
نەخشەی بەشێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زێڕ. گرافیک؛ ئاڤا میدیا
ئاڤا نیوز
چالاکوانانی ژینگە لە پارێزگاکانی سنە و ورمێ هەڵمەتێکیان بۆ راگرتنی هەڵکۆڵینی کانەکانی زێڕی ناوچەکانیان دەستپێکردووە کە پێیان وایە دەبنە هۆی لەنێوچوونی ژینگە و لێکەوتەی زیانباری زۆریان لەسەر ژیان و تەندروستی خەڵک دەبێت.
وێنە گەورەکە: بەشێک لە کانە زێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی ئاوڕێژی باشووری کوردستان هەڵکەوتوون و لێکەوتەی زیانباریان بۆ باشووری کوردستانیش دەبێت، بۆ نموونە زێی بچووک، پارێزگاکانی سنە و ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی ئێراندا سەرچاوەیەکی گەورەی زێڕن و تەنیا لە پێنج کان مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 330 تۆن زێڕی خاڵسیان تێدا بێت، زۆر شوێنی دیکەش لەو دوو پارێزگایەدا هەن کە هێشتا دەرهێنانی زێڕ تێیاندا دەستی پێنەکردووە.
هاونیشتمانییەکی خەڵکی گوندی قوڵقوڵە، کە تازە کانێکی زێڕی تێدا هەڵکۆڵراوە، دەڵێت: دوای دەستبەکاربوونی کانەکە 5 کەسی گوندەکەیان تووشی شێرپەنجە بوون. پەرلەمانتارێکی شاری قوروەش پشتڕاستی کردووەتەوە لە گوندێکی نزیک کانە زێڕێکی ناوچەکەیان خەڵکێکی زۆر تووشی شێرپەنجە بوون.
زانیاریی زیاتر: بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران، یەدەگی زێڕی خاڵسی ئەو وڵاتە نزیکەی 800 تۆنە و لە پلەی 18ـەیەمی وڵاتانی جیهان دایە.
لێدوانی فەرمی: کامەران حوسێنی، پسپۆڕ لە بواری کانەکان و ژینگە، لە توێژینەوەیەکی تایبەتدا کە کۆپییەکی لای ئاڤایە، دەڵێت: کانە زێڕەکان دەبنە هۆی تەشەنەسەندنی شێرپەنجە و نەخۆشییە بۆماوەییەکان، لەنێوچوونی فرەچەشنی ژینگەیی و داهاتی گوندنشینەکان و کشتوکاڵ، لەنێوچوونی خاکی ناوچەکە، وشککردنی سەرچاوەکانی ئاو، پیسبوونی هەوا، لە مەترسی کەوتنی ژیانی گیاندارە ئاوییەکان و لەنێچوونی گژوگیا.
بەگوتەی عەزیز مەرزی؛ زێڕ لەنێو خاکدا تێکەڵە لەگەڵ 17 جۆری دیکەی ماددەی کانزایی کە زۆربەیان ئەگەر لێک جیا بکرێنەوە، ژەهراوی دەبن، بۆ نموونە قورقوشم، ئاسنیک، جیوە.
عەزیز مەرزی باس لەوە دەکات، ئەو خاکەی لە کانەکانەوە دەیهێنن بۆ کارگەکانی جیاکردنەوەی زێڕ، بۆ جیاکردنەوەی کەڵک لە ماددەی کیمیاوی وەردەگرن، پاشماوەی پڕۆسەی جیاکردنەوە لە بەنداوەکانی پاشماوەی ماددە کانزاییەکان رایدەگرن، لە درێژماوەدا دزە دەکەن نێو خاک و ئاو و لەم رێگەیەشەوە بۆ نێو جەستەی خەڵک دەگوازرێتەوە و ئەمەش مەترسی بۆ سەر دانیشتوانی ناوچەیەکی بەربڵاو دروست دەکات.
دانیشتوویەکی گوندی قوڵقوڵە دەڵێت: دوای لێدانی کانی زێڕ 5 کەسی خەڵکی گوندەکەمان تووشی شێرپەنجە بوون و گیانیان لەدەستداوە.
ئەو دەڵێت، 150 مێش هەنگوینم هەبووە، بەڵام 30 دانەم بۆ ماوەتەوە و قەرەبوویان نەکردووینەتەوە، گەرچی سکاڵامان بردە لای قایمقامەتی شاری سەقزیش، بەڵام کەس وەڵامی نەداینەوە.
بەنداوی پاشماوەی ماددە کانزانییەکان مەترسی دیکەشیان هەیە. بۆ نموونە لە مانگی مارسی ساڵ 2000 لە وڵاتی ڕۆمانیا بەهۆی بارینی بەفر و بارانی زۆرەوە، بەنداوی پاشماوەی ماددە کانزاییەکانی کانگای زێڕی بایاماری شکا و 100 هەزار مەترسێجا ئاوی ژەهراوی بە ماددەی سیانور ڕژایە سەرچاوە ئاوییەکانی دانوب. بەم هۆیەوە زیندەوەرە ئاوییەکان لەنێوچوون و سەرچاوەی ئاوی 2 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە خەڵکی هەنگاریا ژەهراوی بوو.
بەشێک لە سەرچاوە ئاوییەکانی باشووری کوردستانیش لەو ناوچەیەوە سەرچاوە دەگرن و هەڵکۆڵینی کانە زێڕەکانی کاریگەری و لێکەوتەی زیانباری لەسەر ئەوانەش دەبێت، بۆ نموونە زێی بچووک کە ئاوەکەی لە پیرانشار و سەردەشتەوە سەرچاوە دەگرێت و ئاوەکەی دەچێتە بەنداوی دوکان.
کامەران حوسێنی دەڵێت: لە ناوچەکانی ئاغەرە و زەڕشۆران، دوو کانی زێڕی سەر بە شاری تیکاب لە پارێزگای ورمێ، بەردەوام ژینگەیەکی زیاتر پیس دەبێت و شێرپەنجە لە هەڵکشان دایە.
ئەو وەک نموونە باس لە منداڵێکی تەمەن 2 ساڵ لە گوندی یەنگی کەند دەکات، کە تووشی شێرپەنجە بووە و نەشتەرگەریی چاندنەوەی مۆخی ئێسکی بۆ کراوە.
محەممەدڕەسوڵ شێخی زادە، نوێنەری شارەکانی قوروە و دێولان سەر بە پارێزگای سنە، رۆژی 19.05.2024 گوتی: "لە یەکێک لە گوندەکانی سەربە شاری قوروە کە 50 خێزانی لێ دەژیت، بەهۆی چالاکی کانی زێڕەوە ئاوی گوندەکە ژەهراوی بووە و 23 کەس بەم هۆیەوە تووشی شێرپەنجە بوون."
بەرپرسان لە پارێزگاکانی سنە و ورمێ دەڵێن، کانگا زێڕەکان یارمەتی بە پەرەسەندن و گەشانەوەی ئابوورییان دەکات و هەلیکار بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڕەخسێنێت.
زۆر جاران خەڵکی گوندەکانی نزیک لە کانەکانی ساریگۆنی، زەڕشۆران و ئاغەرە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە هەلیکار لەو شوێنانەدا بەوان نادرێت و لایەنە بەرپرسەکان خەڵک شوێنی دیکەیان تێدا دادەمەزرێنن.
ناڕەزایەتی خەڵک سەرکوت کرا و زۆر کەسیش دەستگیر کران، بۆ نموونە ناڕەزایەتی هاوینی ساڵی 2024 لە کانی زێڕی ئاغەرە کە ژمارەیەکیان دادگایی کران و دواتر سزای قورسیان بەسەردا سەپێنرا.
کەمپەینی ڕاگرتنی چالاکی کانەکان
بۆ ڕێگری لە خراپتربوونی بارودۆخی ناوچەکە کەمپەینێک دەستی پێکردووە، بۆ ئەوەی بەرپرسەکان رازی بکەن کۆتایی بە هەڵکۆڵینی کانە زێڕەکان و چالاکی کارگەکانی جیاکردنەوەی زێڕ لە ناوچەکانیان بێنن.
ئەو کەمپەینە لەسەر دەستی هیوا حوسێنی، مامۆستای پێشووی زانکۆی کوردستان لە سنە و شارەزای ئابووری خەڵکی شاری سەقز دەستیپێکرد و ئێستا هەزاران کەس پشتیوانییان لێکردووە.
ئەو دەڵێت: کانگای زێڕی سەقز مەترسی بۆ سەر ژیانی سەدان هەزار کەس دروستکردووە، لەوانە خەڵکی شارەکانی سەقز، بۆکان، سایین قەڵا، میاندواو و تەنانەت گەورەشاری تەورێز کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئاوی بۆ دەچێت.
ئەو دامودەزگا حکومییەکان تۆمەتبار دەکات کە مۆڵەتی نازانستییان بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری زێڕ داوە، بەتایبەت رێکخراوی پاراستنی ژینگە کە هەموو کانگایەک بۆ چالاکی دەبێت مۆڵەت لەو وەربگرێت.
هیوا حوسێنی حکومەتیش تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تەنیا کارگەی جیاکردنەوەی زێڕی داناوە، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە خۆڵی کانی زێڕ دەبێت 99%ـی فڕێ بدرێت و خاکە فڕێدراوەکەش ژەهراوییە.
بەشی زۆری بەرهەمی کانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانەوە دەبرێتە کارگەکانی دەرەوەی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
زێڕ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پارێزگاکانی سنە و ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە زێڕن. لە پارێزگای سنە لە دوو شوێن زێڕ دەردەهێنرێت، کانی قوڵقوڵە لە سەقز 8 تۆن زێڕی تەواوی تێدایە و مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 100 تۆنیش بێت. لە کانی ساریگۆنی قوروە یەدەگی زێڕی تەواو 20 تۆنە و مەزەندە دەکرێت 50 تۆنیش بێت.
لە پارێزگای ورمێ لە سێ کان زێڕ دەردەهێنرێت، زەڕشۆران لە تیکاب 155 تۆن زێڕی تەواوی تێدایە، کانی ئاغەرە هەر لە تیکاب 15 تاوەکو 20 تۆن زێڕی هەیە و لە کانی باریکایێ لە سەردەشتیش زیاتر لە 7 تۆن زێڕی تەواو هەیە.
لە زۆر لە ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکانی ورمێ و سنەدا کانی زێڕ هەیە، بەڵام هێشتا وەبەرهێنانیان تێدا نەکراوە. لە ناوچەی بانەدا دوو کانی زێڕ هەیە و ئامادەکاریی دەکرێت پرۆسەی دەرهێنانی زێڕ لەوانیشدا دەستپێبکرێت.
حامد ئەسراری، بەرپرسی رێکخراوی ژینگەپارێزیی پاژینی بانە، بە ئاڤای گوت: ئەوانیش وەک چالاکوانانی ژینگەی بانە لە هەوڵدان ڕێگری لە وەبەرهێنان لەو کانە زێڕانەدا بکەن و خەڵکی ناوچەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە دژایەتی هەڵکۆڵینی کانە زێڕەکان بکەن.
ئەو ناوچە بە زێڕ دەوڵەمەندە ناوچەیەکی بەربڵاوی جوگرافی لەنێوان شارەکانی دیواندەرە، بانە، سەقز، بۆکان، مەهاباد، سەردەشت، شنۆ و پیرانشار دەگرێتەوە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- هەواڵ
- 6 کاتژمێر لەمەوپێش
عێراق لەبارەی گەیاندنی هەڕەشەیەکی ترەمپ بۆ ئێران ڕوونکردەوە دەدات
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
بەرشەلۆنە قوتابخانەی وەرزشی لە کوردستان دەکاتەوە
13 کاتژمێر لەمەوپێش
عێراق سێ پارچە شوێنەواری دەگمەنی لە ئەمریکا وەردەگرێتەوە
14 کاتژمێر لەمەوپێش
لە چاکسازی گەورانی سلێمانی دەمانچە دەبرێتە ژوورەوە
22 ئایار
لەسەر وەرگرتنی برنج وەزیرێکی ژاپۆنی دەست لەکاردەکشێتەوە
21 ئایار
نەیزەکێک بەخێرایی بە تەنیشت زەویدا تێدەپەڕێت
21 ئایار