ئالاسکا؛ ترەمپ لەنێو بنکەیەکی سەربازی هەوڵی ئاشتی دەدات

شەیری بکە لە:
ئالاسکا؛ ترەمپ لەنێو بنکەیەکی سەربازی هەوڵی ئاشتی دەدات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، و ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، و ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا، ئەمڕۆ لە شاری ئانکۆرەیج لە ویلایەتی ئەلاسکا کۆدەبنەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشە کە ببێتە هۆی ڕێککەوتنێکی ئاگربەستی هەمیشەیی بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە ماوەی سێ ساڵە ڕووسیا لە ئۆکراینا دەستی پێکردووە.

وێنە گەورەکە: هەوڵەکانی ئەمریکا و خودی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی سێ ساڵەی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بەردەوامن، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران سەرباز لە هەردوولا و ئاوارەبوونی هەزاران کەس.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم کۆبوونەوە گرنگە، نوێترین هەوڵی ترەمپە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، کە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا بەڵێنی دابوو لە ماوەی 24 کاتژمێردا کۆتایی پێ بهێنێت ئەگەر هەڵبژێردرێت. هەروەها ئەمە یەکەمجارە لە ماوەی دەیەیەکدا پووتین سەردانی ئەمریکا بکات و یەکەم سەردانی سەرکردەیەکی ڕووسیایە بۆ ئەلاسکا.

ڕۆژی پێنجشەممە ترەمپ هۆشداری دا کە ئەگەر پووتین ڕازی نەبێت بە ئاگربەست، ڕووسیا ڕووبەڕووی "ئەنجامی مەترسیدار" دەبێتەوە.

 کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان ترەمپ و پووتین لە بنکەی سەربازیی ئەمریکا "ئێلمێندۆرف-ڕیچاردسۆن" لە شاری ئانکۆرەیجی ویلایەتی ئەلاسکا بەڕێوەدەچێت.

زانیاریی بەدەستهاتوو: بەپێی زانیارییەکان کۆبوونەوەکە لە کاتژمێر 11:30ـی پێشنیوەڕۆ بە کاتی ویلایەتی ئالاسکا بەڕێوەدەچێت کە دەکاتە کاتژمێر 10:30ـی شەو بە کاتی هەولێر.

زانیاریی زیاتر: ئەوانەی یاوەری پووتین دەکەن پێکهاتوون لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و دارایی و چەندین بەرپرسی باڵای تر. تا ئێستا دیار نییە کێ لە شاندی ئەمریکیدا یاوەریی ترەمپ دەکات. سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، و سەرکردەکانی ئەوروپاش لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نابن.

ویلایەتی ئەلاسکا نزیکترین خاڵی جوگرافییە لە نێوان ڕووسیا و ئەمریکادا. ئەم ویلایەتە لە ڕووی مێژووییەوە لەلایەن ئیمپراتۆریەتی ڕووسیاوە داگیرکرابوو و دواتر لە ساڵی 1867 بە بڕی 7.2 ملیۆن دۆلار بە ئەمریکا فرۆشرا. کاریگەریی ڕووسی تا ئێستاش لە ناوچەکەدا دیارە.

بنکەی سەربازیی ئێلمێندۆرف - ڕیچاردسۆن، کە کۆبوونەوەکەی لێ ئەنجام دەدرێت، لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا دروستکراوە و لە سەردەمی جەنگی سارددا ڕۆڵێکی ستراتیژیی هەبووە بۆ چاودێریکردنی هەر هەڕەشەیەکی یەکێتی سۆڤیەت.

ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: خاڵی سەرەکیی گفتوگۆکانی ناو کۆبوونەوەکە مەرجەکانی ئاگربەستێکی ئەگەرییە لەنێوان ڕووسیا و ئۆکراینا، کە لەوانەیە سازشکردن لەسەر خاک لەخۆبگرێت.

٠ بەگوێرەی زانیارییەکان هێزەکانی ڕووسیا نزیکەی 19%ـی خاکی ئۆکراینایان کۆنتڕۆڵ کردووە.

٠ ڕووسیا لە مانگی شوباتی ساڵی 2022ـدا، هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا. ئێستا سوپاکەی کۆنترۆڵی نزیکەی 19% خاکی ئۆکراینای کردووە.

٠ مۆسکۆ داوا دەکات کیێڤ واز لە خواستی بوون بە ئەندام لە ناتۆ بهێنێت، چەک دابنێت، و قرم، لوهانسک، دۆنێتسک، زاپۆریژیا، خێرسۆن، و بەشێکی کەمی پارێزگاکانی میکۆلایڤ، و دنیپرۆپێترۆڤسک ڕادەستی ڕووسیا بکات. لە بەرامبەردا، ڕووسیا ئامادەیە لە ناوچە بچووکەکانی سومی و خارکیڤ بکشێتەوە و سزاکانی ڕۆژئاوا سووک بکرێن.

٠ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا جەختی کردووەتەوە کە ئۆکراینا سازش لەسەر خاکەکەی ناکات. سەرکردەکانی ئەوروپاش (ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا) داوایان کردووە کە هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر خاک بەبێ ئامادەبوونی ئۆکراینا نەکرێت و دەبێت گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکراینا دابین بکرێت.

٠ ترەمپ هیوادارە ئەمە یەکەم هەنگاو بێت و دواتر کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ پووتین و زێلینسکیدا ڕێکبخات. هاوکات هۆشداری تووندیشی داوە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت.

٠ هەندێک لە شارەزایانی سیاسی گەشبینن کە لەوانەیە ئەم کۆبوونەوەیە سەرەتای ڕێککەوتنێکی ئاشتی بێت بەڵام هەندێکی تر پێیان وایە ئەمە تەنیا هەوڵێکی ڕووسیایە بۆ کات کووشتن و دواخستنی گوشاری زیاتری ئەمریکا، لە کاتێکدا شەڕەکە هەر بەردەوام دەبێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ