عێراق لە ئازادیی کاری ڕۆژنامەنووسیدا 155هەمین وڵاتی جیهانە

شەیری بکە لە:
عێراق لە ئازادیی کاری ڕۆژنامەنووسیدا 155هەمین وڵاتی جیهانە

دوو ڕۆژنامەنووس لەكاتی ڕووماڵدا لە عێراق- وێنە: میدیای عێراقی

ئاڤا نیوز

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ڕاپۆرتی ساڵی 2025ی تایبەت بە ئازادیی کاری ڕۆژنامەنووسی لە 180 وڵاتی جیهاندا بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە نەرویج باشترین و چین خراپترین وڵاتی جیهانن بۆ ئازادیی ڕۆژنامەنووسی، عێراقیش لەم بوارەدا پلەی 155هەمینی وەرگرتووە.

چیرۆکی سەرەکی: لە ڕۆژی جیهانی ئازادی کاری ڕۆژنامەوانیدا ڕێکخراوەکانی بواری پاڵپشتی لە میدیا و ڕۆژنامەنووسان داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکەن یاسای بەدەستهێنانی زانیاریی پەسەند بکات کە بەهۆیەوە شەفافیەت دێتەئاراوە و باشتر دەتوانرێت هەنگاو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بنرێت، داواش دەکەن ڕێگریی بکرێت لەوەی یاساکان بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان بەکاربهێنرێت.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، لەکۆی 180 وڵاتی جیهان کە ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور هەڵسەنگاندنی بۆ کردوون، نەرویج، دانیمارک و سوید بە باشترین وڵاتانی جیهان بۆ ئازادی ڕۆژنامەوانی دیاریکراون، وڵاتانی عەرەبیش بەگشتی کەوتوونەتە دواوەی ڕیزبەندییەکە و قەتەر کە لە پلەی 84 هەم دایە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی عەرەبی زۆرترین خاڵی بەدەستهێناوە، دواتریش تونس، مەغریب، لوبنان و کوێت دێن.

ژمارەکان وادەڵێن: بەراورد بە ساڵی ڕابردوو عێراق 14 پلە پێشکەوتنی بەدەستهێناوە، عێراق لە ڕیزبەندییەکەدا 10هەمین باشترین وڵاتی عەرەبییە بۆ ئازادی ڕاگەیاندن، بەوەش پێش هەریەکە لە فەڵەستین، ئیمارات، سعودیە و میسر کەوتووە.

ئەمەش بزانە: هەریەکە لە چین، کۆریای باکوور، ئیریتریا و سووریا وەک خراپترین وڵاتانی جیهان بۆ ئازادی کاری ڕۆژنامەنووسی دیاریکراون، ئەویش بەهۆکاری توندی چاودێری حکومەت لەسەر کاری ڕۆژنامەنووسی، زۆری پێشێلکارییەکان و ترس لە سزادان بەهۆی کاری ڕۆژنامەنوسییەوە.

شەیری بکە لە: