بۆچی زنجیرەی بەرەو بەرزاییەکان وەرچەرخانێکە لە کۆمیدیای کوردیدا؟

بۆچی زنجیرەی بەرەو بەرزاییەکان وەرچەرخانێکە لە کۆمیدیای کوردیدا؟

گرافیک؛ ئاڤا میدیا

کوڕێک کە بەجەستە وادەردەکەوێت هێندەی باوک و دایکی ببێت لە نێو بەرزکەرەوە(مەسعەد)ـێکی تەسکدا گیردەخۆن. باوکی هەرچی دووگمەیە دادەگرێت تا بیکاتەوە و هەناسەی لێبڕاوە. سەیرێکی کوڕە کێش زیادەکەی دەکات و بە ژنەکەی دەڵێت: "لوتی بگرە، ئۆکسجین نەما."

ئەمە دیمەنێکی زنجیرەی کۆمیدی "بەرەو بەرزاییەکانە" کە جیایدەکاتەوە لە زنجیرەکانی پێش خۆی و ئومێدبەخشە کە کۆمیدیای کوردی بچێتە قۆناغێکی نوێوە و لە ناوچەییبوون رزگاری بکات.

گرفتێکی سەرەکی کۆمیدیای کوردی ‌هەمیشە ئەوەبووە زیاتر پشتی بە ئەکتەری کۆمیدی بەستووە وەک لە دروستکردنی دۆخی خەندەئامێز (Situational Humor) بە شێوەیەکی ئەکادیمی. هەندێکجار هەست بەوە دەکرێت ئەکتەرەکان تا ئاستی جنێودان فشار لە خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی بتخەنە پێکەنین. ئەمەش وایکردووە کۆمیدیایەکی ئاست نزم دروست بێت کە نەتوانێت سنووری ناوچە و کات تێپەڕێنێت و تەنیا خەڵکی ئەو شارە بخاتە پێکەنین کە کارەکەی لێ بەرهەم هاتووە.

هەرگیز بیرت لەوە نەکردووەتەوە بۆ بە دیار کۆمیدیای گەلانی دیکەوە پێدەکەنیت؟ بۆ نموونە، چی زنجیرەی کۆمیدی ئەمریکی "هاوڕێکان - Friends" ـی کردووە بە زنجیرەیەکی جیهانی کە خەڵکی کولتوور و باکگراوندە جیاوازەکان لێ تێبگەن؟ ئایا دەکرێت کۆمیدیای کوردی بگاتە ئاستێک کە عەرەبێک، فارسێک یاخود ئینگلیزێک بهێنێتە پێکەنین؟

لە نێو گەلاندا کۆمیدیا لە زانکۆکان دەخوێندرێت. لە ئەمریکا، لە زانکۆی ئێمێرسن، دەتوانیت ببیتە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە کۆمیدیا. لە زانکۆکانی دیکەی وەکو هارڤارد و نیویۆرک کۆرسی کۆمیدیا دەگوترێتەوە. کۆمیدیا زانستێکە کە دەکرێت فێری ببیت و مەرج نییە سیناریۆنووس پێویستی بە ئەکتەری کۆمیدی بێت تا خەڵکی بخاتە پێکەنین. بەڵکو زۆر جار دۆخی کۆمیدی دروست دەکات. بۆیە لەم زانکۆیانە ئامرازی سەلمێندراو دەگوترێتەوە کە دەکرێت هەر کەسێک بکاتە نوسەرێکی کۆمیدی.

ئەو نموونەی سەرەوەی زنجیرەی "بەرەو بەرازییەکان" دەچێتە ژێر ئامرازێکەوە کە لە دونیای ئەکادیمیدا پێی دەوترێت "زیادەڕۆیی - Exaggeration". کەسێک لەبەرئەوەی کێشی زۆرە، دەکرێت تەواوی ئۆکسجینی نێو بەرزکەرەوەکە بۆخۆی ببات و گیانی باوک و دایکی بخاتە مەترسییەوە. بە فێربوونی ئەم ئامرازە، نووسەر دەتوانێت دەیان و سەدان نوکتەی لەم جۆرە دروست بکات.

زیادەڕۆیی گەورەکردنی لە ڕادەبەدەری شتەکانە، بە تایبەت ئەو شتانەی نائاسایین و پێویستیان بەوەیە لە قەبارەی خۆیان زۆر گەورەتر بکرێن بۆ ئەوەی بە جوانی ببینرێن. ئەم ئامرازە زیاتر لە دایەلۆگەکانی کارەکتەری میمی و کۆمیدیای جەستەی کارزاندا دەردەکەوێت. زیادەڕۆیی بۆ دروستکردنی تەنزیش سوودی لێ بینراوە کاتێک هێزێکی زۆری پۆلیس تەوقی باڵەخانەیەک دەدەن بۆ گرتنی عەرەبانەچییەکی بێ دەسەڵات، وەک ئەوەی بە دوای چەند مافیایەکەوە بن.

لەم زنجیرەیەدا دۆخە خەندەئامێزەکان بە شێوەیەکی ئەکادیمی نووسراون، ئەمەش وایکردووە کۆمیدیایەکی ڕەسەنی چێژبەخش دروست بێت و سیناریۆنووسیش بتوانێت بە پشتبەستن بە تەکنیکە سەلمێندراوەکانی کۆمیدیا، دەیان دۆخی خەندەئامێز دروست بکات.

پسپۆڕان لانیکەم حەوت ئامرازی دیکەی باویان دەستنیشانکردووە کە زانینیان پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی کۆمیدیا. سیناریۆنووس شوان کەریم ئەو ئامرازە سەرەکییانەی لە زنجیرەکەیدا بەکارهێناوە.

1. هەڵەتێگەیشتن (Misunderstanding)
هەڵەتێگەیشتن ئامرازێکی سەرەکی دۆخی خەندەئامێزە کە چەند جارێک لەم زنجیرەیەدا بەکار هاتووە. ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە کەسێک بە هەڵە لە مەبەستی کەسێکی تر تێدەگات یان بە هەڵە خوێندنەوە بۆ دۆخەکە دەکات، لە ئەنجامدا کارەکتەرەکان لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە مامەڵە دەکەن. لێرەدا بینەر ئەو ڕاستیانە دەزانێت کارەکتەرەکان نایزانن و ئەمەش دۆخێکی خەندەئامێز دروست دەکات کە بە دراماتیک ئایرەنی (Dramatic irony) ناسراوە.

لە ئەڵقەی دووەمی زنجیرەکەدا کەسێک لە ماڵەکەیدا بەسەر دزێکدا دێت. دوای چەند خولەکێکی کەم، پۆلیس دەگاتە باڵەخانەکە. خاوەن ماڵ بەسەرسامییەوە ئێژێت "بۆ ئەڵێن ‌حکومەت خراپە، ئەوەتا بە دەقەیەک گەیشتن." بێ ئاگا لەوەی کە پۆلیس بەدوای کەسێکی دیکە کەوتوون نەک بۆ هانای ئەو. هەڵەتێگەیشتنێکی سادە ئەم ڕووداوە جدییەی زنجیرەکەی بۆ دیمەنێکی پێکەنیناوی گۆڕی.

2. ناسنامەی هەڵە (Mistaken identity)

ناسنامەی هەڵە ئامرازێکی گرنگی کۆمیدیایە کە کەسێک بەهەڵە وادەزانرێت کەسێکی دیکەیە یان کەسێک ىۆ مەبەستێک خۆی وەک کەسێکی تر پیشان دەدات.

لە بیرۆکەی بەرەو بەرزاییەکاندا دوو کەس لە باڵەخانەیەکدا گیریان خواردووە و خۆیان لە پۆلیس دەشارنەوە، بۆیە ناچارن ناسنامەی خۆیان لە یەکتری و لە دانیشتووانی باڵەخانە بشارنەوە. ئەم بیرۆکەیە بناغایەکی گرنگی داناوە بۆ سەدان دۆخی خەندەئامێز و بزوێنەری دروستبوونی دۆخی خەندەئامێزە. شاردنەوەی ناسنامە لە لایەن کارەکتەرەکانەوە دەبێتە هۆی هەڵەتێگەیشتن و دروستبوونی گرژی و دۆخی چاوەڕواننەکراو و ترسی ئاشکرابوون و هەموو ئەمانەش سەردەکێشن بۆ دروستبوونی کۆمیدیا. نموونەی لەم جۆرە هەر یەک لە ڕۆمانی "گێلە پیاو"ـی عەزیز نەسین و زنجیرەی "پیاوی هەزار ڕوو" و  فیلمی "ڕەزا مارمێلکە"ـن، ئەم بەرهەمانە بەتەواوەتی لەسەر ناسنامەی هەڵە بنیات نراون.

لە ڕۆمانی گێلە پیاوی عەزیز نەسیندا، کارەکتەری سەرەکی دوای هەزار دەردەسەری و زیندانی و برسێتی و بێپارەیی، ڕێی دەکەوێتە شارێکی تورکیا، خەڵکەکە بە هەڵە وا تێدەگەن ئەم کەسە ئەڵمانییە و موسڵمان بووە، بۆیە خزمەتێکی زۆری دەکەن و گێلە پیاو دەخەنە ناز و نیعمەتەوە، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک دەلاکێک دەهێنن بۆ ئەوەی خەتەنەی بکات، ئیتر ڕیسەکەی دەبێتەوە بە خوری.

ناسنامەی هەڵە چەند جارێک لەم زنجیرەیەدا بەکار هاتووە. کارەکتەری میمی کە قوربانی بازاڕێکی بێ سەروبەری بێ چاودێرە و بەهۆی بەکارهێنانی شامپۆیەکی خراپەوە دەموچاوی ئاوساوە، بەهۆی هەڵە تێگەیشتنێکەوە کارزانی لێ دەبێت بە دکتۆر، کارزانیش کە فڕی بەسەر دکتۆرییەوە نییە، لە جیاتی ئەوەی ئامێری ستێتۆسکۆپەکە بخاتە سەر سنگی نەخۆشەکە، دەیخاتە سەر کەلەی. گۆڕینی ناسنامەی کارزان لە دزێکەوە بۆ دکتۆرێک و ڕەفتار و چارەسەرە سەیرەکانی ئەم دکتۆرە ساختەیە، دۆخێکی کۆمیدی دروست کردووە.

ناسنامەی هەڵە زۆر جار سەر دەکێشێت بۆ دۆخی ئیحراجی کە بەشێکی گرنگی دۆخی خەندەئامێزە، ئەو کاتەی کارزان و پەرۆش خۆیان دەکەن بە ئاهەنگەکەدا، پێم باش بوو بەشداربووانی ئاهەنگەکە وا تێبگەیشتنایە کارزان نووسەرێکی بەناوبانگە و داوایان بکردایە وتارێکی کورتی چەند خولەکییان پێشکەش بکات. ئەو کاتە جگە لە کۆمیدیای ناسنامەی هەڵە، خراپی توانای قسەکردنی کارزان و ڕەفتاری منداڵانەی کە لەگەڵ نووسەرێکدا یەک ناگرێتەوە، دۆخێکی ئیحراجی و خەندەئامێزی دروست دەکرد.

3. ماسی دەرەوەی ئاو (Fish Out of Water)
لە کۆمیدیادا، ماسی دەرەوەی ئاو واتە کەسێک لە شوێنێک یان دۆخێکدایە کە پێی ئاشنا نییە. ئەمەش دۆخێکی کۆمیدی دروست دەکات بەو هۆیەی کەسەکە لە یاساکانی ئەو ژینگە نوێیە تێناگات کە تێیکەوتووە و ڕەفتار و قسەکانی لەو جێگەیەدا سەیر و نامۆن.

کارەکتەری پەرۆش کە لە چینێکی هەژاری کۆمەڵگایە و ئاشنا نییە بە ژیانی باڵەخانە و شێوازی ژیانی خەڵکی چینی سەرووتر، قسە و جووڵەکانی جگە لە پیشاندانی جیاوازی دوو چینی کۆمەڵگا، دۆخی خەندەئامێز دروست دەکەن. لە ئەڵقەی شەشەمدا پەرۆش نازانێت شوێنی فڕێدانی خۆڵی باڵەخانە چییە و کاتێک پرسیار دەکات، کارزان بە تەوسەوە پێی ئێژێت "ئەوە دەستی پیا دەکەیت و شتت بۆ دەردەچێ." هەروەها پەرۆش کاتێک دێتە ناو ئاهەنگەکەوە، دەستەکانی لە پشتی داناوە و سڵاو لە خەڵک دەکات، کارزانیش پێێ ئێژێت "خۆ مزگەوت نییە هەموو دەقەیەک سەلام ئەکەیت لە خەڵک."

4. ناکۆکی (Incongruity)
کاتێک شتێک لە جێگەی خۆیدا نییە و ناڕێکە، یان دوو شت بەیەکەوە ناگونجێن و بەیەکەوە دایان دەنێین، ناکۆک بوون یان ناتەبایی دروست دەبێت. لە ئەنجامی ئەم ناکۆک بوونەدا دۆخی چاوەڕوان نەکراوی کۆمیدی دروست دەبێت. زنجیرەی بەرەو بەرزاییەکان تا ڕادەیەکی زۆر سوودی لەم تەکنیکە بینیوە بە هەموو شێوازەکانییەوە. بۆ نموونە ڕەفتاری منداڵانەی کارزان و تەمەنەکەی لەگەڵ یەکدا ناکۆکن. کەسایەتی نامۆی کارزان و کەسایەتی جدی پەرۆش لەگەڵ یەکدا ناکۆکن. دایک و باوکی ڕاستی هەر کاتێک دەچنە داوای ژن بۆ کوڕەکەیان، کێشەیەک دێتە پێشەوە، لێرەدا چاوەڕوانییەکانیان و واقعەکە ناکۆنن. کارزان لە ژووری خۆڵ فڕێدانەکە لە هەستیارترین کاتدا لە جیاتی ئەوەی پلانی دەربازبوون دانێت، بیری لای ئەوەیە ژوور بە یەک واو دەنووسرێت یان دوان. هاوکات قسە و ڕەفتارەکانی تری لەگەڵ یەکدا ناکۆکن، بۆ نموونە لە ماڵی کامەران بەردەوام هەڵدەستێتە سەرپێ، کەچی ئەو بە پەرۆش ئێژێت "ئەم هەموو هەستان و دانیشتە چییە؟" لە ماڵێکی تریشدا بە پەرۆش ئێژێت، "دەسکاری هیچ مەکە"، کەچی خۆی دەرگای کەوانتەرەکە دەکاتەوە. (هەرچەندە لێرەدا بەهۆی جیاوازی 10 چرکەی نێوان قسە و کردارەکەی، ئەو دۆخە کۆمیدییە دروست نەبووە کە پێویست بوو دروست بێت، بە گشتی گونجاندنی کات لە کۆمیدیادا زۆر گرنگە و ئەگەر بە دروستی بەکار نەهێنردرێت، کۆمیدیا دروست نابێت.)

5. گەڕانەوە بۆ دۆخی خەندەئامێز (Callback Humor)
گەڕانەوە بۆ دۆخی خەندەئامێز جۆرێکە لە کۆمیدیا لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ نوکتە یان دۆخێکی خەندەئامێز کە پێشتر ڕوویداوە. واتا کارەکتەر ئاماژە بۆ شتێک دەکات کە پێشتر باسکراوە و بینەر دەیناسێتەوە، ئەم بیرهێنانەوەیەش جارێکی تر بینەر دەخاتەوە پێکەنین. لە ئەڵقەی دووەمی زنجیرەکەدا پەرۆش بە کارزان ئێژێت "حەیامان مەبە."، کارزانیش وەڵامی دەداتەوە "محەلەبی بخۆی بۆ حەیات دەچێ؟" لە ئەڵقەی چواردا پەرۆش بە کارزان ئێژێت "پێڵاوەکەت دانێ با حەیامان نەچێ."، کارزانیش وەڵامی دەداتەوە "من محەلەبی ئەخۆم تۆ حەیات ئەچێ، پێڵاو دانەکەنم تۆ حەیات ئەچێ."

6. گاڵتەی بەردەوام (Running Gag)
نوکتەی دووبارە یان گاڵتەی بەردەوام دەربڕینێکە یان بارودۆخێکە چەندین جار بە درێژایی فیلمێک یان زنجیرەیەک دووبارە دەبێتەوە. ئەم نوکتانە بە تێپەڕبوونی کات و دووبارەبوونەوە، پێکەنیناویتر دەبن و پەیوەندییەکی تایبەت لەگەڵ بینەر دروست دەکەن. لەم زنجیرەیەدا هەر کاتێک ڕاستی دەیەوێت بچێتە داوای ژن، گرفتێک دێتە پێشەوە، چەند بارە بوونەوەی ئەم کێشەیە لە زنجیرەکەدا، نوکتەی بەردەوامی دروستکردووە.

7. دەستەواژەی ناسراو (Catchphrase):
کاتێک کارەکتەرێک بەردەوام ڕستەیەک یان دەربڕینێک دووبارە دەکاتەوە، ئەو دەستەواژەیە دەبێتە مۆرکی کارەکتەرەکە و ئەمەش بۆ ماوەیەکی زۆر لە بیری بینەردا دەمێنێتەوە. دەستەواژەی ناسراو بەشێکی گرنگە لە ناسنامەی کارەکتەر. ئەم دەستەواژانە ئەگەرچی قسەی ئاسایی بن، دووبارە بوونەوەیان بینەر دەخەنە پێکەنین. کارزان لە دانیشتی چارەسەرکردنی کێشەی ژن و پیاوێکدا بە شێوەیەکی نامۆ هەردوو دەستی دەخاتە سەر چاوی و بە بێزارییەوە ئێژێت: "ئەگەر ئاشت دەبنەوە پێمان بڵێن، ئاگر ئاشت نابنەوە پێمان بڵێن." هاوشێوەی ئەم دەستەواژەیە، دوو بۆ سێ جار لە دۆخی جیاوازدا دووبارە دەبێتەوە. (باشتر بوو چەند جارێکی تر بە درێژاییی زنجیرەکە ئەمە دووبارە ببوایەتەوە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی جێی خۆی بگرێت.)

ئامرازە کۆمیدییەکانی تر:
جگە لەو ئامرازە سەرەکییانە، چەند ئامرازێکی تر بەکارهاتوون لەوانە کۆمیدیای کارەکتەر (Character-driven comedy) بە تایبەتی لە کارەکتەری کارزان و گوڵزاردا، کەمکردنەوە (Understatement) با تایبەت لە دایەلۆگەکانی كارەکتەری لە بیرنەکراوی گوڵزار کە سەرەڕای زۆر قسە کردنی، ئێژێت "ئەوەنە زمانم سوتا و پرسیارێکم کرد …  خۆ پیاما تەقینەوە!"، هەروەها کۆمیدیای جەستە (Slapstick) بە تایبەت لە کارەکتەری کارزاندا کە زۆر بە جوانی بەرجەستەی دەکات، و تەوس و توانجەکانی فایەق بەرامبەر بە گوڵزاری هاوژینی. هەروەها یاریکردن بە وشەکان بۆ دروستکردنی قسەی کۆمیدی بە شێوەیەکی ئەکادیمی، بە سوود بینین لەو وشە کوردییانەی زیاد لە مانایەکیان هەیە.

سەرەڕای ئەوەی لەم زنجیرەیەدا کۆمیدیا بە شێوەیەکی ئەکادیمی ئاست بەرز نووسراوە، هێشتا بەدەر نییە لە ڕەخنە. یەکێک لە کێشەکان کاردانەوە توڕە و توند و خێراکانی پەرۆشن بەرامبەر بە کارزان کە سەرنجی بینەر لە بێمانایی دۆخەکەوە بە خێرایی دەبەنە سەر ناکۆکی نێوان هەردوو کارەکتەرەکە، لە کاتێکدا دەبێت سەرنجی بینەر لەسەر ڕەفتارە منداڵانە و قسە بێماناکانی کارزان بۆ چەند چرکەیەک بمێنێتەوە. گرنگە کاردانەوەی پەرۆش بۆ ماوەی چەند چرکەیەک سەیرکردنێکی بێزار یان سارد و سڕی بێهەست (Deadpan) بێت، ئەمەش بۆ ئەوەی بینەرانیش لەگەڵ ئەودا هەست بە بێمانایی ڕەفتار و قسەکانی کارزان بکەن پێش ئەوەی پەرۆش تووڕە بێت یان قسەیەک بکات.

لە سیتکۆمی (Brooklyn Nine-Nine) کامێراکە هەمیشە لە ڕێگەی کراش زووم یان سناپ زوومەوە بۆ سەر دەمووچاوی سارد و سڕی کاپتن ‌هۆڵت، باشتر ڕەفتارە منداڵانە و بێباکییەکانی لێکۆڵەر جەیک پراڵتا دەرک پێدەکەین. لە ماکیومێنتەری ئەمریکی ئۆفیسەکە (The Office) کە هەموو زنجیرەکە لەسەر بێمانایی (Absurdity) کارەکتەرەکان و دۆخەکە بنیاتنراوە، کارەکتەری جیم بە شکاندنی دیواری چوارەم و سەیرکردنێکی سارد و سڕی کامێرا چاو دەبڕێتە بینەر و بێمانایی دۆخەکەمان تێدەگەیەنێت.

وەڵامدانەوە خێراکانی پەرۆش لەو کاتانەدا گونجاوە ئەگەر هەردوو کارەکتەر بە تەوس و توانجەوە ڕووبەڕووی یەک ببنەوە، چونکە بەهێزی تەوس و توانج لە خێراییەکەیدایە. لە زنجیرەی کۆمیدی هاوڕێکاندا (Friends)، ئەو کاتانەی کارەکتەرەکان تەوس و توانج لە یەکدی دەدەن، دایەلۆگەکان خێران و دیمەنەکانیش زوو زوو دەگۆڕێن. بەڵام هەر دۆخەکە سارد دەبێتەوە و دۆخێکی بێمانا یان ئیحراجییەک دروست دەبێت، جگە لە خاوبوونەوەی دایەلۆگی کارەکتەرەکان، گۆڕینی دیمەنەکانیش خاو دەبنەوە و هەندێک جاریش ساتی بێدەنگ دروست دەبێت.

بەم شێوەیە، سەرەڕای کەموکوڕییەکان و ڕەخنەی شارەزایانی فیلم، بەرەو بەرزاییەکان دەبێتە وەرچەرخانێکی گرنگ لە کۆمیدیای کوردی کە بە شێوازێکی ئەکادیمی و بە پشت بەستن بە تەکنیکە سەلمێندراوەکانی کۆمیدیا و تەنز نووسراوە و لەم ڕێگەیەوە دەستی خستووەتە سەر برینە ورد و قوڵەکانی کۆمەڵگای کوردی. ئەم زنجیرەیە ئاستی کۆمیدیای کوردی بە جۆرێک بەرز کردووەتەوە، کاری ئەو کەسانەی زۆر قورس کردووە کە فیلمی کۆمیدی دروست دەکەن. ئەگەر دروستکردنی کۆمیدیای لەم جۆرە بەردەوام بێت و بینەران چێژ لە کۆمیدیای ڕاستەقینە ببینن، چیتر قبوڵی ئەوە ناکەن هەزەلیات و گاڵتەجاڕییان بە ناوی کۆمیدیاوە پیشان بدرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: