لێدوانی نووسینگەی مەلا بەختیار لەبارەی دەنگۆی هەڕەشە لێکردنی لە لایەن بافڵ تاڵەبانییەوە

شەیری بکە لە:
لێدوانی نووسینگەی مەلا بەختیار لەبارەی دەنگۆی هەڕەشە لێکردنی لە لایەن بافڵ تاڵەبانییەوە

مەلا بەختیار، گرافیک؛ ئاڤڤا میدیا

ئاڤا نیوز

چەند ڕۆژێکە لە سۆشیال میدیا قسەیەکی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە کە دەڵێت، لیستەکە دوور و درێژە، کە مەبەست لێی دەستگیرکردن و لێپرسینەوەیە لە بەرپرسانی یەکێتی و دەرەوەی یەکێتی، لە نێویشیاندا ناوی مەلا بەختیار هاتووە، ئاڤا لە ڕێگەی نووسینگەکەیەوە ڕاستی بابەتەکە ڕوون دەکاتەوە.

چیرۆکی سەرەکی: لەدوای دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوخۆی سلێمانی ڕووی لە هەڵکشان کردووە، لەم نێوەندەدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گوتوویەتی "لیستەکە دوور و درێژە"، ئەمەش ئاماژەیەکە بەوەی کە گرتن و لێپرسینەوەکان بەردەوام دەبێت.

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە شێوەیەکی بەربڵاو باس لەوە دەکرێت کە ئەم هەڵمەتە فراوانتر دەبێت و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی یەکێتی دەکاتە ئامانج. لەم چوارچێوەیەدا، ناوی چەند کەسایەتییەکی دیار هێنراوە، لەوانە بەرهەم ساڵح، مەلا بەختیار، و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا.

بەپێی ئەو دەنگۆیانە، گوایە پەیوەندی بەم بەرپرسانەوە کراوە و هەڕەشەیان لێکراوە کە لە ئاست ئەم ڕەوشەدا بێدەنگ بن و هیچ جووڵە و لێدوانێک نەدەن.

بەدواداچوونی ئاڤا: بۆ بەدواداچوونی ئەم زانیاریانە، ئاڤا پەیوەندی بە نووسینگەی مەلا بەختیارەوە کرد. لە وەڵامدا، نووسینگەکەی بە ئاڤای وت، بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری بوونی هیچ تەلەفۆن و پەیامێکی هەڕەشەئامێز نین. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە ئەگەر شتێکی لەو جۆرە ڕووی بدایە، ئەوا بێگومان ئاگادار دەکرانەوە و ڕای گشتییان لێ ئاگادار دەکردەوە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ