گرژییەکانی سلێمانی؛ لە ئاشکراکردنی "کودەتاوە" تا دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی

شەیری بکە لە:
گرژییەکانی سلێمانی؛ لە ئاشکراکردنی "کودەتاوە" تا دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی

دیمەنی تانک لە نزیک لالەزار

ئاڤا نیوز

شەوی پێنجشەممە، شاری سلێمانی بووە گۆڕەپانی چەند ڕووداوێکی دراماتیکی کە بە بڵاوبوونەوەی ژمارەیەکی زۆری هێزە ئەمنییەکان و پێکدادانی چەکداری دەستیپێکرد و لە بەرەبەیاندا بە دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی کۆتایی هات. ڕووداوەکان دوای گەڕانەوەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە سەفەرێکی دەرەوەی وڵات دەستیپێکرد.

زانیاریی تایبەت: بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە چەند سەرچاوەیەکی ناو یەکێتییەوە وەرگیراون، چیرۆکەکە چەند ڕۆژێک پێش گرژییەکان دەستیپێکرد. بافڵ تاڵەبانی لە دەرەوەی وڵات بووە کاتێک زانیاری پێگەیشتووە کە "جموجوڵێکی نائاسایی" لەلایەن هەندێک بەرپرسەوە هەیە. دوای گەڕانەوەی، ڕایگەیاندووە کە هەوڵێکی کودەتا دژی ئەو لە ئارادایە بە مەبەستی لابردنی لە پۆستی سەرۆکی یەکێتی و تەنانەت کوشتنی.

لە وەڵامدا، بافڵ تاڵەبانی دەستبەجێ کەوتەخۆ بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو پلانە. سەردانی هێزەکانی دژە تیرۆر و کۆماندۆی کرد و دۆخەکەی بۆ ڕوون کردنەوە. داوای لێکردوون نمایشێکی سەربازی ئەنجام بدەن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەوڵانە. لەم نێوەندەدا و پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەرەکییەکە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیرکرا، هەرچەندە باس لەوە دەکرێت کە دەستگیرکردنی ناوبراو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پیلانی "کودەتاکەوە" نەبووە. کاتێک پرسیار لە بافڵ تاڵەبانی کراوە لەبارەی دەستگیرکردنی شاسوارەوە، لە وەڵامدا وتوویەتی: "لیستەکە دوور و درێژە."

چی ڕوویدا: ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، دۆخەکە بە خێرایی پەرەی سەند. سەرجەم بازگەکانی شاری سلێمانی داخران و فڕۆکە و درۆن بە ئاسمانی شارەکەدا دەسووڕانەوە، ئەمەش دانیشتووانی تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر کرد. سەرەتا هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش بڵاوەیان پێکرا، بەڵام دواتر هێزی کۆماندۆ، دژە تیرۆر و تەنانەت تانک و چەکی قورسیش هاتنە سەر شەقامەکان و سلێمانیان کردە سەربازگەیەکی کراوە.

دواتر دەرکەوت کە ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکە لاهوور شێخ جەنگییە و هێزەکان لە ناوچەی لالەزار، شوێنی نیشتەجێبوونی کۆبوونەوە. لە بەرامبەردا، لاهور شێخ جەنگی و هێزەکانی کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی.

لێدوانی فەرمی: کاتژمێر 12ـی شەو، لاهوور شێخ جەنگی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئاڤا میدیا ڕایگەیاند: "ئاگام لە هیچ نییە و فەرمانی دەستگیرکردنم بەدەست نەگەیشتووە، تەعەددا لە کەس ناکەم و قبوڵیشی ناکەم، تەسلیمیش نابم."

دوای ئەم لێدوانە، بافڵ تاڵەبانی چەندین جار هەوڵیدا پەیوەندی بە لاهوور بکات. دواجار وەڵامی دایەوە و بەپێی زانیارییەکان، گفتوگۆیەکی تووند لەنێوانیاندا ڕوویداوە و تاڵەبانی داوای لێکردووە خۆی ڕادەست بکات، ئەگینا دەکوژرێت. دوای جنێودان بەیەکتری، پەیوەندییەکە کۆتایی پێهات.

کاتژمێر 03:32 خولەکی بەرەبەیان، یەکەم فیشەک تەقی و شەڕێکی قورس لەنێوان هەردوولادا دەستیپێکرد کە تێیدا هەموو جۆرە چەکێکی قورس وەک تانک، تۆپ و درۆن بەکارهات. پێکدادانەکان تا نزیک کاتژمێر 8ـی بەیانی بەردەوام بوو و دواجار بە دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی کۆتایی هات.

کاریگەریی و لێکەوتەکان: ئەو شەوە، دیمەنی شەقامەکانی سلێمانی زۆر نیگەرانکەر بوو. هاوڵاتیان باسیان لەوە دەکرد کە دۆخەکە لەوە دەچوو لە ناوچەیەکی جەنگدابن نەک لە شارەکەی خۆیان. وەک هەندێک لە شایەتحاڵەکان ئاماژەیان پێکردبوو، "دەتوت لە غەززەین، لە ژیانماندا شتی وامان نەبینیوە."

سەرجەم ئەم جووڵە سەربازییە بە فەرمانی حیزبی بووە و هیچ دەزگایەکی ئەمنی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنانەت وەزیری پێشمەرگەش کە سەر بە یەکێتییە، ئاگاداری نەبوون. ئەم ڕووداوانە وەک لاپەڕەیەکی ڕەش لە مێژووی شاری سلێمانیدا لە ساڵی 2025ـدا تۆمار کرا.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ