پرسی مووچە بە نادیاری دەمێنێتەوە؛ نۆ ئەندامی دادگای فیدراڵی دەست لەکار دەکێشنەوە

شەیری بکە لە:
پرسی مووچە بە نادیاری دەمێنێتەوە؛ نۆ ئەندامی دادگای فیدراڵی دەست لەکار دەکێشنەوە

سەرۆک و ئەندامانی دادگای فیدراڵی و دراوی عێراقی. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

 ئاڤا نیوز


نۆ ئەندامی دادگای فیدراڵیی عێراق پێکەوە دەست لەکارکێشانەوەیان پێشکەش کرد، ئەمەش کێشەیەکی دیکە بۆ ناردنی مووچە دروست دەکات و چارەنووسی بە نادیاری دەهێڵێتەوە.


چیرۆکی سەرەکی: لەکاتێکدا بڕیار بوو ئەمڕۆ (پێنجشەممە) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی مووچە کۆببێتەوە و فەرمانێکی سالاری بۆ خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان بدات، ئەندامانی دادگای فیدراڵی بەکۆمەڵ دەستیان لەکار کێشایەوە.


زانیاریی تایبەت: بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا، شەش ئەندامی سەرەکیی دادگای باڵای فیدراڵی و سێ ئەندامی دادگای یەدەگ، پێکەوە دەست لەکار کێشانەوەیان پێشکەش کردووە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: دادگای فیدراڵی سەرۆک و هەشت ئەندامی سەرەکی هەیە، لەگەڵ چوار ئەندامی یەدەگ. لە ئەندامە سەرەکییەکان شیعە سەرۆکی دادگا و چوار ئەندام، سوننە دوو ئەندام و کورد دوو ئەندامی هەیە.


لە دوو ئەندامەکەی کورد یەکێکیان لەسەر پشکی پارتی و ئەوی تریان لەسەر پشکی یەکێتییە، ئاڤا زانیویەتی ئەندامەکەی یەکێتیش دەستی لەکار کێشاوەتەوە.


کاریگەری و لێکەوتەکان: چارەنووسی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان بە نادیاری دەمێنێتەوە، چونکە دوای بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ڕاگرتنی مووچە، هەموو چاوەکان لەسەر ئەوە بوون دادگای فیدراڵی بە فەرمانێکی سالاری پرسی مووچە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان یەکلایی بکاتەوە و سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی پابەند بکات بەزووترین کات مووچە بنێرن، دوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگاش، نیسابی یاسایی تەواو نابێت و ناتوانێت فەرمانە سالارییەکە دەربکات.

ئەندامەکانی دادگای فیدراڵی نامەی دەست لەکار کێشانەوەیان پێشکەشی سەرۆکی دادگا کردووە و پێویستە ئەو واژۆ لەسەر دەستلەکارکێشانەوەیان بکات، ئەگەر واژۆکە نەکات پرسەکە بە چەقبەستوویی دەمێنێتەوە، دادگای فیدراڵی هەڵناوەشێتەوە بەڵام ناشتوانێت کۆبوونەوە بکات.

 

هۆکارە زانراوەکان: بابەتەکە هیچ پەیوەندییەکی بە مووچەوە نەبووە و سەرچاوەیەک لە دادگای فیدراڵی بە ئاڤای گوت زۆربەی ئەندامانی دادگا بۆچوونیان لەسەر ناردنی مووچە ئەرێنی بووە.


یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکیی نێوان دادگای فیدراڵی بە سەرۆکایەتیی جاسم عەبوود و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بەسەرۆکایەتیی فایەق زێدان. لە ماوەی ڕابردوودا چەندین بڕیار لەلایەن دادگای فیدراڵی دەرکراون بەڵام لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ڕەتکراونەتەوە و ڕاگیراون.


هۆکارێکی دیکە پەیوەندی بە کەیسی ناوچەی دەریایی خۆر عەبدوڵڵاوە هەیە، ڕێککەوتننامەی سنووری نێوان عێراق و کوەیت، کە یەکێکە لە ئاڵۆزترین کێشە سنوورییەکانی عێراق

 
ئەمانە بزانە: خۆر عەبدوڵڵا تاکە دەرەچەی ئاویی عێراقە بەرەو کەنداو، رێگەیەکی ئاویی تەسکە، دەکەوێتە باکووری کەنداوی عەرەبییەوە و لایەکی نیمچە دوورگەی فاوە لە سنووری عێراق، لایەکەی دیکەشی هەردوو دوورگەی بوبیان و وەربەیە لە کوەیت. 


پێشتر ناوچەکە لەدەست عێراق بوو، بەڵام بەپێی بڕیاری 833ـی ساڵی 1993ـی ئەنجوومەنی ئاسایش، ناوەڕاستی خۆر عەبدوڵڵا، دەبێتە سنووری ئاویی نێوان عێراق و کوەیت، هەردوولاش بە تەواوی ئازاد دەبن لە هاتووچۆکردن لە هەردوو دیوی سنوورەکەدا، واتا هەر وڵاتێک دەبنە خاوەنی نیوەی ناوچە ئاوییەکە.

ئەم بڕیارە بە زۆرەملێ سنووری وشکانی و دەریایی نێوان عێراق و کوێتی دیاری کرد. عێراق لەو کاتەدا لەژێر گەمارۆدا بوو و بە ناچاری قبووڵی کرد.

دواتر ڕێککەوتنی ڕێکخستنی دەریاوانی خۆر عەبدوڵڵا لە ساڵی 2012 لەنێوان عێراق و کوەیت واژۆکرا و لە ساڵی 2013 پەسەند کرا، بە ئامانجی ڕێکخستنی دەریاوانی و پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ چاودێریکردنی، ژینگە و سەلامەتیی ڕێڕەوی ئاوی، بەڵام دادگەی باڵای فیدراڵی لە ساڵی 2023 ڕێککەوتنەکەی بە نادەستووریی دانا، بەهۆی ئەوەی "دوو لەسەر سێی پەرلەمان دەنگی لەسەر ڕێککەوتنەکە نەدابوو، لەکاتێکدا بۆ پەسندکردنی هاوپەیمانی و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، دەبێت بەلایەنی کەمەوە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدەن."

د.لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوایان لە دادگای فیدراڵی کردووە بڕیارەکەی ساڵی ٢٠٢٣ی هەڵپەسێرێت یان هەڵیبووەشێنێتەوە، ئەوان پێیانوایە هەڵوەشاندنەوەی یاساکە لەلایەن عێراقەوە پاشگەزبوونەوەیە لە ئەرکە نێودەوڵەتییەکان و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، بەڵام ئەندامانی دادگای فیدراڵی ڕازینەبوون بڕیارەکە هەڵبووەشێننەوە بۆیە هەڵوێستیان وەرگرتووە.

ماوەیەکە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بووەتە هۆی ئاڵۆزییەکی دیپلۆماسیی تووند لە نێوان عێراق و کوێتدا. کوێت ناڕەزایەتیی تووندی دەربڕیوە و سکاڵای بردووەتەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان. 

لەناوخۆی عێراقیشدا کێشەکە بووەتە جێگەی مشتومڕ؛ هەندێک وەک هەنگاوێکی نیشتمانیی بوێرانە سەیری دەکەن و هەندێکی تر ترسیان لە دەرەنجامە نێودەوڵەتییەکان و گۆشەگیربوونی عێراق هەیە.


زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ