بەهۆی شەڕەوە نرخی کیلۆیەک هەنگوین لە غەززە گەیشتووەتە 100 دۆلار

شەیری بکە لە:
بەهۆی شەڕەوە نرخی کیلۆیەک هەنگوین لە غەززە گەیشتووەتە 100 دۆلار

هەنگەوانێک لە کەرتی غەززە

ئاڤا نیوز


بەهۆی جەنگ و بارودۆخی نالەباری غەززەوە، مەترسیی لەناوچوون لەسەر هەنگ و کەرتی هەنگەوانی دروست بووە.


چیرۆکی سەرەکی: بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، بەشێکی زۆری کێڵگەکانی بەخێوکردنی هەنگ لەناوچوون و زیانێکی زۆر بە هەنگەوانەکان گەیشتووە. هەنگەوانەکان بەهۆی جەنگ و لەناوچوونی کەلوپەلەکانیانەوە، ناتوانن درێژە بە کاری هەنگەوانی بدەن.


لێدوانی فەرمی: ئەمیر لوتفی عید، یەکێک لە هەنگەوانەکان، لەبارەی هێرشەکان و لەناوچوونی پوورەی هەنگەکانییەوە دەڵێت: "ئیسرائیل سەرەڕای هێرشکردنە سەر کێڵگەکانی بەخێوکردنی هەنگ، ڕووبەرە سەوزاییەکانیشی کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی لەناوبردنی ژینگە و خاکی بەپیتی غەززە."


ئەمیر لوتفی گوتیشی، "بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە کێڵگەکەم لەناوچوو، بەڵام توانیم پاش هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بەشێکی بچووکی دروست بکەمەوە."


ئەو دەشڵێت، "جگە لە بەئامانجگرتن و کوشتنی هەنگەکان، تەنانەت بەهۆی دووکەڵی بۆردوومانەکانیشەوە هەنگەکان پوورەکانیان جێدەهێڵن و کۆچ دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی لەناوچوونی بەرهەمهێنانی هەنگوین."


لەلایەکی دیکەوە: تۆڕی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی فەڵەستین (PINGO) ڕایگەیاندووە، لە کۆی 30 هەزار پوورەی هەنگ، 27 هەزاریان لەناوچوون، کە دەکاتە زیاتر لە 90%ی پوورەکانی کەرتی غەززە. هاوکات 97%ی ئەو ڕووبەرە سەوزاییانەی کە بە سەرچاوەی سەرەکیی خۆراکی هەنگەکان دادەنران، لەناوچوون.


زانیاریی زیاتر: جەنگ نرخی کیسێک شەکری لە غەززە گەیاندووەتە هەزار دۆلار. هەنگوینی سپی کە پێش جەنگ نرخەکەی 24 دۆلار بوو، ئێستا نرخی یەک کیلۆی نزیکەی 100 دۆلارە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: