ئاڤا بەدواداچوون بۆ بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە کوردستان دەکات

شەیری بکە لە:
ئاڤا بەدواداچوون بۆ بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە کوردستان دەکات

دیمەنێک لە میدانی ئاژەڵانی هەولێر، وێنە: محەممەد شوانی

ئاڤا نیوز


هەرچەندە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ مرۆڤێک تووشی تای خوێنبەربوون نەبووە، بەڵام گومان دەکرێت ڤایرۆسەکە لەنێو ئاژەڵان بڵاوبووبێتەوە، بەهۆی مەترسییە زۆرەکانی نەخۆشییەکەش، بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان زۆر سست بووە. بەپێی بەدواداچوونی ئاڤاش لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر ئاژەڵانی نەخۆش بە 20%ی نرخەکەیان دەفرۆشرێن و دوای سەربڕینیان گۆشتەکەیان لە بازاڕ ساغ دەکرێتەوە.


وێنە گەورەکە: تای خوێنبەربوون ڤایرۆسێکە لەڕێگەی ئاژەڵەوە تووشی مرۆڤ دەبێت. لە عێراق بڵاوبووەتەوە و تاوەکو ئێستا وەزارەتی تەندروستی  تووشبوونی 19 کەسی پشتڕاست کردووەتەوە. لەو ژمارەیەش دوو کەسیان گیانیان لەدەست داوە. تۆمارکردنی 19 توشبووش لەماوەی هەفتەیەکدا وەک زەنگێکی مەترسیدار لەقەڵەم دەدرێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە هەرێمی کوردستان ڕێکاری تووند بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گیراونەتەوەبەر، هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ مرۆڤێکی تووشبوو تۆمار نەکراوە، بەڵام گومان دەکرێت ڤایرۆسەکە لەنێو ئاژەڵان بڵاوبووبێتەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی زۆری لەسەر بازاڕی ئاژەڵان داناوە.

ئاژەڵانی نەخۆش سەردەبڕێن و گۆشتەکەیان دەفرۆشرێت


ئاڤا میدیا لە هەولێر بەدواداچوونی کردووە، دەرکەوتووە هەندێک لە ئاژەڵفرۆشەکان  ئەو ئاژەڵانەی گومان دەکەن پەتاکەیان گرتبێت یان تووشی هەر نەخۆشییەکی دیکە بووبن، بە نرخێکی کەمتر لە نرخی خۆیان لە مەیدانی ئاژەڵان دەیفرۆشن، لەوێش یان لە شوێنی دیکە و لە دەرەوەی سەربڕخانەکان سەردەبڕێن و گۆشتەکەیان لە بازاڕ و چێشتخانەکان ساغ دەکرێتەوە.

کاسبکارێک لە بازاڕێکی میلی شاری هەولێر کە نەیویستووە ناوەکەی بهێنرێت و بە ڤیدیۆ قسەی بۆ ئاڤا کردووە، دەڵێت: "من وردەکاری ئەم بابەتە دەزانم کە ئاژەڵانی نەخۆش سەردەبڕێن و گۆشتەکەیان دەفرۆشرێت. ڕۆژانە ئاژەڵی نەخۆش دەهێنرێنە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر و دەفرۆشرێن، ئینجا چ ئەوانەی گومان دەکرێت تووشی تای خوێنبەربوون بوون، چ نەخۆشییەکی دیکە بێت.

 ئاژەڵی نەخۆش بە 20٪ی نرخەکەیان دەفرۆشرێن

نرخی ئاژەڵانی نەخۆش زۆر هەرزانترە لە نرخی ڕاستەقینەی خۆیان، بۆ نموونە ئاژەڵێک کە نرخی ئاسایی لەنێوان دوو بۆ سێ ملیۆن دینارە، کاتێک تووشی نەخۆشی دەبێت بە 500 بۆ 600 هەزار دینار لە مەیدانی ئاژەڵان دەفرۆشرێت.
 

وەک ئەو کاسبکارە باسی دەکات کە بەڵگەی لایە گۆشتی ئاژەڵی نەخۆش لە مارکێت و بازاڕەکان بە نرخی کەمتر ساغ دەکرێتەوە، ئاژەڵەکان دوور لە ڕێمانیی تەندروستی هەر لە مەیدانی ئاژەڵان یان شوێنێکی دیکە سەردەبڕێن. ئەو بە نموونەیەک بەڵگە بۆ قسەکانی دەهێنێتەوە و دەڵێت: کیلۆیەک گۆشتی نەرمەی گۆلکی ساغ بە 18 هەزار دینارە، بەڵام کیلۆیەک گۆشتی گۆلکی نەخۆش لە بازاڕەکان بە 12 هەزار دینار دەفرۆشرێت، نەوەک تەنها لە بازاڕەکان، بەڵکو لە بەشێکی مارکێتەکانیش لەژێر ناوی داشکاندن گۆشتی ئاژەڵانی نەخۆش بە نرخێکی کەمتر دەفرۆشرێت.

داواکارییەک لە حکومەتەوە بۆ خەڵک

مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری هەولێر بۆ ئاڤا دەڵێت: لە ڕێگەی تیمەکانمانەوە بەردەوام ڕشاندن دەکەین بۆ کێڵگەکانی ئاژەڵ و مەیدانی ئاژەڵ، ئەمە جگە لەوەی لێژنەکانمان بە هەماهەنگی لێژنەکانی قایمقامیەتی هەولێر بەردەوام چاودێرین بەسەر بازاڕەکان، هەر شوێنێکیش بزانین  گۆشتی ئاژەڵی نەخۆش ساغ دەکاتەوە، دەستی بەسەردا دەگرین و لەناوی دەبەین، شوێنەکەش سزا دەدەین". 


بەڕێوەبەری ڤێتێرنەری هەولێر داوا لە هاونیشتمانیان دەکات بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا لەم پەتاییە بەدوور بن، تاوەکو تەواو لە گۆشتێک دڵنیا نەبن و مۆری کوشتارگەی پێوەنەبێت نەیکڕن.

تای خوێنبەربوون 80%ی بازاڕی ئاژەڵانی ڕاگرتووە

نەخۆشی تای خوێنبەربوون کاریگەری لەسەر بازاڕی ئاژەڵان داناوە، محەممەد عەبدولرەحمان، بەرپرسی هۆبەی کشتوکاڵ لە مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر بە ئاڤای گوت، بەهۆی ئەم پەتایە نرخی ئاژەڵ دانەبەزیوە، بەڵام 80%ی بازاڕی ڕاگرتووە.

سستبوونی بازاڕ زیانێکی زۆری لە خاوەن ئاژەڵەکان داوە بەتایبەت ئەو ئاژەڵدارانەی کاری ئاژەڵی گۆشت دەکەن، چونکە تێچووی ڕۆژانەی بەخێوکردنی ئاژەڵی دابەستە زۆرە.

تای خوێنبەربوون چۆن تووشی ئاژەڵ دەبێت و بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە؟

ئاژەڵ لەڕێگەی گەنە کە قڕنە و پندیشی پێ دەڵێن تووش دەبێت،
لە ڕێگەی خواردنی گۆشتەکەیەوە یان بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەکەڵە ئەگەری گواستنەوەی بۆ مرۆڤ هەیە.

ئاژەڵان لە وەرزی بەهار و هاوین زیاتر تووشی گەنە دەبن، کە زیندەوەرێکی بچووکە و لەڕێگەی مژینی خوێنی ئاژەڵەکەوە ڤایرۆسەکەی بۆ دەگوازێتەوە.


نیشانەکانی تای خوێنبەربوون لەسەر ئاژەڵ چین؟

د.مامەند محەممەد، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری هەولێر دەڵێت: یەکێک لە نیشانە سەرەکیەکانی تووشبوونی ئاژەڵ بە تای خوێنبەربوون کە هەر ئەو نیشانەش هەیە تاوەکو ئێستا نیشانەی تر نییە، گەنەیە یان قڕەنەشی پێ دەڵێن، لە هەندێک شوێنیش پێی ئەڵێن پند.

بۆیە پێویستە هەر ئاژەڵدارێک هەستی کرد ئاژەڵەکانی تووشی گەنە یان قڕنە بووە، پێویستە لەم مانگەدا هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی ڤێتێرنەری بکات و دەرمان و چارەسەریان لێ وەربگرێت.

هەڵمەتێکی یەک مانگە ڕادەگەیێنرێت

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتەکانی تەندروستی و کشتوکاڵەوە هەڵمەتێکی یەک مانگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە ڕادەگەیێنێت.

هەڵمەتەکە کوتانی ئاژەڵان و شووشتنیان دەگرێتەوە، لە 30-4 دەستپێدەکات و تاوەکو 30-5 بەردەوام دەبێت. کوتانی ئاژەڵ لەڕێگەی دەرزییەکەوە دەبێت کە دژە مشەخۆرە، دەرمانێکی دیکەش بە ئاژەڵداران دەدرێت بۆ شووشتنی ئاژەڵەکانیان. هەردوو دەرمانەکە بەخۆڕایی بە ئاژەڵداران دەدرێن.

ئاژەڵانی بیانی کەرەنتین دەکرێن


ڕێکارێکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگریکردن لە بڵابوونەوەی نەخۆشییەکە کەرەنتینەکردنی ئەو ئاژەڵانەیە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، تیمەکانی تەندروستی لە سنوورەکان تاوەکو دڵنیانەبنەوە کە ئاژەڵەکان سەلامەتن و تووشی تای خوێنبەربوون یان هیچ نەخۆشییەکی دیکە نەبوون، ڕێگە بە هاوردەکردنیان نادرێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ