نەبوونی غاز وەزیری کارەبای عێراقی گەیاندە تورکمانستان

شەیری بکە لە:
نەبوونی غاز وەزیری کارەبای عێراقی گەیاندە تورکمانستان

ساتی واژۆکردنی یەکێک لە گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێکی کوردستان لە ئەمریکا. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

کەمبوونەوەی هەناردەی غاز لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق لە لە 45 ملیۆنەوە بۆ 18 ملیۆن پێ سێجا و هاوکات بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، وەزیری کارەبای عێراقی ناچارکرد ڕوو لە تورکمانستان بکات بە مەبەستی خێراکردنی جێبەجێکردنی گرێبەستی دابینکردنی غاز لەو وڵاتەوە بۆ عێراق.

چیرۆکی سەرەکی: لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 عێراق ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تورکمانستان واژۆ کرد بۆ هاوردەکردنی غاز بە بڕی تا 20 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا لە ڕێگەی تۆڕی بۆرییەکانی ئێرانەوە، بەڵام بەهۆی کێشە تەکنیکییەکانەوە تائێستا ڕێککەوتنەکە نەچووتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرای دەکات، 17 هەزار مێگاوات کورتهێنانیان لە بەرهەمهێنانی کارەبا هەیە، هاوکات هاوینێکی سەخت چاوەڕێی هاووڵاتییان دەکات کە لە ڕۆژێکدا تەنیا 12 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانییان پێدەدرێت.

چارەسەرەکان: ئەمڕۆ یەکشەممە زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق بە مەبەستی خێراکردنی جێبەجێکردنی گرێبەستی دابینکردنی غاز لە تورکمانستانەوە بۆ عێراق، گەیشتە ئەو وڵاتە.

پێدراوە ڕاستییەكان: لە بەرامبەردا لە هەرێمی کوردستان هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین بکرێت.

لێدوانی فەرمی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەچوارچێوەی کۆنفراسی وزە لە واشنتن لە پانێڵێکی تایبەتدا ڕایگەیاند: لەڕێگەی پرۆژەی ڕووناکییەوە کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین دەکەین، تا کۆتایی ساڵی داهاتوو هەموو کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.

ژمارەکان وادەڵێن: بەپێی ئامارەکان، عێراق ڕۆژانە پشت بە هاوردەکردنی نزیکەی 45 ملیۆن مەتری سێجا غاز لە ئێرانەوە دەبەستێت، بەڵام ئەم بڕە بەردەوام لەژێر کاریگەری چاککردنەوە و کێشە تەکنیکییەکاندا دەبێت، کە جار جار بۆ تەنها هەشت ملیۆن مەتری سێجا دادەبەزێت.

ئەوەی پێشبینی دەکرێت: وەزارەتی کارەبا پێشبینی دەکات، ڕۆژانە پێویستی بە 120 ملیۆن مەتری سێجا غاز هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت سیستمی کارەبای تەواو بەگەڕ بخات و خۆبژێوی بەدیبهێنێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەرهەمهێنانی ناوخۆی غاز لە عێراق ڕۆژانە تەنها 50 ملیۆن مەتری سێجایە، کە لەگەڵ هاوردەکراوەکانی ئێراندا دەکاتە نزیکەی 100 ملیۆن مەتری سێجا. ئەمەش مانای ئەوەیە کە عێراق ڕووبەڕووی کورتهێنانی نزیکەی 20 بۆ 25 ملیۆن مەتری سێجا لە غاز بووەتەوە. ئەوەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەشت هەزار مێگاوات لە سیستەمی کارەبای وڵات.

گۆشەیەكی دیكەی دیمەنەكه: سەرەڕای خراپیی دۆخی کارەبا لە عێراق و نەبوونی سووتەمەنیی پێویست بۆ بەگەڕخستنی وێستەگەکانی کارەبا و دابینکردنی کارەبایەکی شایستە بۆ هاووڵاتیانی، عێراق دژایەتی خۆی لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەشاردووەتەوە کە بۆ وەبەرهێنانی غازی سروشتی دەیدات.

ئەوەی لەوبارەیەوە دەگوترێت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بڕیارمان داوە پەرە بە کەرتی وزەی کوردستان بدەین، گرێبەستەکانی ئەم دواییەشمان لەو بوارەدا لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی عێراقە.

خاڵە ئەرێنییەكان: لە چوارچێوەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا، هەفتەی ڕابردوو دوو گرێبەستی بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی لە نێوان هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆمپانیای "HKN ENERGY, WESTERNZAGROS"  ئەمریکی بە بەهای 110 ملیار دۆلار، واژۆ کرا.

باکگراوند: ئەو دەستبەرداربوونەی کە ئەمریکا بە عێراقی بەخشیبوو لە سزاکانی سەر ئێران، ڕۆژی شەممە 8ـی ئازاری 2025 کۆتاییهات، لە ئەنجامدا حکومەتی بەغدا ناتوانێت ئەو گازە ئێرانییە هاوردە بکات کە پێویستیەتی بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا لە سەرانسەری وڵاتدا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ