سووریا و ئیسرائیل لە باکۆی ئازەربایجان کۆ دەبنەوە

شەیری بکە لە:
سووریا و ئیسرائیل لە باکۆی ئازەربایجان کۆ دەبنەوە

ئاڵای هەریەک لە وڵاتانی سووریا و ئیسرائیل

ئاڤا نیوز



وەزیری دەرەوەی سووریا و وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل ئەمڕۆ پێنجشەممە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان کۆ دەبنەوە، لە دیدارێکی نوێدا کە تەوەری سەرەکی بریتی دەبێت لە "پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنی لە باشووری سووریا".

 

زانیاریی بەدەستهاتوو: بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی کە قسەی بۆ میدیاکان کردووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025-7-31، لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و ڕۆن دێرمەر، وەزیری کاروباری ستراتیژیی ئیسرائیل کۆ دەبنەوە.

 

زانیاریی زیاتر: بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، کۆبوونەوەکە درێژەپێدەری دیدارەکانی پێشووە، کە دواترینیان لە 12ی تەمموزی ئەم مانگە لە باکۆ لە پەراوێزی سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ ئازەربایجان بەڕێوەچوو، هەروەها دیدارێکی دیکەش هەفتەی ڕابردوو لە پاریس بە سەرپەرشتیی ئەمریکا کرا.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: کۆبوونەوەکەی باکۆ هاوکاتە لەگەڵ سەردانێکی کتوپڕی شەیبانی بۆ مۆسکۆ، کە سەرچاوەیەکی ڕووسی بەستوویەتییەوە بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە لە سەرەتای هەفتەدا لەنێوان سەرۆک ڤلادیمیر پووتین و بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرا.

 

ئەمەش بزانە: ئەم جووڵانە ئاماژەن بۆ زیادبوونی چالاکییە دیپلۆماسییەکان، بەتایبەتی سەبارەت بە باشووری سووریا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژی و پەرەسەندنەکان، دوای ئەو پێشێلکارییانەی کە هێزەکانی حکومەتی سووریا لە هێرشەکەی ئەم دواییەیاندا بۆ سەر سوەیدا و دەوروبەری ئەنجامیان دا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: