ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی: ئیسرائیل توانای بەرگریکردنی لاواز بووە

شەیری بکە لە:
ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی: ئیسرائیل توانای بەرگریکردنی لاواز بووە

گرافیکی جەنگی ئیسرائیل و ئێران

ئاڤا نیوز

چەند بەرپرسێکی ئەمریکی کە ناویان ئاشکرا نەکراوە قسەیان بۆ ڕۆژنامەیەکی ئەو وڵاتە کردووە, دەڵێن واشنتن چەند مانگێکە ئاگاداری کێشەی توانای بەرگری ئیسرائیلە و کاردەکات بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگری ئەو وڵاتە.

وێنە گەورەکە: ماوەی شەش ڕۆژە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە و هەموو لێکدانەوەکان ئەوەن کە ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی ئیسرائیل دەکات لەڕووی دابینکردنی چەک و سیستمی بەرگری.

لێدوانی فەرمی: بەرپرسێکی ئەمریکی بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی گوتووە، ئیسرائیل قەیرانی کەمی مووشەکی بەرگری هەیە، ئەمەش نیگەرانی دروست کردووە لەسەر توانای ئەو وڵاتە بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران. دەشڵێت، ئەمریکا لە دەریا و وشکانی و ئاسمانەوە کاری کردووە بۆ ئەوەی بەرگری ئیسرائیل بەرامبەر هێرشەکانی ئێران بەهێز بێت.

لەلایەکی دیکەوە: سەرچاوە هەوالگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل باس لەوەدەکەن سیستمی بەرگری ئیسرائیل تەنیا تاوەکو 11 ڕۆژی دیکە توانای بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆنەکانی ئێرانی هەیە، دوای ئەوە ئیتر چەک و مووشەکیان پێ نامێنێت و دەستەوەستان دەبن.

پێدەچێ ئێران هەر لە سەرەتای جەنگەوە هەستی بەم بارودۆخەی ئیسرائیل کردبێت، چونکە بەردەوام بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لێدوان دەدەن ئەگەر جەنگەکە بۆ ماوەیەک درێژە بکێشێت لە بەرژەوەندی ئیسرائیل نابێت.

قووڵتر: بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامه‌ى وۆڵ ستریت جۆرناڵ، مووشه‌كه‌كانی جۆری ئەررۆی ئیسرائیلی كه‌ بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى مووشه‌كی بالیستیكیی ئێرانى و خستنه‌خواره‌وه‌ی به‌كارده‌هێنرێن، ژماره‌یان كه‌مبووه‌ته‌وه، به‌وه‌ش ڕه‌نگه‌ له‌مه‌ودوا ئیسرائیل نه‌توانێت هاوشێوه‌ی هه‌فته‌ی یه‌كه‌می جه‌نگه‌كه‌، به‌رپه‌رچی هێرشه‌كانى ئێران بداته‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ بڵاویكرده‌وه‌، چه‌ند مانگێك پێش ئێستا ئه‌مریكا ده‌یزانى ئیسرائیل مووشه‌كی پێویستی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌ و خه‌ریكه‌ كۆگاكانى مووشه‌كی به‌تاڵ ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ مووشه‌كی زیاتری بۆ بنێرێت، چونكه‌ خۆیشی ژماره‌یه‌كی كه‌می له‌و جۆره‌ مووشه‌كه‌ ماوه‌، بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرسانى جه‌نگى نێوان ئیسرائیل و ئێران له‌ كۆتایی هه‌فته‌ی ڕابردووه‌وه‌، ئه‌مریكا ده‌ستی كردووه‌ به‌ گواستنه‌وه‌ى سیستمی به‌رگریی زیاتر بۆ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاتى پێویستدا به‌ هاناى ئیسرائیله‌وه‌ بچێت و به‌رپه‌رچی هێرشی مووشه‌كه‌كانى ئێران بداته‌وه‌.

له‌باره‌ى ئه‌م زانیارییانه‌وه‌ كه‌ مه‌ترسیی سه‌ر ئیسرائیل ئاشكرا ده‌كه‌ن، سوپای ئه‌و وڵاته‌ به‌ ڕۆژنامه‌كه‌ى ڕاگه‌یاندووه‌، "ئاماده‌ین مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو سیناریۆیه‌كدا بكه‌ین"؛ به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بووه‌ له‌باره‌ى چه‌ك و مووشه‌كه‌وه‌ قسه‌ بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ بكات. ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ هه‌وڵی داوه‌ زانیاریی زیاتر له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ده‌ستبهێنێت و ئاشكرایان بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش په‌یوه‌ندیی به‌ پیشه‌سازیی ئاسمانیی ئیسرائیله‌وه‌ كردووه‌، ئه‌وانیش هیچیان نه‌دركاندووه‌ و قسه‌یان بۆ ڕۆژنامه‌كه‌ نه‌كردووه‌.

مووشه‌كی ئەررۆ چییه‌ و چۆن كارده‌كات و ده‌توانێت چۆن ڕووبه‌ڕووی هێرشه‌كانى ئێران ببێته‌وه‌؟

ئیسرائیل چوار سیستمی به‌رگریی هه‌یه‌، كه‌ ده‌توانێت له‌ ڕێگه‌یانه‌وه‌ به‌رپه‌رچی ئه‌و هێرشانه‌ بداته‌وه‌، كه‌ به‌ مووشه‌ك و فڕۆكه‌ى جه‌نگی و درۆن ده‌كرێنه‌ سه‌ری، دوو له‌و سیستمانه‌ ئه‌ررۆ دوو و ئه‌ررۆ سێن، كه‌ ڕۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ ده‌ڵێت خه‌ریكه‌ مووشه‌كه‌كانى ته‌واو ده‌بن. ئه‌ررۆ دوو ساڵی 2000 دروستكراوه‌ و ئه‌و مووشه‌كانه‌ ده‌خاته‌خواره‌وه‌ كه‌ ده‌گه‌نه‌ ئاسمانى ئیسرائیل، به‌ڵام ئه‌ررۆ سێ كه‌ ساڵی 2017 په‌ره‌ی پێدراوه‌، زۆر پێشكه‌وتووه‌ و ده‌توانێت هه‌ر مووشه‌كێكی بالیستیكی ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی له‌ ئاسمانى ئیسرائیل نزیكببێته‌وه‌، به‌رپه‌رچی بداته‌وه‌ و تێكیبشكێنێت.

ئیسرائیل، گومه‌زی ئاسنیینی هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت له‌ دووریی چوار بۆ 70 كیلۆمه‌تره‌وه‌ مووشه‌ك بپێكێت و بیخاته‌ خواره‌وه‌. هه‌روه‌ها سیستمی به‌رگریی داوود كه‌ ئه‌مه‌یان له‌ دووریی 40 بۆ 300 كیلۆمه‌تره‌وه‌ ده‌توانێت مووشه‌ك بخاته‌ خواره‌وه‌. له‌گه‌ڵ دوو سیستمی دیكه‌ى به‌رگری كه‌ ئه‌ررۆ دوو و ئه‌ررۆ سێن.

ڕۆژنامه‌ى وۆڵ ستریت جۆرناڵ ده‌ڵێت، مووشه‌كه‌كانى ئه‌م دوو جۆره‌ سیستمه‌ خه‌ریكه‌ ته‌واوده‌بن، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیداره‌ بۆ ئیسرائیل. بۆچی؟ چونكه‌ ئه‌مانه‌ ده‌توانن له‌ دووریی دوو هه‌زار و 400 كیلۆمه‌تره‌وه‌ شكست به‌ هێرشه‌كان بهێنن، واته‌ به‌رله‌وه‌ی مووشه‌ك و درۆن بگه‌ن به‌ خاكى ئیسرائیل، هه‌ر له‌ ئاسمانه‌وه‌ و له‌ مه‌ودایه‌كی دووره‌وه‌ ئه‌ررۆ دوو و ئه‌ررۆ سێ تێكیانده‌شكێنن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ