نێچیرڤان بارزانی و ئەعرەجی جەخت لە هەماهەنگیی ئەمنی و سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەنەوە

شەیری بکە لە:
نێچیرڤان بارزانی و ئەعرەجی جەخت لە هەماهەنگیی ئەمنی و سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەنەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان - قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاڤا نیوز

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاریی ئەمنیی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران دەکەنەوە.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کرد و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانیان تاوتوێ کرد.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی هەردوو نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش ئامادەی بوو، جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاریی ئەمنیی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە کرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.

لە هەمان کاتدا: باسیان لە گرنگیی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان کرد و پابەندبوونی خۆیان بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان دووپات کردەوە.

یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان، بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی کە لەم چوارچێوەیەدا هەڵوێستی هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیا و پێویستیی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە خرایە ڕوو.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر سیاسەتی دوورخستنەوەی عێراق لە کێشە و ململانێکانی ناوچەکە و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی وڵاتدا. لە کۆتاییدا، جەختیان لەسەر بەردەوامیی پەیوەندی و گفتوگۆکان کردەوە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشێکی بەردەوام.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەمڕۆ سێشەممە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ڕایگەیاند لەسەر ڕاسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێری کردووە بۆ پتەوکردنی هەماهەنگیی ئەمنی و سیاسیی نێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیە هاوبەشەکان.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ