ئیخلاس دلێمی تایبەت بە ئاڤا: هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی شەش خەرج دەکرێت

  • بزنس
  • 1 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

ئیخڵاس دلێمی، بە ئاڤای ڕاگەیاند: ڕێککەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت و داهاتی نانەوتی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا کراوە و هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی شەش خەرج دەکرێت.

چیرۆکی سەرەکی: تاوەکو ئیستا پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خاڵی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدایە، حکومەتی فیدراڵی ناردنی مووچەی پەیوەستکردووە بە دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە و ڕادەستکردنی 120 ملیاری داهاتی نانەوتی، هەموو هەوڵەکانیش بۆ ئەوەن ئەو کێشەیە بە تەواوی چارەسەر بکرێت.

لێدوانی فەرمی: ئیخلاس دلێمی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاڤای ڕاگەیاند: ڕێککەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت و داهاتی نانەوتی کراوە و هەفتەی داهاتوو، مووچەی مانگی شەش خەرج دەکرێت، دواتریش لیستی مووچەخۆران بۆ مانگی حەوت ڕادەستی بەغدا دەکرێت.


پێشتر گرفتی ناردنی نەوت بۆ بەغدا لە نێوان هەردوولا چارەسەر کراوە، تەنیا پرسی داهاتی نانەوتی ڕێککەوتنی لەسەر نەکرابوو ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی داوای پشکی بودجەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی هەرێمەکانی دەکرد، بەڵام ئێستا ئەوەش چارەسەکرا دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم نەرمییەکی زۆری لەمبارەیەوە نواند.

زانیاریی زیاتر: سبەی سێشەممە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکات، چاوەڕوان دەکرێت تەیف سامی ئەو ڕاپۆرتە بخاتە بەردەم سوودانی کە لەلایەن لیژنەکانی هەولێر و بەغدا لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بخرێتە ڕوو، تاوەکو بڕیارێکی لەبارەیەوە بدات، هەموو چاوەکانیش لەسەر ئەوەن لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچە بدرێت. 

 

 

شەیری بکە لە: