برایەکی ئۆجەلان لەبارەی چەکدانانی پەکەکە قسە بۆ ئاڤا دەکات: زۆر دڵخۆشین، هەنگاوێکی گرنگ بوو

شەیری بکە لە:
برایەکی ئۆجەلان لەبارەی چەکدانانی پەکەکە قسە بۆ ئاڤا دەکات: زۆر دڵخۆشین، هەنگاوێکی گرنگ بوو

دیمەنی چەند گەریلایەکی پەکەکە. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

برایەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێت، ئەمڕۆ بۆ مێژووی کورد ڕۆژێکی گرنگە و ئەم هەنگاوە پیرۆز دەکەین. هاوکات برایەکی دیکەیشی لەسەر پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە ڕایگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا هەنگاوێکی گرنگە و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە.

چیرۆکی سەرەکی: پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بە کردەیی ئەمڕۆ هەینی 2025-07-11، کەوتە بواری جێبەجێکردن، ئەمەش دوای ئەوەی 30 گەریلای پەکەکە، 15 کچ و 15 کوڕ، چواریان لەسەر ئاستی سەرکردایەتی، لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان لە کورەیەکدا سووتاند.

لێدوانی فەرمی: محەممەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ من لەوێ نەبووم و ئێستا لە گوندم، بەڵام پرۆسەکەمان زۆر لا باشە و کەیفخۆشین. ئەوەی گرنگە ئەم پرۆسەیە لە بەرژەوەندی هەمووان تەواو بێت. چارەسەری بەبێ ئاشتی دروست نابێت". 

لەبارەی سەردانی خانەوادەیی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، محەممەد ئۆجەلان دەڵێت: "هیچ وادەیەک دیارینەکراوە بۆ سەردانیکردنی زیندانی ئیمرالی".

لەلایەکی دیکەوە: عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری تورکیا لەسەر لیستی دەم پارتی کە برایەکی دیکەی ئۆجەلانە،  تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، "لە مێژووی تێکۆشانی ئازادی، چارەسەری و دیموکراسیدا لاپەڕەیەکی نوێ کرایەوە. بە تێکۆشانی 50 ساڵە و بە ڕێبەرایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەرگایەکی نوێ کرایەوە. بەخێربێت، بۆ بەرەوپێشبردن و پاراستنی دەستکەوتەکان، وردە وردە خەبات و تێکۆشان و ڕێکخستنکاری دەبێت".

باکگراوند: پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دوای ئەوە هات مانگی شوباتی ئەمساڵ، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە نامەیەکدا داوای لە ڕێکخستنەکان کرد خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان دابنێن.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ