سوودانی: بەردەوامین لە هێشتنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەت

شەیری بکە لە:
سوودانی: بەردەوامین لە هێشتنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەت

کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ هۆزێکی نەجەف

ئاڤا نیوز

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، هێشتنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەت یەکێکە لە بنەماکانی دەوڵەتسازی و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات حکومەت بەپێی پلانێک بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بەردەوامە.

لێدوانی ڕۆژنامەوانی: محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی سەردانێکیدا بۆ میوانخانەیەکی هۆزێک لە ناحیەی حەیدەرییە لە پارێزگای نەجەف ڕایگەیاند: دەوڵەت بە دامەزراوە فەرمییەکانییەوە بەرپرسە لە بڕیاری ئاشتی یان شەڕ یان پەیوەندییە دەرەکییەکان، جەختیشیکردەوە حکومەت کاردەکات بۆ پشتیوانیکردنی دەوڵەت و سەروەرییەکەی لەڕێگەی ڕێزگرتن لە یاسا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕێگەنەدان بە هیچ لایەنێک موزایەدە لەسەر بنەما و نەگۆڕەکانی سەروەریی یاسا بکات.

لەهەمان کاتدا: سوودانی ئاماژەی بەوەدا، بەرنامەی حکومەتەکەی هاوتایە لەگەڵ ئەو بنەمایانەی کە مەرجەعییەتی باڵا ڕایگەیاندووە، ئەولەویەت بۆ پشتیوانیکردنی دەوڵەت و سەروەرییەکەیەتی، لەگەڵ پابەندبوون بە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و عێراقییەکان و ڕێگەنەدان بەوەی وڵات ببێتە بەشێک لە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێکان.

ئەوەی لەوبارەیەوە دەگوترێت: پێشتر موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە 4ـی تەممووزی 2025 داوای ڕادەستکردنی چەک بە دەوڵەت و "هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی" کردبوو، هەروەها جەختی لەسەر بەهێزکردنی سوپا و پۆلیس و سەربەخۆیی عێراق و دوورکەوتنەوە لە پاشکۆیەتی کردبووەوە. ئەم هەڵوێستە هاوکات بوو لەگەڵ بانگەوازی عەبدولمەهدی کەربەلائی، نوێنەری مەرجەعییەتی باڵای ئایینی، لە 2ـی تەممووزی 2025، بۆ هێشتنەوەی چەک بە دەستی دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

لە بەرامبەردا: هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان، وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا، ڕادەستکردنی چەکەکانیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند کە ئەم داوایە گوزارشت لە ئیرادەی گەلی عێراق ناکات. لە ڕاگەیێنراوێکیشدا جەختیان کردەوە کە چەکەکانیان ڕادەست ناکەن و ئاماژەیان بەوەدا کە ئەم هەڵوێستەیان لە چوارچێوەی ڕەتکردنەوەی فشارە دەرەکییەکاندایە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: