پەیامی نوێ و بەهێز لە ئەمریکاوە؛ پشتیوانی و پارێزگاریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان

شەیری بکە لە:
پەیامی نوێ و بەهێز لە ئەمریکاوە؛ پشتیوانی و پارێزگاریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان

دیمەنی تەوقەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مارک ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وێنە: ئاژانسی  AFP

ئاڤا نیوز - ڕاپۆرت

 

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بە سەردانێکی فەرمی و بانگهێشتی حکومەتی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا لە ڕۆژی 2025.5.17 گەیشتە واشنتن. ئەم سەردانە وەک قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا دانرا، جیا لە گرێبەستە ملیارییەکان زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ لەسەر ئاستی باڵا ئەنجامدران و کاردانەوەکانیش لە ناوخۆ دەرەوە ئەرێنی بوون. 

 

وێنە گەورەکە: لەکاتێکدا هەموو وڵاتانی جیهان لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بەهێز بکەن، هاوشێوەی وڵاتانی کەنداو کە بە زیاتر لە 4 ترلیۆن دۆلار ڕێکەوتنیان لەگەڵ ئەمریکا کردووە، مەسرور بارزانی بە پێچەوانەوە لە ڕێگەی هێنانی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بەهێز بکات و بە واژۆکردنی ڕێکەوتنە 110 ملیار دۆلارییەکە شوێنپەنجەی خۆی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ  بەهێزتر کرد. 

 

پەیامی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ کوردستان


بۆ یەکەمجار، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە شێوەیەکی فەرمی و ڕوون پشتگیری خۆی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند. لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، حکومەتی ئەمریکا ڕەتیکردەوە کە ڕێگری لە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی بکرێت.

 

"پشیتوانی لە ئۆتۆنۆمی کورد دەکەین"

 

مارک ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی:  پشتیوانی لە ئۆتۆنۆمی کورد دەکەین، دڵنیاییشی دا لەسەر پاراستن و هەماهەنگى و پێکەوەکارکردن لەگەڵ هەرێمى کوردستان. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بە جیا  پشتیوانی لە کوردستانێکی بەهێز و خۆڕاگر  لە چوارچێوەی عێراقدا دووپاتکردەوە. جەختیشی لەوە کرد کە "هاوڵاتیانی کورد مافیان هەیە بە سەربەخۆیی و بژین و ئەمن ئاسایشێکی بەهێزیان هەبێت."

 

ئەم لێدوانانە گوزارشتن لە دروستکردنى باشترین و گەرموگوڕترین پەیوەندی  لەگەڵ ئیدارەى نوێی ئەمریکا لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، کە هەموو وڵاتانی دونیا ئاواتی بۆ دەخوازن. 

 

 

دیمەنی تەوقەی گەرم و خەندەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مارک ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە گوزارشت لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر واشنتن دەکات، وێنە: ئاژانسی  AFP

 

 

گرێبەستە گەورەکان و کاریگەری ئابووری

 

لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن، دوو گرێبەستی گەورە لە بواری وزەدا بە بەهای 110 ملیار دۆلار واژۆ کرا کە دەتوانرێت بە گرێبەستی سەدە بۆ هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێت، چونکە لە ماوەی 34 ساڵی ڕابردوو هیچ گرێبەستێکی لەم جۆرە واژۆ نەکراوە و ئەوەی خەون بوو مەسرور بارزانی کردی بە ڕاستی سەلماندی کە سەرۆکوەزیرانێکی خۆڕاگرە.  ئەم گرێبەستانە نەک تەنیا کاریگەری ئابوورییان هەیە، بەڵکو ڕەهەندێکی سیاسی و ستراتیژیشیان تێدایە.

 

کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، ڕایگەیاند: "پشتیوانی ئەمریکا بۆ گرێبەستەکانی کوردستان تەنیا ئابووری نییە، بەڵکو پشتیوانییەکی سیاسییە بۆ پاراستنی هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە."

 

 

دیمەنی واژۆ کردنی گرێبەستی وزە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس و ئێچ کەی ئێن بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی لە واشنتن، وێنە: KRG 

 

 

کاردانەوەی خەڵکی کوردستان


خەڵکی کوردستان بە گشتی بەم پشتیوانییەی ئەمریکا دڵخۆش بوون، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە پڕۆژەکان لێ جێبەجێ دەکرێن. لە گوندی تۆپخانە گەرمیان، پەیامنێری ئاڤا نیوز گفتوگۆی لەگەڵ دانیشتوانەکەی کرد و کاردانەوەکانیشیان بەمجۆرە بوون:- 

 

مام حاجیەک دەڵێت: "گەنجەکانمان بێ ئیشن. ئەم پڕۆژەیە هەلی کار دەڕەخسێنێت. چاوەڕوانین دەستپێبکات."

 

گەنجێکی ناوچەکەش دەڵێت: "ئێمە چاوەڕوانین ئەم پڕۆژانە بکرێن و ناوچەکەمان بەرەو پێشکەوتن بڕوات."

 

هاونیشتمانیان دڵخۆشن بە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا و ئەم سەردانە بە مێژووی دەزانن، بەشێک لە هاونیشتمانییان لە ناوچە جیاوازەکان، قسەیان بۆ پەیامنێرانی ئاڤا کردووە: 

ڕەشید مەلا عەزیز، هاونیشتمانییەکی هەولێرە قسەی بۆ عوبەید بەشار پەیامنێری ئاڤا کردووە و دەڵێت" دڵم خۆشە بە واژۆکردنی ئەو گرێبەستانە، چونکە ئابووری هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات و پێویستە پشت بەخۆمان ببەستین نەک چاوەڕێی بەغدا بکەین کەی مووچە دەنێرێت".

کوردستان یاسین، هاونیشتمانییەکی دیکەیەی سۆرانە، قسەی بۆ پەیامنێری ئاڤا هاوار عەباس کردووە و دەڵێت،"ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیران دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، کاریگەری  لەسەر ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان دەبێت".

ئیبراهیم ڕەئووف، قسەی بۆ پەیامنێری ئاڤا لە سلێمانی کردووە و دەڵێت،" پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان لەگەڵ ئەمریکا وادەکات وڵاتانی دیکەش حسابت بۆ بکەن".


هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی سەعدی محەممەد لە دهوک بە ڕۆژهات لوقمان، پەیامنێری ئاڤای گوتووە" زۆر دڵخۆشین بەو سەردانە و ئومێدی زۆرمان پێی هەیە ". 

 

 

پڕۆژەی "هەژماری من" و چاکسازییە دارایییەکان


برادلی سمیس، بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، بە تایبەتی پڕۆژەی "هەژماری من"ی حکومەتی کوردستانی بە نموونەیەکی باشی چاکسازییە دارایییەکان ناوبرد و گوتی: "چاکسازییەکانی هەرێم دەکرێ ببنە نموونە بۆ وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

 

 

دەرگایەکی نوێ بۆ کوردستان


سەردانەکەی مەسرور بارزانی و پشتیوانییە ڕاشکاوانەکانی ئەمریکا پەیامێکی ڕوون بۆ جیهان نارد کە:-

 

-کوردستان وەک هاوبەشێکی ستراتیژی لە ناوچەکە ناسێنرا.

 

-پشتیوانی سیاسی و ئابووری بەردەوام دەبێت.

 

-ڕێگای نوێی هاوکاری لە بواری وزە و دارایی کرایەوە.

 

-کوردستان بەم قۆناغە گەیشتە ئاستێک کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک نموونەی پێشکەوتن دەناسرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ