ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی کۆدەبنەوە؛ کورد و دیمەشق دەگەنە ڕێککەوتن؟

شەیری بکە لە:
ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی کۆدەبنەوە؛ کورد و دیمەشق دەگەنە ڕێککەوتن؟

ئەحمەد شەرع،  سەرۆكی سووریا - مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)

ئاڤا نیوز

کەناڵی سووریای نزیک لە ئیدارەی نوێی دیمەشق بڵاویکردەوە، لەماوەیەکی نزیکی داهاتوودا سەرۆککۆماری سووریا و فەرماندەی گشتی هەسەدە بە سەرپەرشتی ئەمریکا و فەرەنسا کۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکەشدا ڕێککەوتنی نێوان کورد و دیمەشق تاوتوێ دەکرێت.

چیرۆکی سەرەکی: 10-3-2025 ئەحمەد شەرع،  سەرۆكی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕێککەوتنێکی مێژووییان واژۆکرد، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەش هەسەدە دەبێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا و دەوڵەتی سووریاش مافەکانی کورد گەرەنتی دەکات.

زانیاریی بەدەستهاتوو: سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کەناڵی سووریای ڕاگەیاندووە، کۆبوونەوەکەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بەئامادەبوونی تۆم باراک نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتنەکەی 10ی ئازار و هەموارکردنەوەی چەند بڕگەیەکی لەسەر داوای هەسەدە و بە ڕەزامەندی واشنتن تاوتوێ دەکرێت، بەتایبەتیش ئەو بڕگەیەی پەیوەستە بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە تا کۆتایی ئەمساڵ و هەموارکردنەوەی چەند بڕگەیەکی دیکەی پەیوەست بە داواکارییەکانی کورد.

هەر بەگوێرەی سەرچاوەکە فەرەنساش دەچێتە پاڵ ئەمریکا بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق و ڕێگریی لە دروسبوونی هەر گرژییەک لەسەر زەمین، هەر لە کۆبوونەوەکەدا پێکەوەکاردنی حکومەتی سووریا، هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داعش تاوتوێ دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە: میدیای ڕۆژئاوای کوردستانیش بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێکی سیاسی و سەربازیی ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی دیمەشقی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی کاتی سووریا کۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکانیشدا ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بەشداریی دەکەن، ئەمریکا و فەرەنساش چاودێری کۆبوونەوەکان دەکەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: