هەسەدە دیمەشق بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات و هۆشداریی تووند دەدات

شەیری بکە لە:
هەسەدە دیمەشق بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکات و هۆشداریی تووند دەدات

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)

ئاڤا نیوز

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) حکومەتی دیمەشق تۆمەتبار دەکات بەوەی کە ئەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و ئێستا لەژێر چەتری حکومەتدان، بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست لە چەندین ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. هاوکات هۆشداریی دەدات کە ئەم هێرشانە هەڕەشە لە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی دەکەن.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە ماوەی ڕابردوودا ئەو گرووپانە زیاتر لە 22 جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، لەوانە دێرەزوور، دێر حافر، بەنداوی تشرین، تەل تەمەر و گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب. لەم هێرشانەدا چەکی قورس، هێرشی زەمینی و هەوڵی پەڕینەوە لە ڕووباری فورات بەکارهێنراوە، کە بووەتە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 11 هاووڵاتیی مەدەنی و زیانێکی زۆر بەر ناوچە مەدەنییەکان کەوتووە.

لەهەمان کاتدا: هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم هێرشانە لەگەڵ ڕۆحی ئەو ڕێککەوتنەدا نایەنەوە کە بنەماکانی بریتین لە ئاگربەستی تەواو، پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و بەهێزکردنی دەرفەتەکانی چارەسەریی سیاسی. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرەڕای دانبەخۆداگرتنیان، بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە متمانەی نێوان لایەنەکان دەخاتە مەترسییەوە و حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەم پێشێلکاریانە لە ئەستۆ دەگرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەدا، هەسەدە داوای لە حکومەتی دیمەشق و گرووپە چەکدارەکان کرد کە دەستبەجێ هەموو پێشێلکارییەکان ڕابگرن. هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە چاودێریی ئەم پێشێلکاریانە بکەن و دووپاتیکردەوە کە لە کاتێکدا دەرگای دیالۆگیان کراوەیە، ئامادەن بۆ گرتنەبەری "هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە ماف و ئاسایشی گەلەکەیان."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ