بۆچی سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگیرێن؟

بۆچی سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگیرێن؟

 

وا چاوەڕوان دەکرا هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بۆ ساڵێک یان چەند ساڵی داهاتوو درێژە بکێشێت؛ ئەمەش لەبەر هۆکارەکانی وەک نادیاریی داهاتووی سیاسیی سووریا و گومانەکانی هەندێک لایەن لەسەر سەرکردایەتیی نوێی سووریا یان نیگەرانییەکانی هێزەکانی وەک ئیسرائیل.

 

ئەمریکا لە هەڵوەشاندنەوەی سزاکان پەلە ناکات، نموونەی ئەمەش ئەو ڕێکەوتنەیە کە لەگەڵ تاڵیبان واژووی کرد، بەڵام چوار ساڵە هێشتا ئەفغانستان لەژێر سزای ئابووریدایە. جگە لەمەش، تەنانەت لەناو ئیدارەی واشنتۆنیشدا جیاوازیی ڕا لەسەر هەڵوەشاندنەوە یان بەردەوامیی سزاکانی سەر سووریا هەیە. 

 

بۆیە کورتترین و کاریگەرترین ڕێگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکان، داواکردنی ڕاستەوخۆ لە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕێگەی هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو واتە سعودییەوە بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، حکومەتی ئەحمەد شەرع، دەبێت هەنگاوی تەواوکەر و پێویست بگرێتەبەر، وەک دڵنیایی زیاتر دەربارەی کۆنتڕۆڵکردنی هێزە ناوخۆییەکان، پاراستنی پێکهاتەکان و خەبات لە دژی بیرکردنەوەی تووندڕەو بە شێوەیەکی جددییتر، چونکە بڵاوبوونەوەی تووندڕەوی دەسەڵاتی خودی شەرعیش دەخاتە مەترسییەوە، ئەگەر ڕووبەڕووی نەبێتەوە.

 

ئەوانەی دژی هەڵوەشاندنەوەی سزاکانن پێیان وایە سیستەمی نوێی سووریا لە پۆلێنی گرووپە تیرۆریستەکاندایە و دەبێت بۆ سەلماندنی پێچەوانەکەی هەوڵ بدات. واشنتنیش مەرجی دیاری کردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی نوێ، ئەو پێنج مەرجانەی کە ترامپ دوای دیداری لەگەڵ شەرع بەم شێوەیە ئاماژەی پێیان کرد:

-دەرکردنی جەنگاوەرانی بیانی لە خاکی سووریا.
-یارمەتیدان لە خەباتی دژ بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.
-دەرکردنی ڕێکخراوە فەلەستینیەکان.
-دەستبەسەرداگرتنی بەڕێوەبردنی گرتووخانەکانی چەکدارانی داعش.
-دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.

 

بەڵام بەر لەوەی بکەوینە باسی ئەگەری جێبەجێبوونی ئەم مەرجانە بۆ حکومەتەکەی شەرع، ئەم پرسیارە دێتە پێش: بۆچی وەک ترامپ گوتی دەبێت "دەرفەت" بە حکومەتی نوێی سووریا بدرێت؟

 

یەکەم، شەرع و سیستەمەکەی ئێستا واقیعێکی جێگیرکراون کە هەمووان دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. لە ناوچەکەدا، نموونەی هاوشێوەی دیکەش هەن وەک ئەو سیستەمانەی کە هاوکاری چالاکیان لەگەڵ میلیشیاکاندا هەیە. بۆیە بە گوێرەی واقیعەکە گۆڕینی سیستەمی ئێستای سووریا چیدیکە لە بەرنامەکاندا نییە و گەڕانەوەش بۆ جەنگ ڕەتکراوەیە. گەلی سووریاش شایستەی ئەوەن لە تۆنێلی تاریکی بێنە دەر.

 

دووەم، دوورخستنەوەی کاریگەرییەکانی ئێران لە سووریا بە ئەنجامێکی گەورە و مێژوویی دادەنرێت. ئەم گۆڕانکارییە نەک هەر ڕێڕەوی داهاتووی سووریا، بەڵکو داهاتووی هەموو ناوچەکەش دەگۆڕێت. ئەم گۆڕانکارییە توانیویەتی باکووری عەرەبی واتە سووریا، لوبنان و فەلەستین ئازاد بکات. خۆ ئەگەر دەستتێوەردانی تاران لە دیمەشق وەک پێشتر بوایە، ئەوا ڕەنگە گۆڕانکاری لە دۆخە کۆنەکە ڕووی نەدایە.

 لێرەوەیە کە لاوازکردنی حکومەتی ئێستای سووریا، چ بەهۆی پشێویی ناوخۆیی یان بەهۆی لاوازییەوە، دەتوانێت ڕێگای گەڕانەوەی کاریگەریی ئێران جارێکی دیکە خۆش بکات.

 

سێیەم، ئەگەر دەرکەوت کە دیمەشق بەڵێنەکانی جێبەجێنەکردووە، ئەوا گەڕاندنەوەی سزاکان ئاسانترە لە هەڵوەشاندنەوەیان. بەپێچەوانەوە، هەڵنەوەشاندنەوەیان دەبێتە هۆی هاندانی یاخیبوون و ئاژاوە، یان دیمەشق بەرەو لایەنەکانی دیکە پاڵ پێوەدەنێت و ئەم جۆرە گۆڕانکارییە دەتوانێت مایەی گرژیی نوێ بێت لە ناوچەکەدا. 

 

چوارەم، ئێستا ئیسرائیل ڕێکخەری هاوسەنگیی سەربازی و ئەمنییە لە ناوچەکەدا. ناکرێت دیمەشق لەگەڵ کابوڵ و حکومەتی شەرعیش لەگەڵ حکومەتی تاڵیبان بەراورد بکرێت. سووریا لە دراوسێیەتی ڕاستەوخۆی ئیسرائیلدایە و هەمان شت وایکردووە کە ئەوەی لە سووریادا ڕوودەدات لەژێر چاودێری ئیسرائیلدا بێت.

ئێستا ئێسرائیل نەک هەر لە لوبنان، بەڵکو لە سەرانسەری ناوچەکەدا هێڵی سووری دیاری دەکات بۆ جۆری چەکەکان، مەودای بەرەکان و شوێنی جێگیربوونی هێزەکان. ئیسرائیل، بە شێوەیەکی نافەرمی، دڵنیاکەرەوەی جێبەجێکردنی هەندێک پێوەری ئەمنی لە ناوچەکەدا بووە و لوبنانی ئەمڕۆ نموونەیەکی ژێر ئەندازیاریی ئەمنیی ئیسرائیلە.

 

بۆیە، لە نێوان ڕازیبوون بەو واقیعەی ئێستا هەیە و ترسی گەڕانەوەی پشێوی و کاریگەریی ئێران لە سووریا، بژاردەی عەقڵانی بۆ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و هەرێمی ئەوەیە کە دەرفەت بە حکومەتی دیمەشق بدرێت تا ئەم وڵاتە وێرانکراوە بگەڕێنێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی. وڵاتانیش مافی ئەوەیان هەیە مەرجەکانیان بۆ ئاسایشی سووریا و دڵنیاکردنەوەی ئاسایشی تەواوی ناوچەکە پێشکەش بکەن. سووریا لە دڵی ناوچەی قەیراندایە و ئەگەر بە حاڵی خۆی بهێڵدرێتەوە، بە دڵنیاییەوە دەبێتە ئاژاوە و بێسەروبەری. لە ئەم جۆرە بارودۆخەدا، پێدانی دەرفەتێک، تەنانەت ئەگەر مەترسیشی لەگەڵدا بێت، بژاردەیەکی گونجاوترە.

 

هاوکاریی ئەمڕۆی عەرەبی لەگەڵ دیمەشق باشترە لە هەوڵدان بۆ چاککردنەوەی بارودۆخەکە لە داهاتوودا. ئەگەر دوای ساڵێک یان دوو ساڵی دیکە هەوڵی چاککردنەوە بدەین، ئەو کاتە قەرەبووکردنەوەی ئەم شکستە سەختتر دەبێت. لە گۆڕانکارییەکانی دوای کەوتنی بەشار ئەسەدەوە لە حەوتی دیسامبەری ڕابردوو، دەتوانین بڵێین کە حکومەتی شەرع لە بوارە جیاجیاکاندا ویستی هاوکاری نیشان داوە و بەرەو کراوەیی سیاسی هەنگاوی ناوە. لەگەڵ ئەوەشدا، چاوەڕوانییە نێودەولەتییەکان لەو هەنگاوانەی کە تا ئێستا نراون، زیاترن.

 

لە کاتێکدا مەرجەکانی واشنتن لە ڕواڵەتدا شەرمەزارکەر دیارن، بەڵام لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندی دیمەشقدان. دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە خاکی سووریا پێداویستییەکی بنەڕەتییە کە دەبێت هەر سیستەمێک کە دەسەڵات لە دەستدایە هەوڵی جێبەجێکردنی بدات. خەباتکردن لە دژی تیرۆریزمیش پابەندبوونێکی نێودەوڵەتییە. لە بارەی گروپە فەلەستینییەکانی ناو سووریاش دەبێت بڵێین کە زۆربەی ئەم گروپانە پاشماوەی دڵسۆزی ڕژێمی پێشوون و لە ڕابردوودا ئامێری دەستی بەشار ئەسەد بوون لە لوبنان بۆ فشار خستنەسەر وڵاتانی عەرەب. هەڵبەتە، بزووتنەوەی حەماس بەو شێوەیە نەبوو و پەیوەندی لەگەڵ سووریا نەبوو. 

 

وا دیارە شەرع، ئەگەر لە دەسەڵاتدا جێگیر بێت، خۆی بیەوێت ئەم گرووپانە لە سووریا دەربکات، دروست وەک ئەوەی ئوردون کردی و لوبنانیش ئەم ڕۆژانە سەرقاڵی هەمان کارە. 

 

سەبارەت بە مەرجی دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەبێت ئەوە بە بیرمان بێنینەوە کە خودی ئەحمەد شەرع و وەزیرەکانی پێش ترەمپ چەندین جار ئامادەیی خۆیان بۆ ئەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئاشتیی عەرەبی دەربڕیوە. لە کاتێکدا هێشتا نیگەرانییەکان ماون، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ناوچەکە توانای گرتنەخۆ و گۆڕانکاریی هەیە. ئەم بژاردەیەش باشترە لەوەی سووریا بکرێتە قوربانیی ئاژاوەیەک کە لە کۆتاییدا ئاگرەکەی هەمووان دەگرێتەوە.

 

چاوەڕێ دەکرێت حکومەتی دیمەشقیش لەم دەرفەتە تێبگات و خۆی لە گرژییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە ئاڵۆزەکانەوە بەدوور بگرێت. لە ڕاستیشدا، سەرۆک شەرع چەندین جار لە قسەکانیدا ئاماژەی بە کرانەوە بە ڕووی هەمووان و ویستی بۆ جەختکردنە سەر گەشەسەندن و پێشکەوتن کردووەتەوە. 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: