هاوشێوەی ماڵان؛ پارەی کارەبا لە فەرمانگە حکومییەکانیش وەردەگرێت

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو کەمکردنەوەی تێچووی کارەبا لە وەزارەت  و فەرمانگە حکومییەکان دوو پلان جێبەجێ دەکات و مانگانەش هاوشێوەی ماڵان بڕی پارەی بەکارهێنراویان لێوەردەگرێت.

وێنە گەورەکە: وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت بەشێوەیەکی گشتی کارەبایەکی زۆر و بێ ئەندازە و بەبێ سانسۆر بەکاردەهێنن بێ ئەوەی پێویستیش بێت، بەشێکیان زۆر جار شەوانیش کارەبا ناکوژێننەوە، تەنانەت سپلیت و ئامێرەکانی دیکەش بە بەردەوامی و دوای دەوامیش ئیش دەکات، ئەمەش ئەرکی حکومەتی زۆر قورس کردووە.

چارەسەر چیە؟

حکومەت دوو پلانی هەیە

یەکەم: هەموو فەرمانگەکان وەکو هەنگاوی یەکەم لەمەودوا لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی پێوەری زیرەکیان بۆ دادەنرێ و کیلۆوات بە کیلۆوات لەسەریان هەژمار دەکرێ و دەبێ مانگانەش وەکو ماڵان پارەی کارەبا بدەن.

هەر کیلۆواتێکیش بۆ فەرمانگەکانی حکومەت بە 160 دینارە، نرخەکە جێگیرە و ناگۆڕێت، واتە وەکو ماڵان نییە کە 400 کیلۆواتی یەکەم نرخێک بێت و 400ی دووەم گرانتر بێ، بۆنموونە ئەگەر فەرمانگەیەکی حکومەت مانگانە چوار هەزار کیلۆوات کارەبا بەکاربهێنێت، ئەوا دەبێت مانگانە 640 هەزار دینار بدات.

شێوازی پارەدانەکە چۆن دەبێت؟

ئاڤا لەوبارەیەوە پرسیاری لە تیمی پڕۆژەی ڕووناکی کرد،  گوتیان هەموو فەرمانگەکان بودجەی مانگانەیان هەیە و دەبێت لەو بودجەیە پارەکە بدەن، یان حکومەت مانگانە خۆی پێشەکی پارەی کارەبا لە بودجەکە دەبڕێت، بۆنموونە فەرمانگەیەک مانگێک بە بڕی 640 هەزار دینار کارەبای بەکارهێناوە، مانگی دواتر پێشوەختە لە بودجەکەی دەبڕدرێت.

بۆچی گرنگە: بۆ ئەوەی هاوشێوەی ماڵان فەرمانگەکانی حکومەتیش دەست بە کارەباوە بگرن، چونکە پارەیەکی زۆریان لە بودجە ببڕدرێت ئەرکیان قورستر دەبێت لە ڕاپەڕاندنی ئیش و کاری ڕۆژانە، بۆیە ناچارن دوای دەوام ئامێرەکانی فێنککەرەوە و شتی زیادە بکوژێننەوە.

دووەم: لە هەنگاوی دووەمدا حکومەت بۆ دوورمەودا پلانێکی دیکەی هەیە، دەیەوێ کارەبایان بکاتە وزەی خۆر، ئەویش قۆناغ بە قۆناغ دەکرێت و سەرجەم فەرمانگەکان دەگرێتەوە، تێچووەکەشی هەر لەسەر بودجەی فەرمانگەکان خۆیان دەبێت.

خاڵە ئەرێنییەکان: ئەمە ئەرکی حکومەت زۆر ئاسان دەکات، فەرمانگەکانیش یان پارەی کارەبا نادەن یان بڕێکی زۆر کەم دەدەن، چونکە جگە لە پۆلیس و بەندیخانەکان و نەخۆشخانە و هەندێ شوێنی تر کە بە شەویش ئیشیان بە کارەبایە،  زۆربەیان تەنها بە ڕۆژ کارەبا بەکاردەهێنن. 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: