ساڵانە دهۆک بۆ بەرهەمی پەتاتە ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات

شەیری بکە لە:
ساڵانە دهۆک بۆ بەرهەمی پەتاتە ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات

دیمەنی زەوییەکی داچێنراو بە پەتاتە لە دهۆک. وێنە؛ KRG

ئاڤا نیوز

ئەگەرچی وشکەساڵی کێشە بۆ بەرهەمی گەنم دروست دەکات، بەڵام بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، وشکەساڵی بۆ بەرهەمی پەتاتە سوودی زۆرە.

وێنە گەورەکە: لەسەر ئاستی کوردستان پارێزگای دهۆک بۆ بەرهەمی پەتاتە ساڵانە ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات. بەجۆرێک توانای دابینکردنی پێداویستی ناوخۆی هەیە و هەزاران تۆنیش هەناردەی شارەکانی عێراق و وڵاتانی جیهان دەکات.

لێدوانی فەرمی: ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە ئاڤا میدیای وت، ئەمساڵ پێشبینی دەکەین 600 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە هەبێت، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو کەمتر لە 430 هەزار تۆن بەرهەممان هەبوو. ئەمساڵ 48 هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە چێنراوە و وشکەساڵی بۆ بەرهەمی پەتاتە سوودی زۆرە. تەنیا لە مانگی شەشی ئەمساڵ 28 هەزار تۆن پەتاتەی دهۆک بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق ڕۆیشتووە. بەڵام لەلایەن بازگەکانی حکومەتی عێراق کێشەی زۆر بۆ جووتیاران دروست دەکرێت.

بەوتەی ئەحمەد جەمیل، لە دهۆک دووجۆر پەتاتە دەچێنرێت، پەتاتە خواردن و پەتاتەی پیشەسازی. ئەوەی لەو پارێزگایە دەچێنرێت بەشی زۆری پەتاتەی خواردنە و خواستی کشتوکاڵ ئەوەیە بەشی زۆری بەرهەم ببێتە پەتاتەی پیشەسازی. چونکە بە خێرایی دەفرۆشرێت. ساڵانە کارگەی (گرین عێراق) نزیکەی 50 هەزار تۆن پەتاتەی دهۆک بۆ چپس وەردەگرێت.

زانیاریی زیاتر: لە دهۆک 126 کۆگای هەڵگرتنی پەتاتە هەیە، ئەو کۆگایانە توانای هەڵگرتنی 500 هەزار تۆن پەتاتەیان هەیە، واتا ئەگەر ساڵێک ڕێژەیەکی کەمی پەتاتەش بفرۆشرێت ئەوەی دەمێنێتەوە بەهەدەر ناچێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ