عێراق بە تووندی ئیدانەی لێدوانەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە "ئیسرائیلی گەورە" دەکات

شەیری بکە لە:
عێراق بە تووندی ئیدانەی لێدوانەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە "ئیسرائیلی گەورە" دەکات

لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و نەخشەی ئیسرائیلی گەورە. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا بە تووندترین شێوە ئیدانەی ئەو لێدوانانەی کرد کە لەلایەن ئیسرائیلەوە سەبارەت بە "دیدگای ئیسرائیلی گەورە" دەرکراون، و ڕایگەیاند کە ئەمە چاوتێبڕینە فراوانخوازییەکانی ئاشکرا دەکات و هەوڵێکە بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.

چیرۆکی سەرەکی: بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵی 24ـی ئیسرائیلدا سەبارەت بەوەی هەست دەکات بە نوێنەرایەتیی لە خەڵکی جوولەکە چ بەرپرسیارێتییەکی لە ئەستۆیە، گوتی: من هەست دەکەم لە ئەرکێکی مێژووییدام و باوەڕم بە پڕۆژە و ئامانجی ئیسرائیلی گەورە هەیە، بە قووڵی پێیەوە پابەندم.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: لەڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە: "عێراق پێیوایە ئەم لێدوانانە بە وروژاندنێکی زەقی سەروەریی وڵاتان و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێت، ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستێکی ڕوون و یەکلاکەرەوەی عەرەبی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە سیاسەتانە."

زانیاریی زیاتر: وەزارەتی دەرەوە جەختیشی کردەوە "ئەم کردەوانە، کە هاوشانن لەگەڵ گوتارێکی سیاسی کە لەسەر بنەمای فراوانخوازی و لکاندن دامەزراوە، پێویستیان بە جووڵەیەکی کاریگەر هەیە بۆ دانانی سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکانی داگیرکەر و ڕاگرتنی سیاسەتی دەربازبوون لە سزا."

ئەوەی پێویستە بیزانیت: چەمکی 'ئیسرائیلی گەورە' لە دوای شەڕی ساڵی 1967ـەوە بەکار برا و مەبەست لێی خاکی ئیسرائیلە لەگەڵ ئەو شوێنانی دیکە کە ئیسرائیل لەو شەڕەدا داگیری کردوون کە بریتی بوون لە ڕۆژهەڵاتی قودس، کەرتی خۆرئاوا، کەرتی غەززە، نیمچەدوورگەی سینا و بەرزاییەکانی جۆلان. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: