
د. بەهات حەسیب قەرەداغی، گرافیک ئاڤا نیوز
بانگەشەی هەڵبژاردن بریتییە لە نمایشکردن و پێشکەشکردنی پرۆژە و بە یادهێنانەوەی مێژوو و خەبات و دەسکەوت و کار و چالاکیی ئایندەی حیزب و ڕێکخراوەکەت، واتە لەڕابردوودا چیت کردووە چیت بەدیهێناوە؟
پرۆژە و پلانت بۆ ئایندە چییە و بەنیازیت چۆن خزمەتی خەڵک و خاک بکەیت. بەڵام کە هەگبەی کار و پرۆژە و چالاکیت خاڵی و کاتێ کە دەستت بەتاڵ بوو، بێ پرۆژەو بێ ئیرادە و بێ بەرنامە بوویت، ناچاری، بێ گوێدانە ئەوەی چ ژەهرێک لەناو هزری کۆمەڵگدا دەچێنیت و نەوەکانی داهاتوو بە چ ڕکوکینە و جوێندانێک پەروەردەدەبن، پەنا بۆ شکاندنی ئەوانی دی دەبەیت و هەوڵی سڕینەوەی بەرامبەرەکانت دەدەیت.
فەیلەسووف و مامۆستایەکی زانکۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری بەرقەراربوونی ئاشتی لە غەززە، دەڵێت: "هەرگیز ئاشتی لەو ولاتە نایەتەدی، ڕەنگە جەنگ ڕاگیرێت و زیاتر تەشەنە نەکات، بەڵام هیچ ئومێدێکم نییە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاشتیی سیاسی و پێکەوەژیان بێتە ئاراوە، چونکە هەردوولای ململانێکە ئەوەندە تۆوی ڕک و کینەیان لە مێشک و دەروونی لایەنگرانیاندا چاندووە نە بۆ ئێستا و نە بۆ ئایندەیەکی بەرچاویش هیچ دەرفەتێکیان بۆ پێکەوە ژیان نەهێشتووەتەوە."
جێی داخە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لە عێراق و هەرێمی کوردستانیشدا، زۆرینەی حیزب و بزووتنەوە و ڕێکخراوەکان لەسەر بنەمای کاردانەوە و جیابوونەوە و ئینشقاق و ڕق و سڕینەوەی ئەوانیتر دروست بوون دەبن. دەگمەنن ئەو حیزبانەی لەپێناو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانی و ئینسانییەکاندا دروست بوون و دەبن. بۆ ڕاستی درووستیی ئەو قسەیە سەرنجی پەیام و ناوەڕۆکی دروشمی سەرەکیی هەندێک لە حیزبەکانی لەمەڕ خۆمان بدەن : ”دەستی فلانە حیزب دەبڕینەوە ! کۆتاییتان پێ دەهێنین! فیسارە حیزب لاواز دەکەین ! هەردوو لاتان سووک و ڕسوا دەکەین“.
هەندێکیشیان تەنیا بەوە ڕازی نابن حیزبەکانی تر لاوازبکەن و بیانسڕینەوە، بەڵکو تەکفیریشیان دەکەن و بەهەشت بەسەر لایەنگرانی خۆیاندا دەبەخشنەوە و دۆزەخیش بۆ ئەوانەی هاوحیزب و هاوباوەڕی ئەو نین، تەرخان دەکەن. ئەوەش خراپترین تۆو و ژەهراویترین گوتارە کە لەناو کوردی داماوی بێ سەروەریدا چێنراوە.
لە دەرەنجامی کاریگەریی خراپی ئەو گوتاری ڕکوکینە و یەکترسڕینەوە و لە بەردەرکی سەرا هەڵواسین و تەکفیر و تەخوینکردنەی یەکتریمانە کە لەم قۆناغە هەستیارەی مێژووی گەل و وڵاتماندا، هەندێکمان لەبەرامبەر نەیاردا زۆر هەرزان خۆیان هەڕاج کردووە . یەکڕیزیمان لەچاڵ نراوە و پێکەوەژیانی میللی و کۆمەڵایەتیشمان لەمەترسیدایە. بینیمان و بیستمان بەدرێژایی سێ هەفتەی ڕابردوو گوتار و بانگەشەی ڕکوکینە و سووکایەتی بەیەکترکردن و ڕەشکردنەوە و سڕینەوەی ئەویدی، دەنگی ناسازی لێ هەڵبڕی بوو، کەس پڕکێشیی نەکرد پێێ بڵێ ئیتر بەسەو بێ دەنگی بکات !
زۆرینەی هەرە زۆرمان لەبەرامبەریدا کەڕ و لاڵ بووین .. بە دەگمەن نەبێت نەمان بینی ڕۆشنبیرانمان.. ئەکادیمی بیرمەند و سیاسەتمەدارە بەئەزموونەکانمان، کەسایەتییە کۆمەڵایەتی و ئایینی و پەروەردەییەکانمان لە ئاست ئەم خوم شێوان و ڕۆژی حەشرەدا بێنە دەنگ و گوتارێکی جیاواز بدەن بە گوێی خەڵکی کوردستاندا.
دڵنیام هەر کەس بە ویژادان و بە ئەقڵێکی کراوەی نا حیزبییەوە، سەرنجی ئەم دەربڕینانە بدات سوێ دەچێت بە دڵیدا : ( چەند ڕۆژێکمان ماوە بۆ حەق و حیساب، تۆڵەیان لێبکەنەوە، کۆتاییان پێبهێنن.. شاربەدەریان بکەن، بیڕووخێنن، هەموو شتێکیان لێبستێننەوە، ئەو سەگانە دەنێرینەوە بۆ لای خاوەنەکانیان و زۆری تر ). بەدرێژایی 20 شەو و 20 ڕۆژ ئەم دروشمە پڕ لە ڕکوکینە و توندووتیژییانە دران بە گوێی گەنجی کورددا، منداڵی کوردیان پێ گۆشکرا ..
لە هەڵبژاردنەکانی پێشووماندا ئەزموونی تاڵمان هەبوو، بەڵام هیچ جارێک وەک ئەمجارە هەموو سنوورەکانی ڕەوشت و ئایین و کوردەواری نەبەزێنران. ئەمجارەیش کۆڕ و کۆبوونەوە و شاشە و سۆشیالمیدیای کوردی پڕاو پڕکران بەو ژەهرە فیکری و ئیراهاب و تۆقاندن و چاولێسوورکردنەوەیە. ئەم شەڕە قسەو لێدوان و زمانە ژەهراوییانە ئەوەندەی تر ناوماڵی کوردی لێکترازاند و دڵی داگیرکەر و نەیاری کوردیان خۆشکرد.
دڵنیام ڕۆژێ دادێ دەبینین ئەو تیرانەی ئێستا خاوەنی ئەو گوتارە ژەهراوییانە دەیگرنە جەستەی ئاشتەوایی کۆمەڵگە و یەکڕیزیی کورد، بەئاراستەی سینگی خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە و ئەوەی ئەمڕۆ دەیچێنن سبەی لە هەڵسوکەوت و ڕەوشتی ڕۆڵە و نەوەکانیاندا دەیدوروونەوە ! ئەوانەی ساڵانێکە تۆوی بێ بەهایی و بێ متمانەیی دەچێنن، ئەوانەی نابەرپرسانە و بێ باکانە کۆمەڵگەیان پەرت و نائومێد کرد لە ئایندەدا پەشیمان دەبنەوە کاتێ کە پەشیمانی دادیان نادات ( سیندمون، یوم لا ینفع الندم !)
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
هۆکارەکانی پێکهێنانی ڕێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی
13 ئازار
ڕۆڵی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و سنووری ماددەی 140
13 ئازار
کورد لە نێوان 11ـی ئادار و 10ـی ئادار
11 ئازار
چۆن مامهڵه لهگهڵ پرۆژهكانی حكومهت بكرێت؟
10 ئازار
بۆ دەبێت ڕاپەرین لەیاد نەکەین؟
9 ئازار
بۆچی پرۆژەی ڕووناکی؟
9 ئازار
ڕاپەڕین وەک پرۆژەیەک بۆ داهاتوو
5 ئازار
داستانی قارەمانێتیی مرۆڤی کورد
4 ئازار
"بزاڤێن عێراقێ بو ئازادیا سیاسی: ڕۆلێ کوردان و باندوورێن ئیرانێ"
2 ئازار
سیاسەتی دەرەکیی سنووردار
2 ئازار
- بیروڕا
- 9 ئازار
بۆچی پرۆژەی ڕووناکی؟