ئێران لەنێوان دوو بەرداشی دانوستاندنکردن و نەکردندا

شەیری بکە لە:
ئێران لەنێوان دوو بەرداشی دانوستاندنکردن و نەکردندا

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران وردەوردە هەندێ لە ناوەرۆکی نامەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران دەدرکێنن، کە بە خۆپارێزییەوە تاڕادەیەک هیوایان پێی هەیە بگەنە ڕێککەوتن.

لێدوانە فەرمییەکان:

عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران، رۆژی هەینی لە ڕێپێوانی رۆژی قودس کە هەموو ساڵێک لە دوایین هەینی مانگی ڕەمەزان بۆ پشتگیری لە فەڵەستین بەڕێوە دەچێت، گوتی: "ئینشائەڵا بە ئاکام دەگەین و هیوام بەم دانوستاندنە لەگەڵ ئەمریکادا هەیە".

محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، گوتوویەتی: نامەکەی ترەمپ چوار دۆسیەی بەرەی موقاومە و گرووپەکان، حەشدی شەعبی، مووشەکە بالیستیکەکان و دۆسیەی ئەتۆمیی لەخۆگرتووە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی هەینی گوتی: نامەکەی ترەمپ "ڕەهەندی جیاوازی هەیە، بەشێکی هەڕەشەیە، بەڵام هاوکات هەوڵدراوە دەرەچەیەک بۆ دیپلۆماسیش بکاتەوە."

عەلی شەمخانی، سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای نیشتمانیی ئێران، ڕۆژی هەینی گوتی: "وەڵامەکەی ئێران وەڵامێک بوو دان بە خۆداگرتنی تێدا بەدی دەکرێت."

بەڵام هێشتا لە ئێرانەوە دەنگێکی هاوبەش بۆ دانوستاندن نابیسترێت. محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕۆژی هەینی لە پەیوەندیی لەگەڵ نامەکەی ترەمپدا گوتی: "هەڵەیە ئەگەر دووجار شتێک ئەزموون بکەیت. مەبەستی ئەمریکا لە دانوستاندن چەکداماڵینی ئێرانە."

سیاسەتی دانوستاندن لە رێگەی ناوبژیوان

ئێران رۆژی هەینی لە ڕێگەی وڵاتی عومانەوە وەڵامی نامەکەی دۆناڵد ترەمپی، سەرۆککۆماری ئەمریکای دایەوە. کەچی ئەمریکا لە ڕێگەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییەوە نامەی بۆ ئێران ناردبوو.

ئیمارات یەکێک لەو وڵاتانەیە لە چوارچێوەی پرۆژەی ڕێککەوتنی ئیبراهیمدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە. واپێدەچێت هەر ئەمە هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی ئێران وەڵامی نامەکەی لە ڕێگەی عومانەوە بنێرێتەوە، واتە جۆرێک ناڕەزایەتی و دەربڕینی پێناخۆشبوون بە سیاسەتی ئیمارات.

لە لایەکی دیکەوە: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی 2025-03-28 گوتی: مەسقەت پێشتر رۆڵی ناوبژیوانی گێڕاوەو "ئێمە ئەزموونی باشمان" لەگەڵیدا هەیە.

ئەو دانوستاندن و گفتوگۆیانەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2025ـی لێکەوتەوە، بە ناوبژیوانی عومان دەستیان پێکرد. وڵاتی عومان چەندین جاری دیکەش ڕۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا گێڕاوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵی 2012، لە سەردەمی سەرۆکایەتی مەحموود ئەحمەدینەژاددا خولێکی دانوستاندنی نهێنی بە ناوبژیوانی عومان دەستپێکرد و ساڵی 2015 ڕێککەوتنی ئەتۆمی لێکەوتەوە.

رێکەوتنی ئەتۆمی کۆتایی بە 12 ساڵ کێشە وئاڵۆزی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایی هێنا و دەرگای وەبەرهێنانی گەورەی لە ئێراندا کردەوە و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان وەک ئەیرباس و بوئینگ و تۆتاڵی فەرەنسی لە ئێراندا وەبەرهێنانیان کرد.

ئەمە موژدەی ئەوەی دەدا کە ئابووری ئێران گەشە دەکات، لە دوو ساڵی دواتریشدا هەر وابوو، ئێرانیش لە بەرامبەردا وازی لە بەشێکی گەورەی بەرنامە ئەتۆمییەکانی هێنا و بەرنامە موشەکییەکانی سنووردار کردەوە.

سەرئێشەی ترەمپ بۆ ئێران

هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2016 هەموو ڕیسەکەی ئێرانی کردەوە خوری. ترەمپ ساڵی 2018 لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و ئەوپەڕی گوشارە ئابوورییەکانی خستەوە سەر ئێران.

دۆڕانی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020 پەنجەرەی هیوایەک بوو بەڕووی ئێراندا کرایەوە. حکومەتی حەسەن ڕووحانی کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ باراک ئۆباما واژۆ کردبوو، هیوادار بوو جارێکی دیکە لەگەڵ جۆ بایدن، براوەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ڕێککەوێتەوە.

بەڵام ئەمجارە بارودۆخ زۆر ئەستەم بوو. باڵە بناژۆخوازەکانی ئێران دژی رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بوون. پەرلەمانی ئێران، کە زۆرینە نەریتخواز بوون، ساڵی 2021 پرۆژە یاسایەکی پەسند کرد کە بە کردەوە دەرفەتی دانوستاندنێکی دیکی لەبار برد.

ساڵی 2024 کە کۆی دەسەڵات لە ئێران بە دەست نەریتخوازەکانەوە بوو، حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی پەردەی لەسەر خولێکی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا و دیسان بە ناوبژیوانی عومان هەڵدایەوە. بە گیان لەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی ئەو دانوستانەش ڕاوەستا.

هاتنەوە سەرکاری دۆناڵد ترەمپ بۆ جاری دووەم بابەتێکی جێی پەسندی کۆماری ئیسلامی نەبوو. بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای ساڵی 2020ـدا قاسم سلێمانی، فەرماندەی لقی قودسی سوپای پاسداران لە عێراق کوژرا. ئەو کەسایەتی جێی متمانەی رێبەری ئێران و بەرپرسی سیاسەتی ئێران لە ناوچەدا بوو.

 

شەیری بکە لە: