عێراق ڕێگریی لە هەناردەكردنی بەرهەمی كارگەكانی ئالیكی هەرێمی كوردستان دەكات

شەیری بکە لە:
عێراق ڕێگریی لە هەناردەكردنی بەرهەمی كارگەكانی ئالیكی هەرێمی كوردستان دەكات

دیمەنی جووتیارێک لەکاتی شەنەکردنی کا.

ئاڤا نیوز

بەرهەمی كارگەكانی ئالیك لە هەرێمی كوردستان لە پێویستیی ناوخۆ زیاترە بۆیە هەناردەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەكرێت، بەڵام بەپێی گوتەی بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان، عێراق ڕێگریی لەوە دەكات.

چیرۆکی سەرەکی: لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك كارگەی ئالیك هەن كە توانای بەرهەمهێنانیان سەرووی دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆنە بە هەموو جۆرەكانی ئاژەڵ و بە پەلەوەر و ماسییەوە، هەرێمی كوردستان پێویستی بە نزیكەی ملیۆنێك تۆن ئالیكە، ئەوەی تر لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق بە بازاڕ دەكرێت، بەڵام حكومەتی عێراق ڕێگری لەوە دەكات بۆیە زۆر جار بە ناچاری كارگەكان بەرهەمهێنان كەم دەكەنەوە.

لێدوانی فەرمی: د. فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی و پەلەوەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند:

٠ لەم چەند ساڵەی دوایی وشكەساڵی كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر كەرتی ئاژەڵداری هەبووە، بەڵام كاریگەرییەكەی زیاتر لەسەر جۆری یەكەمی ئاژەڵدارییە كە مەبەست لەو ئاژەڵدارییەیە كە لە دێهاتەكان دەكرێت و پشتی بە لەوەڕی سرووشتی بەستووە.

٠ حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ گومرگێك لە هاوردەكردنی ئەو كەرەستانەی كە بۆ بەرهەمهێنانی ئالیك پێویستن وەرناگرێت، هاوكات كرێی كارەبای كارگەكانیش كەم كراوەتەوە بۆ ئەوەی بە گشتی تێچووی بەرهەمهێنان كەم بكرێتەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەمساڵ نرخی ئالیكی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی كوردستان دابەزیوە، ساڵی ڕابردوو تۆنێك ئالیك بە 625 هەزار دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ تەنیا بە 500 هەزار دینارە، لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی كەمبارانییەوە نرخی كا و جۆ لە هەرێمی كوردستان بەرز بووەتەوە و بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵ جەخت دەكەنەوە كە لە چەند هەفتەی داهاتوو نرخەكە دادەبەزێت.

ئەمەش بزانە: لە هەرێمی كوردستان دوو جۆر بەخێوكردنی ئاژەڵ هەیە، یەكێكیان ئەوەیە كە لە دێهاتەكان هەیە، جۆرەكەی دیكەش ئەو ئاژەڵانەن كە لە هۆڵەكانی بە سیستەمێكی پێشكەوتوو بەخێو دەكرێن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: