یەکەم وتاری سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی چەکدانانی پەکەکە

شەیری بکە لە:
یەکەم وتاری سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی چەکدانانی پەکەکە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا،

ئاڤا نیوز

سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە 32ـەمین کۆڕی هەڵسەنگاندنی پارتەکەی وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە هەنگاوەکانی سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە کرد.


وێنە گەورەکە:
ڕۆژی هەینی 11-7-2025 بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەمنیی هەرێمی کوردستان و عێراق و تورکیا، نوێنەری لایەنە سیاسییەکان یەکەم گەڕی چەکدانانی 30 چەکداری پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنەی سلێمانی کرا و ئەمەش کاردانەوەی ئەرێنی ناوخۆی و جیهانی لێکەوتەوە و سەرۆککۆماری تورکیاش بە هەنگاوێكی مێژووی ناوزەندی کرد. 

لێدوانی فەرمی: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە یەکەم وتاری لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە ڕایگەیاند: 47 ساڵ پێش ئێستا ڕێکخراوێک دروستبوو و یەکەم کردەوەی تیرۆریستییان ئەنجامدا، لەوێوە ئەو کارەیان بەردەوامی پێدا و ژمارەیەکی زۆر سەربازمان لە ڕێگەی پاراستنی خاکەکەمان خۆیان کردە قوربانی.


لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەکرد، هەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان کە هاتنە سەر دەسەڵات، پلانیان هەبوو بۆ کۆتایی هێنان بەو دۆخە بەڵام کەسیان ئەو کارەیان بۆ نەکرا و ئێستا دەبینین تیرۆر لەم سەردەمە دا کۆتایی هاتووە و تورکیا لاپەڕەیەکی بێ تیرۆر دەنووسێتەوە.  


لەلایەکی دیکەوە: سەبارەت بە هەماهەنگیان لەگەڵ میللەتی کورد، ئەردۆغان باسی لەوەکرد، بە هەموو شێوەیەک هاوکاری برا کوردەکانمان بووین تاوەکو بەیەکەوە بە ئاشتیی بژین، هەر کەسێک لە تورکیا بێت مافی یەکسانی پێدراوە و هەموومان لە چوارچێوەی یەک دەوڵەت دا یەک میللەتین. 


لەبارەی پڕۆسەی ئاشتییەوە ئەردۆغان باسی چی کرد؟

وەکو دەزانن پەکەکە لەسەر بانگەوازی ئیمرالی بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوەی دا و دوێنی قۆناغی 47 ساڵەی ئەو ڕێکخراوە کۆتایی هات، لە دوێنێوە پەڕەی گریان و ئازار لە تورکیا سڕایەوە و تورکیا ڕۆژێکی نوێ دەستپێدەکات و هەنگاوێكی نوێ دەنێت. 

لە تورکیا دا هیچ کەسێک و هیچ نەتەوەیەک شکۆی ناشکێنرێت و مافی هیچ کەسێکیش ناخورێت، هەموومان وەکو یەک هاوبەش و پشتیوانی یەکترین. 

لەم ڕۆژانە دا ئەو ڕووخسارانە دەبینین کە نیگەرانییان پێوە دیارە کە بەرژەوەندییەکانیان کۆتایی پێهێنراوە، پێمان دەڵێن ئێوە زۆر خۆپەرستن و زۆر گرنگی بە بەرژەوەندی میللەتەکەتان دەدەن، پێیان دەڵێم، کاری ئێوە کۆتایی هاتووە و تیرۆر بۆ هەمیشە کۆتایی هات. 

دیواری تیرۆر دەڕوخێنرێت و نیگەرانی و دوو دڵی بەجێبهێڵن، قۆناغێک دێتە پێشەوە لە هەموو کوچە و کۆڵانێکەوە ئاڵای تورکیا بەرز بکەنەوە. 

ئەردوغان لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باسی لە مافی پێکهاتەکان کرد: 

تورک، کورد، عەرەب، ئەگەر پێكەوە بین بەهێزین ئەگەر بمانەوێت بمێنینەوە دەبێت بەیەکەوە بین، ئەگەر ئێمە بەیەکەوە بین هیچ هێزێک ناتوانێت بەرەنگار و دژمان بوەستێتەوە، هەر کاتێک ناکۆکی لە نێوانمان دا هەبوو بێت ئێمە شکستمان هێناوە. 

ئەم هەموو ساڵەی ئێمە ناکۆکیمان هەبووە دوژمنانی ئێمە قازانجیان کردووە و پیلانیان لە دژی ئێمە گێڕاوە، ئەمڕۆ کورد و تورک بەیەکەوەن و بە خۆشەویستییەوە یەکتری لە ئامێز دەگرین. 


ئێستا 81 ملیۆن هاووڵاتی تورکیا یەکن و جیاوازیان نییە و ئێمە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا یەک میللەتین، برا کورد و عەلەوییەکانمان کە ئێستا شەڕ و چەک بوونی نییە، هەموومان لەسەر یەک سفرە کۆ دەبینەوە و کێشەکانمان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکەین.

هەر ئەمڕۆ لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێک بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتیی دروست دەکەین و هەنگاو دەنێین بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە. 

لەبارەی دۆخی کوردەکان لە عێراق و ناوچەکە سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی جیاوازی هەبوو: 


کوردەکان تەنیا لە تورکیا نا بەڵکو لە جیهان و لە عێراق هەر کێشەیەکیان هەبێت کێشەی ئێمەیە و هەوڵدەدەین چارەسەی بکەین، دەزانین لە عێراق قۆناغێکی جیاواز هاتووەتە ئاراوە و دەنگی جیاواز هەیە، لە سووریاش دەمانەوێت کوردەکان لە ئاشتی و سەقامگیری بژین. 

لێرەوە سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین، بۆ هاوکاری و هەماهەنگییان لە سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا. 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ