کۆڕەوی ملیۆنی؛ کارەساتێکی مرۆیی و وەرچەرخانێکی مێژوویی

کۆڕەوی ملیۆنی؛ کارەساتێکی مرۆیی و وەرچەرخانێکی مێژوویی

گرافیکی ئاڤا

ئاڤا نیوز

لە سەرەتای بەهاری ساڵی 1991دا، باشووری کوردستان بە یەکێک لە خوێناویترین و کارەساتبارترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی خۆیدا تێپەڕی. لەو ڕۆژگارەدا و لە دوای شکستێکی ئابڕووبەرانەی سوپا و ڕژێمی سەددام حوسێن لە شەڕی گەردەلوولی بیاباندا، ڕاپەڕینێکی جەماوەریی سەرتاسەری لە دژی ئەو ڕژێمە ستەمکارە سەریهەڵدا و لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا هەموو خاک و خەڵکی باشووری کوردستان ئازادکران. سەرەڕای بەرفراوانی و بەهێزیی ئەو ڕاپەڕینە مەزنە، هێرشی پێچەوانەی سوپای سەرکوتکار و دڕندەی سەددام، بووە هۆی پاشەکشە و شکستێکی کاتیی ڕاپەڕین و ملیۆنان کوردی سڤیلی ناچار بە کۆڕەوێکی مێژوویی کرد بەرە و سنوورەکانی ئێران و تورکیا بۆ دەربازبوون لە چنگی هێزە دڕندەکانی عێراق.

لەگەڵ پێشڕەویی زیاتری هێزی سەرکوتکاری عێراقیدا، لێشاوی ڕەوی دانیشتوانی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەتینتر و بەرفراوانتر دەبوو. ئیدی تا دەهات دیمەنە تراژیدییە دڵ تەزێنەکان زیاترو زیاتر دەبوون؛  دایک بە جەستەیەکی لاواز و پۆشاکێکی تەنک وتیواڵ و شڕەوە، بە چاوی پڕ لە ترس و فرمێسکەوە، لەژێر لێزمەی باراندا سەرتاپای لە قوڕ و لیتە هەڵکێشراو، کۆرپەیەکی برسیی تووند بەسینگییەوە نووساندووە. بە هەردوو دەستی لەرزۆکیشی توند توند دوو منداڵی لەقوڕ هەڵکێشراوی زەندەقچوو بەدوای خۆیدا پەلکێشدەکات .. پیاوێکی پیری بەساڵاچووی لە خانەوادە بەجێماو، لەپاش چوار هەنگاوی قورسی هەڵزنان بە هەوراز و بە ناو قوڕو لیتەدا پەکی دەکەوێت و وەک منداڵێکی ونبووی ناو شەیتان بازاڕێکی شڵەژاو، بە سەرسووڕمان و نائومێدییەوە، بەچواردەوری خۆیدا دەڕوانی .. نە هیچی بۆ دەگوترێ، نە هیچ لەو دۆخە حاڵی دەبێت!  سەدان منداڵ و نەوجەوانی  بێ ئاگا لەوەی کە ڕوویدەدا،  لە برسان و لە ترسان و لە سەرمان، نووقمی تاریکیی ئەنگوستە چاوی شەو و، ناو لیتەی قوڕی خەستی قەدەری ئەم کوردە ببوون و لە کەسوکاریان جێ مابوون.

بە درێژایی 10 شەو و 10 ڕۆژ هەر بەرەبەیانێک دەیان هەواڵی دڵتەزێنی نوێی پێبوو. دەیان خێزان لەگەڵ کازیوەی بەرەبەیاندا، لەخەوێکی تاڵی پچڕ پچری بن درەخت و دەوەنێک، ناو کەلاوەیەک، هەڵدەستان و دەیانبینی منداڵێكیان، بەساڵاچوویەک یان نەخۆشێکیان لە برسان و لە سەرمان و لە ترساندا لەسەر ئەو قوڕ وبەردەڵانە، جەستەی گرمۆڵەبووە و ڕەنگی پەڕیوە، دەمێکە بەبێ دەنگی لەژێر ئاسمانێکی بەگرمە و ناڵە و هەورەبرووسکەدا گیانی سپاردووە.

لەئاسمانەوە بێ بەزەییانە، بارانێکی بێ وچانی بەخوڕ دایکردووە دەڵێی هەموو ئەم گەردوونە شیوەنی بۆ کورد گێڕاوە .. سەرزەمینی بەمین چێنراوی جێگە پێی ملیۆنان مرۆڤ، نشێوو  بەرز و هەزار بەهەزار.. قوڕو لیتە و تەڕو خلیسک. ڕێگەی سەخت و هیوا دوور بوو. ئامانج ڕووکردنە سنوور بوو. سنوور لە کوێیە و چەند دوورە؟ ئەی خودا بۆ لەم مەینەتییە نایەتە دەنگ، بۆچی ڕەحمی فریادڕەسێک هێندە دوورە؟ ئەو خەڵکە بە لێشاو ملی ناوە بەرەو کوێ؟ ئاخۆ ئەو کوێیە لە کوێیە و کەی دەیگەنێ؟ کەس هیچ کەسێک وەڵامێکی ڕاستی لانەبوو!

پاش هەفتە و 10 ڕۆژی زۆر سەخت، ملیۆنان کورد گەیشتنە سەرمەرزەکانی ئێران و سنوورەکانی تورکیا. لەوێش لە دوای چەندین ڕۆژ و شەو ئینجا دەرگاو دەروازەی وڵاتان بە ڕووماندا کرانەوە..

وێنەو ڤیدیۆی ملیۆنان کوردی ئاوارە و بێ نان و ئاو و بێ جێگە و ڕێگەی ناو چیا و دەشت ودۆڵی کوردستان،  جیهانی تووشی شۆکێکی کەم وێنە کرد کە ڕێی خۆشکرد بۆ دەستوەردانێکی نێودەوڵەتی . فشاری میدیا و هەڵوێستی هونەرمەندان  و هاوسۆزیی ڕای گشتیی لە جیهاندا، بە دەسپێشخەریی فەرەنسا و  پاڵپشتیی ئەمریکا و بەریتانیا، بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی، نەتەوە یەکگرتووەکان زۆنی قەدەغەی فڕینی لە "باکوری عێراق" ڕاگەیاند و ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی ناوچەی ئارام و دڵنیایی کە ناوچەیەکی پارێزراو بوو لە چوارچێوەی باشووری کوردستاندا، چووە واری جێبەجێکردنەوە، ئەو بڕیار و دەستوەردانە نێودەوڵەتییە ڕێی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان خۆشکرد.

هەر ئەو دەستوەردانە نێودەوڵەتیی و مرۆییە بووە فاکتەرێکی بەهێزی گۆڕینی چارەنووسی ڕەوت و ڕێڕەوی سیاسی لە باشووری کوردستان و سەرهەڵدانی قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆی کوردی لەسایەی پارێزبەندییەکی نێودەوڵەتیدا. دواتریش زەمینە سازبوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992دا.

کۆڕەوی ملیۆنیی کورد بەهەردوو دیوی ئەرینی و نەرێنیدا شوێنپەنجەی خۆی بەسەر کۆ یادگە و یادەوەریی تاک بەتاکی کوردەوە جێهێشت و چەندین گۆڕانکاری دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتیی لێکەوتەوە کە تا ئەمڕۆش کاریگەرییەکانیان دیار و بەرچاون.

کارەساتی کۆڕەو و ئاوارەبوویی ملیۆنان مرۆڤ لە بەهاری 1991دا، خاڵی وەرچەرخانێکی ڕیشەیی بوو لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی کورددا. کۆڕە و وەڵامدانەوەیەکی بنبڕی یەکلاکەرەوەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردبوو بەڕووی  چەوساندنەوە و داگیرکاری و زوڵم و ستەمی دیکتاتۆرییەتی عێراقدا. پەیامی خۆڕاگری و زیندووێتیی گیانی ئازادیخوازی و شکۆی کوردبوون بوو.

ئەمڕۆش کە یادی ئەو ڕۆژگار و ڕووداوانە دەکەینەوە، پێویستە تاک بەتاکی کورد و گشت لایەنە سیاسییەکان ئەو کارەساتە وەک بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگری دڕندەیی ڕژێمی بەعسی داگیرکەر وێنابکەینەوە و وەک هەنگاوی دەسپێکی قۆناغێکی تەواو جیاوازی کاروانی خەباتمان بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی میللەتی کورد لەبیربێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: