فایلی خەڵک: ئاڤا بەدواداچوون بۆ کێشەی فەرمانبەرانى كەسوکاری شەهید ده‌كات

شەیری بکە لە:
فایلی خەڵک: ئاڤا بەدواداچوون بۆ کێشەی فەرمانبەرانى كەسوکاری شەهید ده‌كات

ئاڤا نیوز

 

زیاتر لە 500 فەرمانبەر کە کەسوکاری پلە یەک و دووی شەهیدانن، ماوەی حەوت مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و لە دۆخێکی نادیاردان لە نێوان خانەنشینی و گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان، لەکاتێکدا چارەنووسیان بەندە بە بڕیارێکی وەزارەتی دارایی عێراقەوە.


چیرۆکی سەرەکی: ئاڤا میدیا بەدواداچوونی بۆ کێشەی ئەو فەرمانبەرانە کردووە، کە لە چەندین وەزارەتی جیاوازی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەوامیان کردووە. کێشەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئەم فەرمانبەرانە لە سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی گەیشتنیان بە تەمەنی یاسایی خانەنشین کراون، بەڵام دواتر بە بڕیارێکی نوێ، بۆ ماوەی پێنج ساڵی تر لە خزمەتی وەزیفی بەردەوام دەبن، چونکە کەسوکاری شەهیدانن.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئاڤا کەوتووە، کە لەلایەن 10 فەرمانبەری وەزارەتی کشتوکاڵەوە پێی دراوە و دواتر لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە پشتڕاستکراوەتەوە، ئێستا زیاتر لە 500 فەرمانبەر هەمان کێشەیان هەیە.


لەلایەکی دیکە: یەکێک لە فەرمانبەرەکان بە ئاڤای ڕاگەیاند: "لە وەزارەتی کشتوکاڵ نووسراومان بۆ کراوە و وەزارەتی شەهیدانیش پشتڕاستی کردووەتەوە. دۆسیەکانمان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکمان بۆ نەدراوە. نازانین دەگەڕێینەوە سەر کارەکانمان یان خانەنشین دەکرێین، هەروەها نازانین چارەنووسی مووچەی حەوت مانگی ڕابردوومان چی دەبێت."


لێدوانە فەرمییەکان: پشتیوان حاتەم، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵی کوردستان، هۆکاری کێشەکەی بۆ ئاڤا ئاشکرا کرد و وتی: "کێشەکە ئەوە بوو کە زۆر درەنگ دۆسیەکەیان یەکلایی کرایەوە کە ئەمانە کەسوکاری شەهیدانن. بەهۆی دواکەوتنی مامەڵەکانیان، نەتوانرا نە خانەنشین بکرێن و نە بگەڕێندرێنەوە سەر وەزیفە." بەگوێرەی قسەکانی، دۆسیەکانیان لە 16ی مانگی حەوت یەکلایی بۆتەوە.


بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە ئاڤای گوت: "ئێمە پێویستمان بە ڕاژەی ئەو فەرمانبەرانە هەیە و نووسراوی فەرمیمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی کردووە تا بگەڕێنەوە سەر وەزیفەکانیان. بەڵام بابەتەکە پێویستی بە ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی عێراقە، و ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ وەرگرتنی ئەو ڕەزامەندییە."

 

زانیاریی ئاڤا: سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە ئاڤای ڕاگەیاند، چارەنووسی ئەو فەرمانبەرانە و مووچەکانیان بەندە بە وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقەوە. دوو ئەگەر لە ئارادایە:


ئەگەری یەکەم: ڕەزامەندیی وەزارەتی دارایی عێراق: ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندی لەسەر گەڕانەوەیان بۆ سەر کار بدات، ئەوا فەرمانبەران دەست بە دەوام دەکەنەوە و مووچەی هەر حەوت مانگی ڕابردووشیان وەک قەرەبوو بۆ خەرج دەکرێت.


ئەگەری دووەم: ڕەزامەندی نەدان: ئەگەر ڕەزامەندی نەدرا، ئەوا فەرمانبەران لەو بەروارەی کە دەستیان لە کار هەڵگرتووە، بە فەرمی خانەنشین دەکرێن و مووچەی خانەنشینیی سەرجەم مانگەکانی ڕابردوویان بە یەکجار پێدەدرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: