محەممەد تەمیم: بەپێی ڕێککەوتن ویلایەتی پارێزگاری کەرکووک کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت

شەیری بکە لە:
محەممەد تەمیم: بەپێی ڕێککەوتن ویلایەتی پارێزگاری کەرکووک کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبێت

وێنەی ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک و باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە

ئاڤا نیوز

سەرکردەی دیاری پێکهاتەی عەرەب لە پارێزگای کەرکووک لەسەر لیستی پارتی "تەقەدووم"، وادەی کۆتاییهاتنی پۆستی پارێزگاری ئێستای کەرکووکی ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە کە بەپێی ڕێککەوتنی سیاسیی واژۆکراوە، ویلایەتی ڕێبوار تەها لە شەوی 31ی کانوونی یەکەمی 2025 کۆتایی دێت.

وێنە گەورەکە: بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان لایەنە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەی هۆتێل ڕەشیدی بەغدا، ڕێبوار تەها، وەک پارێزگاری کەرکووک، بۆ ماوەی ساڵێک و چوار مانگ و محەممەد حافز لە کوتلەی عەرەبی وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە هەڵبژێردران.

پەیامی فەرمی: محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق و سەرکردە لە پارتی تەقەدوم، لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، وەڵامی لێدوانێکی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دایەوە کە نکۆڵی لە بوونی بنەمای "ئاڵوگۆڕی پۆستەکان" کردبوو.

- ناوبراو ڕایگەیاند: "ئەو بەڵگەنامەیەی ڕێککەوتنەکە کە واژۆ کراوە، جەخت لەسەر ئەو بنەمایە دەکاتەوە. من دڵنیام کە ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا یان بەڵگەنامەکەی نەبینیوە یان ڕاستییەکان پشتگوێ دەخات."

- هاوکات ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتنەکە لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، واژۆ کراوە و تێیدا بە ڕوونی باس لە ئاڵوگۆڕکردنی پۆستە سەرەکییەکانی کەرکووک لەنێوان پێکهاتەکاندا دەکات.

لە کۆتاییدا محەممەد تەمیم دووپاتی کردەوە: "ئەم ڕێککەوتنە بۆ هەموو ئەو لایەنانە ئاشکرایە کە بەشدارییان لە حکومەتی کەرکووکدا کردووە، تەنانەت ئەوانەش کە بەشدار نین ئاگاداری وردەکارییەکانین. بۆیە پێویست بە موزایەدەی سیاسی و نمایشکردنی هێز ناکات، چونکە ڕێککەوتنێکە و لەلایەن هێزە سیاسییە بەشداربووەکانی پرۆسەی سیاسییەوە گەرەنتی کراوە."

باکگراوند: شەوی 2024-8-10، لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بە بەشداریی نۆ ئەندام (پێنج یەکێتی، سێ عەرەب و یەک کۆتای مەسیحی) ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە و پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردران. لە کۆبوونەوەکەدا حەوت ئەندام (سێ عەرەب، دوو تورکمان و دوو پارتی) ئامادەنەبوون.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: