ئاڤا زانیاریی ورد و تایبەت لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی بڵاو دەکاتەوە

شەیری بکە لە:
ئاڤا زانیاریی ورد و تایبەت لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی بڵاو دەکاتەوە

گرافیکی پرۆسەی ئاشتی

ئاڤا نیوز

ئاڤا میدیا بەداواچوونی بۆ دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا کردووە، ئەمڕۆ پەرلەمان چووە نێو پشووی هاوینە و کارەکانی ڕاگرت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاڤا میدیا ئەو کۆمیسیۆنەی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی پێکدەهێنرێت ناچێتە پشووەوە و بەردەوام دەبێت لە کارەکانی، لەبەرئەوەی ئەم مانگە کار لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ نووسینەوەی یاداشتی داوکارییەکانی پارتەکان پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی دەکرێت. 

وێنە گەورەکە: دوای چەکدانانی یەکەم گرووپی پەکەکە لە 11ـی تەمموز، چاوەکان لەسەر پەرلەمانی تورکیان و قۆناغی نوێی پرۆسەی ئاشتی دەچێتە پەرلەمان، ئاڤا زانیوویەتی، ئێستا پارتە سیاسییەکان ڕێککەوتوون و لیژنەکە پێکهێنراوە، لێرە بەدواوە شەڕی مافە دەستوورییەکانی کورد لە پەرلەمانی تورکیا دەکرێت.

ئەندامانی لیژنەکە بەرپرسیارییەتی گەورەیان دەکەوێتە ئەستۆ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشووتر گوتویەتی لیژنەکە بەرپرسیارییەتی گەورە و قورسیان دەبێت، تورکیا بەرەو قۆناغێکی نوێ دەچێت.

لێدوانی فەرمی: محەمەد کەماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی بە ئاڤای ڕاگەیاند، لە 2025-10-01 یاداشتی داواکارییەکان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێت و دەخرێتە دەنگدانەوە.

لیژنەکە لە چەند پەرلەمانتار پێکدێت و پارتەکان چەند ئەندامیان دەبێت؟

محەممەد کەماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: لیژنەکە لە 40 بۆ 45 ئەندام پێکدێت، جگە لە ئیی پارتی، پێنج پارتی سیاسی تورکیا کە فراکسیۆنیان هەیە لە کۆمیسیۆنەکە بەشدارن، ژمارەی ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە بەم جۆرە دابەش کراون:

ئاکپارتی 13 ئەندام، جەهەپە 7 ئەندام، مەهەپە 3، دەم پارتی 3، پارتی ڕێگەی نوێ و پارتی ئایندە و سەرجەم پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەر یەکە و یەک ئەندامییان لەو کۆمیسیۆنە دەبێت.

کۆمیسیۆن کەی دەست بە کارەکانی دەکات؟

ئەمڕۆ پەرلەمانی تورکیا چووە پشووی هاوینە، بەڵام کۆمیسیۆن ناچێتە پشووەوە و لە کارەکانی خۆی بەردەوام دەبێت، لەم ماوەیەدا سەرجەم ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە یاداشتانمەی تایبەت بە داواکارییەکانی ڕێکخستنەوەی یاسایی ئامادە دەکەن، هەر پارتێک و داواکاری خۆی تایبەت بە پرۆسەکە ئامادە دەکات، لە کۆتایی دا سەرجەم داواکارییەکانی کۆمیسیۆنەکە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا دەکرێت.

کۆمیسیۆنەکە کار لەسەر ئەم پرسانە دەکات

ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە کار لەسەر ڕێکخستنەوەی یاسای تیرۆر، چۆنییەتی بەیاسا ڕێکخستنی چارەنووسی ئەو چەکدارانەی پەکەکە کە چەکەکانیان دادەنێن، سەرکردە و چەکدارانی پەکەکە چۆن ڕێگەیان پی دەدرێت بگەڕێنەوە ناو شار و لەگەڵ خەڵک تێکەڵ بن.

پرسی دانانی قەیوم لە شوێنی سەرۆکشارەوانییەکانی دەم پارتی، گەڕانەوەی شارەوانییەکان بۆ دەم پارتی.

ئازدکردنی زیندانیانی سەر بە دەم پارتی و هەدەپەی پێشوو کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.

لەو ماوەیەدا کار لەسەر ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسێکداغ و بەندکراوانی دۆسیەی کۆبانێ دەکرێت.

لە 2025-10-01 دەنگدان دەستپێدەکات

محەمەد کەماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی بە ئاڤا میدیای گوت: دوای ئەوە پشووی پەرلەمان کۆتایی دێت و لیژنەکەش ئامادەکارییەکانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی تەواو دەکات، لە 2025-10-01 دەنگدان لەسەر یاداشتی داوکارییەکانی لیژنەکە لە پەرلەمانی تورکیا دەستپێدەکات، کەماچ ئەوەشی گوت کە "هیچ کێشەیەک لە دەنگدان لەسەر خاڵەکانی یاداشتەکە دروست نابێت، لەبەرئەوەی پێشوەختە بە ڕێککەوتن کاری لەسەر دەکرێت"

کام پارتە لە پەرلەمانی تورکیا دژی پرۆسەکەیە؟

ئیی پارتی، بە تایبەت موساڤات دارڤیشئۆغلو کە سەرۆکی پارتەکەیە هەر لەسەرەتاوە دژایەتی پرۆسەکە دەکات و گوتی" من لەگەڵ ئەو پرۆسەیە نیم"، تەنانەت پێشوازی لە شاندی دەم پارتی نەکرد، ئێستا لە پەرلەمانی تورکیا دژایەتی خۆی ڕاگەیاندووە و هیچ ئەندامێکی لەو کۆمیسیۆنەش نابێت.

لەلایەکی دیکەوە: ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بەر لەوەی کۆمیسیۆنەکە کارەکانی دەستپێبکات، لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکان کۆدەبێتەوە و زانیاری و وردەکارییان پێدەدات، ئەمڕۆش لەگەل دەم پارتی و ئاکپارتی کۆدەبێتەوە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ