لە یادی دامەزراندنیدا پارتی داوای یەکڕیزی دەکات و پەیامێک بۆ بەغدا دەنێرێت

شەیری بکە لە:
لە یادی دامەزراندنیدا پارتی داوای یەکڕیزی دەکات و پەیامێک بۆ بەغدا دەنێرێت

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

بەبۆنەی 79 ساڵەی دامەزراندنی، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە، لە بەشێکی ڕاگەیێنراوەکە هاتووە. پارتی بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ دەکات کە بەپێی دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن. جەخت دەکاتەوە لەسەر پرەنسیپەکانی (شەراكەت، تەوازوون، تەوافووق).

چیرۆکی سەرەکی: لە یادی دامەزراندنیدا، پارتی دیموکراتی کوردستان داوای یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان دەکات، هاوکات جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ڕێگەی دەستوور دەکاتەوە. 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: گرنگترین خاڵەکانی ڕاگەیێنراوەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمانەن:

٠ پارتی وەك پێویستییەكی دیرۆکی کە گوزارشت لە خواست و ویستی ئازادیخوازانەی گەلێك دەکات، بەیانی بوون و هەبوونی خۆی دا بۆ ئەوەی نەتەوەی كورد پێگەی شایستەی خۆی بە دەست بێنێتەوە.

٠ پارتی دیموکراتی کوردستان بە پێی ھەلومەرج و دەرفەتەکان دەستکەوتگەلێکی فرەلایەنی بۆ گەلی کوردستان بەدەستھێناوە، کە ئەمڕۆ شانازییان پێوە دەکەین.

٠ لە شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕینی ئاداری 1991ـدا ئەو دەستكەوتانەی لەو كاروانە نەپساوەی پڕ سەروەرییەیدا بەدی هاتوون، لەوانە  ڕێککەوتننامەی (11ـی ئادار) و چەسپاندنى سیستمى فیدراڵى لە عێراقدا گەواهیدەری ئەوەن، كە پارتی هێزێك و ڕێكخستنێكی پێشەنگ و پشتئەستوور بووە بە جەماوەر و تێكڕای چین و توێژەكان و پێكهاتە فرە نەتەوەیی و ئایینییە جیاجیاكانی كوردستان.

٠ پارتی لە ڕوانگەی دڵسۆزی و خەمخۆرییەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی دەستوور، جگە لە ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقیشدا لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامدا بووە تا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە و خەڵکی کوردستانییش بە مووچەخۆرانی خۆڕاگرەوە بە ماف و شایستەکانییان بگەن.

٠ بە هەموو شێوەیەک پارتی پشتیوانیی لە چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دەکات، کە بە پێی دەستوور و ڕێککەوتنە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن، هەروەها جارێکی تر جەخت دەکەینەوە سەر پرەنسیپەکانی (شەراكەت، تەوازوون، تەوافووق) بۆ چارەسەرکردنی كێشەكان لە عێراقێکی فیدراڵدا.

٠ لە سەروبەندی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەخت لەسەر بەشداریکردن و پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازادانە دەکەینەوە، کە بڕیارە لە 2025-11-11 بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی قۆناغی داهاتوو پڕۆسەی سیاسی لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروست دابڕێژرێ و کێشە و قەیرانەکان چارەسەر و بنبڕ بکرێن، بەبێ دەستتێوەردانی دەرەکی و ڕەوت و خولیای تایەفەگەریی چەوت و بەرتەسک و شۆڤێنییانە.

٠ پێکهێنانى حكومەتێك كە لە ئاست ئەركەكانی قۆناغەكەدا بێت، بتوانێت سەقامگیریی سیاسیی و سەروەرىی وڵاتەکە بپارێزێ و ژیان و گوزەرانی خەڵك بەرەو باشتر ببات و هەڵە و شکستەکانی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە، بۆ ئەمەش چاوەڕوانیمان لە جەماوەرى دڵسۆزى پارتیمان و خەڵکى بەئەمەکى کوردستان و سەرجەم عێراقە، پاڵپشتی بەرنامە و هەنگاوەکانى پارتیمان بکەن کە جەختکردنەوەیە لەسەر جێبەجێکردنى دەستوور و چەسپاندنى.

٠ پارتی لە پێناو ئارامی و ئاساییشی خەڵکی کوردستان بەردەوام ھەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیوەندییەکی باش و ھاوسەنگدا بێت، کە بەرژەوەندیی ھەموو لایەکی تێدا پارێزراو بێت و ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە مایەی سەقامگیریی ناوچەکە بێت، وەکو چۆن چاوەڕوانین لە دراوسێکانمانەوە ھەڕەشە لەسەر کوردستان نەبێت، بەھەمان شێوە ھەرێم نابێتە گۆڕەپانێک بۆ ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی سنوورەکانی ئەو وڵاتانە و ڕێز لە سەروەریی ھەموو لایەک بگیرێت.

٠ جەخت لەسەر بنەما سەرەکی و نەگۆڕەکان دەکەینەوە، جەخت لەسەر ڕوانگە ڕاستەقینە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەمان دەکەینەوە، بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان لەسەر پرسە ستراتیژییەكانی كوردستان، لە داكۆكیكردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەكانمان و لە خاكەكەمان و لە دەستكەوت و قەوارە نیشتمانییەكەمان و، لە پاراستنى دامودەزگا شەرعییەکانى کوردستان (سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانى کوردستان) یەکڕیز و هاوئاراستە و هاوگوتار بین و، هەموو هەوڵێكی ڕژد و دڵسۆزانە بدەین لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و سەرنەخستنی هەموو ئەو پیلانە دزێو و هەوڵە نەزۆکانەی مەبەستیانە ئارامی و  سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بشێوێنن.

باکگراوند: پارتی دیموکراتی کوردستان لە 16ـی ئابی 1946 بەڕێبەرایەتی مه‌لا مسته‌فا بارزانیی دامه‌زراوه‌. سه‌ره‌تا ناوی پارتی دیموكراتی كورد بووه‌ و له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌مدا كه‌ له 1953-01-26 له‌ شاری كه‌ركووك به‌سترا بڕیار درا ناوی حزب بكرێته‌ (پارتی دیموكراتی كوردستان).

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: