بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بۆ ئاڤا: لەگەڵ ئێران نزیکین لە ڕێککەوتن

شەیری بکە لە:
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بۆ ئاڤا: لەگەڵ ئێران نزیکین لە ڕێککەوتن

هەردوو ئاڵای ئەمریکا و ئێران. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز 

گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی واشنتن و تاران پێی نایە هەفتەی سێیەم، هیوای بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانی گەڕاندەوە، و وەک هەوڵێک بۆ دوورخستنەوەی ململانێ نوێیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت.

چیرۆکی سەرەکی: ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی تاران جارێکی دیکە لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆبوونەوە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرپرسانی باڵا و پسپۆڕانی تەکنیکی هەردوولا مەرجەکانیان ئاڵوگۆڕکرد.

لێدوانی فەرمی: بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند:

٠ گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لە مەسقەت  ئەرێنی و بەرهەمداربوون.

٠ گفتوگۆکانمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاندووە.

٠ هێشتا زۆر شت ماوە بۆ ئەوەی ئەنجامی بدەین، بەڵام پێشکەوتنی زیاتر لە گەیشتن بە ڕێککەوتن بەدیهاتووە.

٠ ڕێککەوتین بەم زووانە لە ئەوروپا کۆببینەوە و سوپاسی هاوبەشە عومانییەکانمان دەکەین کە ئاسانکارییان بۆ ئەم دانوستانانە کردووە.

بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئێران ڕایگەیاند، دانوستانەکان زۆر جددین و بەرهەمداربوون و تیشکیان خستۆتە سەر وردەکارییەکانی ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئەمریکا.

لەلایەکی دیکەوە: بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانی خانەخوێی دانوستانەکان دەڵێت، لە کۆبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران بابەتە سەرەکییەکان و نیگەرانییەکانی هەردوولا خراونەتە سەر مێزی گفتوگۆ.

زانیاریی زیاتر: لەم گەڕەی دانوستانەکاندا، تیمە پسپۆڕییەکانی ئەتۆمی و دارایی هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر وردەکارییە تەکنییەکان کرد کە پێکهاتبوو لە چاودێریکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن تاران و داهاتووی ئەو کۆگایانەی زۆرترین بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوییان تێدایە، لەگەڵ کەمکردنەوەی سزاکانی سەر تاران.

ئەمەش بزانە: تاران لە دانوستانەکانی پێشوودا ئامادەیی نیشان داوە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کەمبکاتەوە لە بەرامبەردا واشنتن سزاکانی سەر ئەو وڵاتە لاببات، بەڵام هێشتا لەسەر چوارچێوەیەک نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.

 

شەیری بکە لە: