ناوەڕۆکی دیدگای هاوبەشی کوردی بۆ حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکرێت

شەیری بکە لە:
ناوەڕۆکی دیدگای هاوبەشی کوردی بۆ حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکرێت

کۆبوونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریا دیموکرات

ئاڤا نیوز

 

دیدگای سیاسی هاوبەشی کوردی کە لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا - ئەنەکەسە و پارتی یەکێتیی دیموکرات – پەیەدە داڕێژراوە، لە چوارچێوەی زیاتر لە 25 خاڵ دەخرێتە بەردەم حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕۆژی 18ـی ئازار لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، کۆبوونەوەی شاندی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە)، بە ئامادەبوونی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سکووت بۆڵز، نوێنەری ئەمریکا بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو. لە دوای کۆبوونەوەکە ئەنەکەسە ڕایگەیاند، لەبارەی دیدگای هاوبەشی کورد لە سووریا ڕێککەوتوون.

زانیاریی بەدەستهاتوو: بەگوێرەی سەرچاوەیەک کە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی "شەفەق نیوز" کردووە، وردەکاریی داخوازییەکانی کوردانی سووریای بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە دیدگای سیاسی هاوبەشی کورد لەخۆ دەگرێت، ئاشکرا  دەکات و  ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بڕیارە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بە فەرمی لەلایەن هێزە سیاسییە کوردییەکان لە سووریا ڕابگەیێنرێت.

 

زانیاریی زیاتر: بەڵگەنامەکە لە دوو بەش و زیاتر لە 25 بڕگە پێکهاتووە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سووریا دەوڵەتێکی فرە نەتەوەیی و فرە کولتووری و فرە ئاینییە و دەستوورەکەی دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان بە عەرەب و کورد و سریانی و ئاشووری و تورکمانەوە دەستەبەر بکات، جگە لە مەزهەبە ئایینییە جیاوازەکان، کە لەسەر بنەما دەستوورییەکان دامەزراون. 

دیدگاکە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:- 

 

 • پابەندبوون بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، بنەماکانی هاووڵاتیبوونی یەکسان و مافەکانی مرۆڤ.

• سیستمێکی حوکمڕانی پەرلەمانی تێکەڵاو کە فرەیی سیاسی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان پەسەند دەکات.

• جێبەجێکردنی لامەرکەزی بۆ دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سامان.

• نوێنەرایەتیکردنی هەمەجۆریی نیشتمانی و کولتووری لە ناو و ئاڵا و سروودی نیشتمانی وڵاتدا.

• بێلایەنی دەوڵەت بەرامبەر بە ئایینەکان، لە هەمان کاتدا ناساندنی ئایینی ئێزیدی وەک ئایینێکی فەرمی.

• وەرگرتنی ناسنامەیەکی نیشتمانی گشتگیر کە تایبەتمەندییەکانی هەموو پێکهاتەکان لەبەرچاو بگرێت.

• دڵنیابوون لە یەکسانی جێندەری دەستووری و نوێنەرایەتی ژنان لە دامەزراوەکاندا.

• پاراستنی مافەکانی منداڵان بەپێی ڕێککەوتننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

• پێداچوونەوە بە دابەشکارییە کارگێڕییەکان بۆ ڕەچاوکردنی چڕی دانیشتووان و جوگرافیا.

• وەرگرتنەوەی شوێنەوارە تاڵانکراوەکانی سووریا لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

• هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گۆڕانکاری دیمۆگرافی و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکانی وەک عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی و درێژکردنەوەی سەروەری دەوڵەت بەسەریاندا.

• پێکهێنانی لیژنەیەکی ئامادەکاری بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی کە بەشداریی هەموو لایەنەکانی سووریا مسۆگەر بکات، وەک ئامادەکارییەک بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر و ڕاگەیاندنی دەستووری و حکومەتێکی ڕاگوزەر بە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی تەواوەوە.


لە بواری نەتەوەیی کورددا بەمشێوەیەی خوارەوەیە:-

بەڵگەنامەکە جەخت لەسەر پێویستی دانپێدانانی دەستووری بوونی نەتەوەیی کورد لە سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بە پێی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە. 

• یەکخستنی ناوچە کوردنشینەکان وەک یەکەیەکی سیاسی و ئیداری لە چوارچێوەی سووریایەکی فیدراڵیدا.

• دانپێدانانی دەستووری بە مافەکانی کورد لە سیاسەت و ڕۆشنبیری و ئیدارەدا.

• بەرز نرخاندنی قوربانیدانی شەهیدانی شۆڕشی سووریا و دەستەبەرکردنی مافی بنەماڵەکانیان.

• نوێنەرایەتی دادپەروەرانەی گەنجان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا وەک هێزێکی کاریگەر.

• بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی و دەستەبەرکردنی خوێندن تێیدا.

• دامەزراندنی ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کوردی و پاڵپشتیکردنی لێکۆڵینەوە لەسەر کەلەپووری کورد.

• دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی کورد لە دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییەکانی دەوڵەتدا.

• داننان بە نەورۆز وەک جەژنێکی فەرمی لە سووریا.

• هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی هەڵاواردن دژی کورد، وەک پرۆژەی پشتێنی عەرەبی و ئۆپەراسیۆنەکانی بەعەرەبکردن و قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە.

• گەڕاندنەوەی ڕەگەزنامەی سووریا بۆ ئەو کوردانەی کە بەهۆی سەرژمێری ساڵی 1962 ڕەگەزنامەیان لێسەندرایەوە.

• پەرەپێدانی ژێرخانی ناوچە کوردستانییەکان و تەرخانکردنی ڕێژەیەکی سەدی داهاتی سەروەت و سامانەکەیان بۆ پڕۆژەی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی دەیان ساڵەی پەراوێزخستن و پشتگوێخستن.

ئەوەی لەوبارەیەوە دەگوترێت: بە گوتەی بەرپرسێکی کورد کە قسەی بۆ ئاژانسەکە کردووە "ئەم دیدگایە نەخشەڕێگایەکە بەرەو سووریایەکی دیموکراسی و فرەیی کە مافی هەموو پێکهاتەکانی گەرەنتی دەکات و یەکپارچەیی خاکەکەی لەژێر سیستمێکی فیدراڵیدا دەپارێزێت.

زانیاریی زیاتر: بەگوتەی ئەو بەرپرسه چاوەڕوان دەکرێت له ماوەی چەند ڕۆژێکدا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی له نێویاندا ئەمریکا و فەرەنسا، دیدگای هاوبەشی نێوان هێزه سیاسییه کوردییهکان له سووریا ڕابگەیێنرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: