دوای هێرشەکەی لالەزار، لیژنەی قەرەبوو بە سەتڵە گەچەوە دەچێتە ماڵان

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

دوابەدوای ئەو هێرشەی هێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کردیانە سەر لالەزار و زیانێکی زۆری ماددی بە ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان گەیاند، میدیاکانی ئەو حیزبە بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی تەواوی زیانلێکەوتووانیان دا. لەگەڵ ئەوەشدا، شێوازی دەستپێکردنی قەرەبووەکە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە، ناڕەزایەتی بەشێک لە هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.

چیرۆکی سەرەکی: دوای هێرشەکەی لالەزار کە بووە هۆی زیان گەیاندن بە ژمارەیەکی زۆر خانووبەرە، دوکان، کافتریا و چێشتخانە، میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە کە "دینار بە دینار" قەرەبووی سەرجەم زیانلێکەوتووان دەکەنەوە و دڵنیاییان دا کە کەس زەرەرمەند نابێت.

چی ڕوویدا: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لیژنەیەک کە لەلایەن یەکێتییەوە بۆ خەمڵاندن و پێدانی قەرەبوو پێکهێنرابوو، سەردانی ئەو ماڵانەیان کرد کە لە هێرشەکەدا زیانیان بەرکەوتبوو. بەگوێرەی قسەی دانیشتووانی ناوچەکە، ئەندامانی لیژنەکە لە دەرگای ماڵەکانیان داوە و ئامانجی خۆیان روونکردووەتەوە کە بۆ قەرەبووکردنەوە هاتوون.

بەڵام، شێوازی قەرەبووەکە مایەی سەرسوڕمانی خەڵک بووە. یەکێک لە دانیشتووان باس لەوە دەکات کە کاتێک دەرگای کردووەتەوە، ئەندامێکی لیژنەکەی بینیوە کە سەتڵێک گەچ و ماڵەیەکی بەدەستەوە بووە و پێی وتووە: "هاتووین کونەکان بگرین" کە مەبەستی پڕکردنەوەی شوێنی فیشەک و پارچەی گولـلە لەسەر دیوارەکان بووە.

کاردانەوەکان: ئەم جۆرەی "قەرەبوو" کاردانەوەی تووندی هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە. هاوڵاتییەکی تر کە جامەکانی پەنجەرەی ماڵەکەی شکابوون، بە تووندی ناڕەزایەتی دەربڕی و بە ئاڤای وت: "کاکە من جامم شکاوە، گەچم بۆ چییە" 

بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە رێگرییان لە لیژنەکە کردووە و پێیان راگەیاندوون کە ئەگەر قەرەبووەکە تەنیا سەتڵێک گەچ بێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەک نایانەوێت و داوایان لێکردوون بگەڕێنەوە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ