فایلی خەڵک؛ کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی گوێڕ و دیبەگە چارەسەرکرا

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

دوای بەدواداچوونی ئاڤا سەبارەت بە وەرنەگرتنی گەنمی جووتیارانی گوێڕ و دیبەگە، کێشەکە چارەسەرکرا و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێریش دەڵێت، ئەو جووتیارانەی گەنمیان لەسەر ماوەتەوە، دەتوانن سەردانی بەش و بەرێوەبەرایەتیی کشتووکاڵی سنووری خۆیان بکەن.

وێنە گەورەکە: زیاتر لە هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی گوێڕ و دیبەگە لە سایلۆی هەولێر کۆگا نەکرا، بەهۆی ئەو سیستمەی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە دانراوە، گەنمەکانیان لە سایلۆی مەخمووریش وەرنەدەگیرا، ئاڤا بەدواداچوونی بۆ کێشەکە کرد و چارەسەری بۆ دۆزییەوە، ئەمڕۆ بەشێک لە گەنمەکانیان لە پڕۆژەی خۆشناو داد وەرگیران، لە ماوەی داهاتووش گەنمی سەرجەم ئەو جووتیارانە وەردەگیرێت.

لێدوانی فەرمی: هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، ئەو جووتیارانەی گەنمەکانیان وەرنەگیراوە یان ناویان لە سیستمی نۆرە تۆمار نەکرابوو، سەرەڕای هەوڵەکان کە قبووڵ نەکرا و زیاتر لە هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی دیبەگە و گوێڕ وەرنەگیرا، "دوای بەدواداچوونی ئاڤا بەڵێنی بەدواداچوون و چارەسەری کێشەکەماندا"، خۆشبەختانە ئەمڕۆ لەڕێگەی پرۆژەی خۆشناو داد کە پرۆژەیەکی کارتی تایبەتە بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی گەنمی زیاتر لە 20 جووتیار وەرگیراوە کە دەکاتە زیاتر لە 500 تۆن.

- لە ڕۆژانی داهاتوو ئەو جووتیارانەی گەنمیان لەسەر ماوەتەوە دەتوانن سەردانی بەش و بەرێوەبەرایەتیی کشتووکاڵی سنووری خۆیان بکەن، "لەوێ پشتگیرییان پێ دەدەین و دەتوانن بەرهەمەکانی خۆیان بەبازار بکەن".

زانیاریی زیاتر: جووتیارانی ئەم پرۆژەیە شایستە داراییەکان زۆر زووتر لە حکومەتی عێراقی وەردەگرن، هەر جووتیارێک بەرهەمی مابێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر پشتگیری دەکرێت و بەرهەمەکەی وەردەگیرێت.

شەیری بکە لە: