ئاڤا وردەکاریی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی مووچە ئاشکرا دەکات
- هەواڵ
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
ئاڤا نیوز
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی خەرجکردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بڕیاری نەدا، بەڵام لیژنەیەکی پێکهێنا و ڕایسپارد بەخێرایی گفتوگۆ لەگەڵ هەردوو حکومەت بکرێت، پێشنیازی هەردوولا وەربگیرێت، دواتر لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی بدرێت.
چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ سێشممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوەی هەفتانەی کرد، 41 بڕگە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، دوایین بڕگەیان پەیوەست بوو بە پرسی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی نەوت و مووچە.
چی ڕووی دا؟ تاوەکو دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە هیچ بڕگەیەکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە کارنامەی کۆبوونەوەکە نەبووە. ئاڤا زانیویەتی لە سەرەتای کۆبوونەوەکە د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیران بە ناوی وەزیرانی کورد قسەی کردووە و باسی دۆخی کوردستان و بێمووچەیی و خراپی دۆخی خەڵکی کردووە. پێشنیازی کردووە پرسی مووچە و ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بۆ کارنامەی کۆبوونەوەکە زیاد بکرێت، دواتر سوودانی و هەموو وەزیرەکان بە پێشنیازەکە ڕازی بوون، کردوویانەتە بڕگەی کۆتایی.
زانیاریی تایبەت: ئاڤا لە یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە زانیویەتی، سوودانی و تەیف سامی زۆر تووند قسەیان کردووە و وەزیرانی کوردیش وەڵامیان داونەتەوە و گفتوگۆی تووند دروست بووە.
وەزیرانی سوننە و شیعە کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون، هەڵوێستیان دژی هەرێمی کوردستان نەرێنی بووە. لە کۆبووەنەوەکەدا تەنیا وەزیرانی کورد بەرگرییان کردووە و وەزیرانی پارتی و یەکێتی یەکدەنگ بوون، باسی ئەوەیان کردووە دۆخی مووچەخۆرانی کوردستان خراپە و نابێت ئەو دۆخە بەردەوام بێت.
پێشتر بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بە وەزیرانی کوردیان لە بەغدا وتووە، هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ و بە هەر شێوەیەک بێت دەبێت ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەڵامیان بداتەوە چی دەکەن و بەتەمای چین، چونکە چیدیکە ناتوانن قبووڵی ئەوە بکەن کە هەر چاوەڕێ بکەن و هیچ نەکرێت.
بڕیاری فەرمی: لەژێر فشاری وەزیرانی کورد، سوودانی بڕیاری داوە لیژنەیەک پێکبهێنرێت. پێشتریش سوودانی بەڵێنی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دابوو ئەم سێشەممەیە وەڵام بداتەوە.
سوودانی وتوویەتی دەیەوێت لیژنەکە بەخێرایی ڕاپۆرتێک ئامادە بکات و پێشنیازەکانی هەردوولا لەخۆبگرێت. سوودانی وتوویەتی: "لە ماوەی 24 کاتژمێردا کارەکان بکەن من کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕێکدەخەم، ئەگەر لە ماوەی 48 کاتژمێریشدا پێشنیازەکان ئامادە بکرێن ڕۆژیی هەینی کۆبوونەوە ڕێک دەخەم". بەپێی زانیارییەکانی ئاڤاش لەنێوان 48 بۆ 72 کاتژمێر کات بە لیژنەکە دراوە ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن.
لیژنەکە لە پێنج ئەندام پێکهاتووە، وەزیرێکی سوننە سەرۆکایەتی دەکات، دوو وەزیری شیعە و دوو وەزیری کورد ئەندامی لیژنەکەن، بەپێی پێویستیش دەتوانرێت هەر وەزیرێک دابنرێت یان لابدرێت.
سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە ئەمانەن:
٠ محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان و جێگری سەرۆکوەزیران - سوننەیە، لە حیزبی تەقەدووم، سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات.
٠ ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستی - شیعەیە و سەر بە دەوڵەتی یاسای نووری مالیکییە.
٠ د.نەعیم عەبوودی - وەزیری خوێندنی باڵا، شیعەیە و سەر بە قەیس غەز عەلییە.
٠ بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، سەر بە پارتییە.
٠ د.خالید شوانی، وەزیری داد سەر بە یەکێتییە.
هەنگاوی داهاتوو: لیژنەکە لەگەڵ هەردوو حکومەتی کوردستان و حکومەتی عێراق کۆدەبنەوە. شاندی کوردستان هەر لە بەغدا ماوەتەوە و ئاڤا زانیویەتی سبەی چوارشەممە یەکەم کۆبوونەوە دەکەن.
بۆنموونە لەگەڵ وەزیری دارایی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق گفتوگۆ دەکەن، لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەکانی کوردستان و وەزیری نەوتی عێراق کۆدەبنەوە. دواتر ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە دەکەن و ئاراستەی سوودانی دەکەن، سوودانیش کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران ڕێکدەخات بڕیاری لەسەر دەدەن.
ئەوەی پێشبینی دەکرێت: چاوەرێ دەکرێت لیژنەکە پێشنیاز بکات مووچەیەک بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، ئینجا دواتر لەسەر کۆی شتەکان ڕێکبکەون.
لەلایەکی دیکەوە: ئاڤا ئەوەشی زانیوە، سوودانی سوورە بووە لەسەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتەکەی ڕادەست بکات، بڕێکیشی بۆ ناوخۆ بێت کە ڕۆژانە کەمتر بێت لە 50 هەزار بەرمیل.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- هەواڵ
- 25 خولەک لەمەوپێش
یەکەمەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی ئاشکرا دەکرێن
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 55 خولەک لەمەوپێش
ترەمپ: 30 موشەکی تۆماهۆکمان ئاراستەی ئێران کرد
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
عێراق ڕێککەوتنی هاوردەی غاز لە تورکمانستانەوە ڕادەگەیێنێت
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
چەند هەنگاوێک بۆ پاراستنی ڕووخسار لە پیربوونی پێشوەختە
10 کاتژمێر لەمەوپێش
لە ساڵی ڕابردوو سەدان ملیۆن منداڵ لە خوێندن بێبەش بوون
11 کاتژمێر لەمەوپێش
پیسبوونی کەشوهەوای تاران گەیشتە هێڵی سوور
7 تەممووز
ماڵپەڕی JOBS.KRD کارا دەکرێت و گەنجان دەتوانن بە دوای کاردا بگەڕێن
7 تەممووز
شمشێرێکی تەمەن هەزار ساڵی لە ڕووبارێكی هۆڵەندا دەدۆزرێتەوە
6 تەممووز
- هەواڵ
- 25 خولەک لەمەوپێش
یەکەمەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی ئاشکرا دەکرێن
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 55 خولەک لەمەوپێش
ترەمپ: 30 موشەکی تۆماهۆکمان ئاراستەی ئێران کرد
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
عێراق ڕێککەوتنی هاوردەی غاز لە تورکمانستانەوە ڕادەگەیێنێت
- کوردستان
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
قوباد تاڵەبانی: ئەوەی بەغدا داوای دەکات نەهێشتنی هەرێمی کوردستانه