاسەتى برسیکردنەى خەڵکى کوردستان بهێنن، چونکە هیچ سوود و ئامانجێکى نابێت. نوقتە سەرى دێڕ.

مەسرور بارزانى ئامانجى سەرەکى پرۆژەى "ڤیزت کوردستان"ـیشى ڕاگەیاند و وتى: ئامانجى حکومەتى هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بە هاوکارى کەرتى تایبەت بتوانین لە ماوەى 10 ساڵى داهاتوودا 20 ملیۆن گەشتیارى بیانى بۆ کوردستان ڕابکێشین.

ئەم پەیامانە لەم کاتەدا کە بەغدا بە دواخستنى مووچە و بڕینى بودجە و ڕێگەگرتن لە هەناردەى نەوت بە خەیاڵى خۆى دەیەوێ کوردستان بخاتە سەر ئەژنۆ، عەقڵێکى ئەوێ لە بەغدا-ئەگەر هەبێت و لێی تیبگات.


کە تازە کوردستان ئەو قۆناغەى تێپەڕاندووە تەسلیمى برسیکردن و بڕینى قوت ببێت، کوردستان سەرقاڵى کار و پرۆژەى گەورەیە و ئەوانیش سەرقاڵى بڕینى نان و شیرى مناڵانى کوردستانن. دەبێ بەغدا لەم ڕاستییە تێبگەیێنرێت.

ئەوان شەڕێکى تەواو نائەخلاقى بە کوردستان دەفرۆشن و کوردستانیش سەرقاڵى بەهێزکردنى ژێرخانى خۆیەتى، لەکاتێکدا ئەوان لە بەغدا بەو هەموو بودجە زەبەلاحەوە نەیانتوانیوە نیوەى ئەوەى کوردستان بکەن بە شایەتی خۆیان، بۆیە چاویان بەرایی نایەت ببینن کوردستان بە بەردەوامى لە پێشکەوتندا بێت.

ڤیزت کوردستان بەو مانایە دێت لەکاتێکدا ئەوان بە خەیاڵى خۆیان دەیانەوێ کۆتایی بە حکومەتى کوردستان بهێنن، بەڵام کوردستان بەوپەڕى هێزەوە سەرقاڵى ئەوەیە هەموو جیهان بانگهێشتى لاى خۆى بکات.. Welcome to Kurdistan.. مرحبا بکم في کوردستان.. به کوردستان خوش آمدید.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: