دوای 12 ڕۆژ لە جەنگ ئێران لە دۆخێکی ناهەموار و سەخت دایە

شەیری بکە لە:
دوای 12 ڕۆژ لە جەنگ ئێران لە دۆخێکی ناهەموار و سەخت دایە

گردبوونەوەی هاوو:ڵاتییانی ئێران دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست

ئاڤا نیوز

 

کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای کۆتایی هاتنی جەنگ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بۆ سەقامگیرکردنەوەی دۆخی ئەمنی وڵات سەدان کەسی دەستگیرکردووە و هێزی زیاتری سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر کردووە. 

 

وێنە گەورە: دوای ئەوەی لە ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی 13-06- 2025 ئیسرائیل هێرشی فراوانی کردە سەر ئێران و بەهۆیەوە زیاتر لە 31 فەرماندەی سەربازی و 16 زانای بواری ئەتۆمی کوژران، دواتر شارەزان باسیان لەوەکرد ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە هەواڵگریی ئیسرائیل دەستی بەهێزی لەناو دەزگا ئەمنییەکاندا هەیە. 

 

بڵاکراوەی فەرمی: بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هانا" لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان 56 کەس دەستگیر کراون، بەڵام چالاکوانان باس لەوە دەکان زیاتر لەو ژمارەیە دەستگیر کراون. 

 

لێدوانی فەرمی: کاوە بەهرامی، بەرپرسی هێزی سەربازیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دەڵێت: لەم ماوەیە دا حکومەتی ئێران هێزی سەربازی زیاتری هێناوەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمەش بەبیانوو ئەوەی دەوڵەت ترسی لە جوڵانەوەی نائاسایی هەیە و ترسی لە ڕاپەرینی خەڵک هەیە. 

 

لەلایەکی دیکەوە: مەسعود کوردپوو، ڕۆژنامەنووس باس لەوە دەکات، لە دۆخی ئێستا دا ئەگەری ڕاپەرین زۆر لاوازە و دەسەڵات بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ڕەنگە پەنا بۆ ڕیفۆرم خوازەکان ببات. 

 

زانیاریی زیاتر: لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا دەیان کەس بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کراون و 6 کەسی دیکەش بە تۆمەتی سیخوڕی لە سێدارە دراون کە 3 کەسیان کورد بوون.

 

ئەو سێ کوردەی کە لە سێدارەدراون خەڵکی شارەکانی سەردەشت و ورمێ و قەڵادزێن، کەس و کاریان باس لەوە دەکەن تەنها تاوانی ئەوان ئەوەیە کە کۆڵبەر بوون و هیچ پەیوەندییان بە سیخوڕییەوە نەبووە. 

 

تۆمەتی بەشێک لەو کەسانەی لە سێدارەدراون ئەوەیە کە کەلوپەلی دروستکردنی جۆرێک چەکیان گواستووەتەوە کە پێشتر موحسین فەخریزادە، زانای ئەتۆمیی ئێرانی لە ساڵی 2020 لە تارانی پێ تیرۆر کراوە. 


بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی فارس، نزیک لە سوپای پاسداران، هێزە ئەمنیی و ئیتلاعاتییەکان لە 13ـی 6ـی 2025 تاوەکوو 12 ڕۆژ دواتر 700 کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی لە هەموو ئێراندا دەستگیر کردوون، کە 126 کەسیان خەڵکی پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

ڕێبین ڕەحمانی، لە بەڕێوەبەرانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، کە بنکەکەی لە پاریسی فەرەنسایە، بە (نیو ڕیجن)ـی گوت: بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و نەبوونی پەیوەندی بە کەسوکاری دەستگیرکراوەکانەوە، ئامارێکی وردی دەستگیرکراوەکان لەبەردەستدا نییە، بەڵام دەتوانین بڵێین بە سەدان کەس بە تۆمەتی بانگەشە دژی دەسەڵات یان سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەستگیر کراون.

مەسعوود کوردپوور، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی لە شاری بۆکان بە (نیو ڕیجن)ـی گوت: پێشتریش خەڵک هەر دەستگیر کراون، بەڵام ئێستا شەڕێک ڕووی داوە و بۆ پاساودانەوەی شکستەکان و دۆخی خراپی ئێستا، خەڵکێکی زۆریان گرتووە و دۆخەکە زیاتر ئەمنیی بووەتەوە.

بارودۆخی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان: 

دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بوونی بزووتنەوەیەکی سیاسی، حیزبە دژبەرە چەکدارەکان، هەڵکەوتەی جوگرافی، هەڵاواردن و پشتگوێخراویی ئابووریی جیاوازترە و تاران بەرامبەر هەستیارتر دەجووڵێتەوە.

 

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕۆژی 25ـی 6ـی 2025 لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری 3 بەرپرسی ئێرانییەوە بڵاویکردەوە؛ دەسەڵاتی ئێران ئێستا تەرکیزی خستووەتە سەر ئەو ناوچانەی کە مەترسیی سەرهەڵدانیان تێدا بەدی دەکرێت، بۆ نموونە ناوچە کوردییەکان.

کاوە بەهرامی، بەرپرسی ناوەندی هێزی پێشمەرگەی حزبی دیموکرات، گوتی: دەسەڵاتی ئێران دەستی بە ڕەشبگیری کردووە بۆ ئەوەی خەڵک چاوترسێن بکات و سەرهەڵدان ڕوو نەدات؛ بەڵام ئەگەر دۆخێک بێتە ئاراوە و سەرهەڵدان ڕوو بدات.

حەمید بەهرامی، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هانا" پێی وایە: ترس لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی جەماوەری و ڕاپەڕینی خەڵک، دەسەڵاتدارانی ئێرانی ترساندووە و بۆ پێشگرتن لە هەر جۆرە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانێک، چالاکانی مەدەنی و خەڵکانی ناسراو ڕاپێچی زیندان دەکات.

مەسعود کوردپوور بۆچوونێکی دیکەی هەیە و پێی وایە لە کەشی ڕەشبگیر و ئەمنییدا زەحمەتە سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی ڕوو بدات. بەڵام لە داهاتوودا ئەگەر حکومەت لاوازتر ببێت و دەسەڵاتی خۆی لە دەست بدات، دەکرێت ناڕەزایەتیی بێتە ئاراوە.

ڕێبین ڕەحمانی، چالاکوان دەڵێت: ئەو چالاکی و جوڵانەوەی ئێستاش هەیە بەرەبەرە ئەوەش نامێنێت، بەهۆی سەپاندنی کەشی ترساندنەوە ئەمەش دوای چەند ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، لە زۆربەی شارەکانیش خاڵی پشکنین دانراوە، هێزە ئەمنییەکان گومان لە هەر کەسێک بکەن دەستگیری دەکەن. 

بە گوتەی کوردپەروەر، دەسەڵاتدارانی ئێران لەسەر ڕێگەیەکی دوو ئاراستەی وەستاون، ئەگەر سیاسەتی پێشووی درێژە پێبدات تاوەکو ئێستا بووە و گەر هاتوو بەردەوام بوو کێشەی گەورەتری بۆ دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو قەیرانەی تێپەڕاند بوار بۆ هەندێک لایەنی ڕیفۆرمخواز دروست دەبێت کە بێنە مەیدانەکەوە. 

 

هەندێک کەس کە ترسیان لەوە هەیە دەسەڵاتدارانی ئێران سیاسەتی تۆقاندنی زیاتر پەیڕەو بکەن، بۆیە مەترسی ئەوە هەیە ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون سزای قورسی وەکو لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنرێت.

حەمید بەهرامی گوتی، ئەگەر هاتوو دەسەڵات لە ئێران لاوازبوو، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانن بە پشتگیریی حیزبە کوردییەکان ڕاپەڕین بکەن، هەر بۆیە دەسەڵات هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خستووەتە ئامادەباشییەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ