ئەو ئۆتۆمبێلەی منداڵێکی 13 ساڵ شۆفێری پێدەکرد دەستی بەسەردا گیرا

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر دوای بەدواداچوون و وەرگرتنی زانیاری دروست، دەستی بەسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندگرۆزەردا گرت کە منداڵێکی تەمەن 13 ساڵ شۆفێری پێدەکرد.

بابەتەتی سەرەکی: دوای ئەوەی لە یەکێک لە شەقامەکانی هەولێر منداڵێکی تەمەن 13 ساڵ شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندگرۆزەر دەکات، لەلایەن خەڵکەوە وێنە و ڤیدیۆی ئۆتۆمبێلەکە دەگیرێت و بۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر دەنێردرێت، هاتووچۆی هەولێریش دەست بە بەدواداچوون لەوبارەیەوە دەکات.

لێدوانی فەرمی: عەقید هێمن ئەمین، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: ئەمڕۆ 9-7-2025، دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گیرا و نووسراو بۆ دادوەر کراوە، بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر منداڵەکە و باوکی بگیرێتەبەر.

- بەگوێرەی ماددەی 21 بڕگەی 2ی یاسای هاتووچۆ، هەر کەسێک ئۆتۆمبێل بدات بە منداڵی خوار تەمەنی یاسایی تا شۆفێری پێ بکات، ئەوا ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، واتە هەم خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە و هەم منداڵەکە بە بەندکران و پێبژاردن سزا دەدرێن.

- سزای پێبژاردن لە 100 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە 150 هەزار دینار زیاتر نەبێت، سزای بەندکردنیش لە مانگێک کەمتر نەبێت و لە شەش مانگ زیاتر نەبێت، سەرەڕای ئەوەش بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ دەسەڵاتی هەیە بۆ ماوەی 30 ڕۆژ ئۆتۆمبێلەکە دەست بەسەر بکات.

شەیری بکە لە: