پارێزگاری پێشووی واست زانیاریی مەترسیدار ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:
پارێزگاری پێشووی واست زانیاریی مەترسیدار ئاشکرا دەکات

محەمەد جەمیل مەیاحی،  پارێزگاری پێشووی واست. وێنە؛ میدیا عێراقییەکان

ئاڤا نیوز

پارێزگاری پێشووی واست، زانیاریی مەترسیدار لەبارەی دۆخی پارێزگاکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، پیلانێک لە ئارادا بووە بۆ تێکدانی دۆخی ئەمنیی پارێزگاکە و دووبارەکردنەوەی سیناریۆی ساڵی 2019.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم قسانەی پاریزگاری واست دوای کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کوت دێت، کە تێیدا دەیان کەس گیانیان لەدەست دا. دوای پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی، ئەنجوومەنی پارێزگاکە بە زۆرینەی دەنگ قبووڵی کرد و هادی مەجید گزاری وەک پارێزگاری نوێی واست هەڵبژارد.

لێدوانی ڕۆژنامەوانی: محەمەد جەمیل مەیاحی،  پارێزگاری پێشووی واست لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئاشکرای کرد، زانیاریی وردی لەبەردەستە كە زیاتر لە 500 کەس لە پارێزگای ناسرییە هاتوونەتە ناو شاری کوت بۆ "دروستکردنی پشێوی، سووتاندنی تایە، داخستنی شەقامەکان و هێرشکردنە سەر فەرمانگەکانی دەوڵەت".

پارێزگاری پێشووی واست گوتیشی: "ویسترا سیناریۆی ساڵی 2019 دووبارە بکرێتەوە تا نائارامی بگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەش".

لەلایەکی دیکەوە: پارێزگارە دەستلەکارکێشاوەکەی واست جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەی بۆ پاراستنی شارەکەیەتی و ڕێگریکردنە لەو کەسانەی دەیانەوێت خوێنی خەڵک بقۆزنەوە بۆ مەرامی سیاسی و بەشبەشێنە. لەم بارەیەوە گوتی: "ڕێگە بە نەفسنزمەکان نادەین بازرگانی بە خوێنی خەڵکەوە بکەن یان جارێکی تر بەشبەشێنە بکەن."

ئەمەش بزانە: مەیاحی لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد دەستبەرداربوونی لە پۆستەکەی بۆ ئەوە بووە دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت و پارێزگاری لە سەقامگیریی واست بکات، نەک خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی.

 

باکگراوند: لە تشرینی 2019، هاووڵاتیانی شارەكانی عێراق دژی نەبوونی خزمەتگوزاری، هەلی کار و کۆتاییهێنان بە گەندەڵی خۆپێشاندانی گەورەیان ئەنجام دا. لە پارێزگاکانی واست و بابل هێرشیان كردە سەر بارەگا حیزبی و حکومییەکان و ماڵی بەرپرسانیان سووتاند، لە بەرامبەریشدا هێزە ئەمنییەكان تووندوتیژانە دەیان كەسیان لێ كوشتن و هەزاران كەسیشیان بریندار كرد.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ